دواین هەواڵ

کلتور‌

 16/09/2021

ڕۆمانی جگەرەفرۆش

 بەكر شوانی

"جگەرەفرۆش" یەکێک لە ڕۆمانەکانی نووسەر و سیناریۆنووس و ئەکتەری نەمسایی ڕۆبێرت زێتالێرە و ساڵی ٢٠١٢ بە زمانی ئەڵمانی چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

دەرهێنەری نەمسایی نیکۆلاوس لەیتنێر ساڵی ٢٠١٨ ئەم ڕۆمانەی کردووە بە فیلم و ڕۆڵەکانی بەسەر کۆمەڵێک لە ئەکتەرانی بەناوبانگی ئەڵمانی و نەمسایی و سویسراییدا دابەش کردووە. من سەرەتا ڕۆمانەکەم خوێندەوە و پاشان تەماشای فیلمەکەم کرد. وەک خوێنەر و بینەر دەتوانم بڵێم: ڕۆمان و فیلمەکە یەک لە یەک جوانترن.

پوختەی ڕۆمانەکە: فرانتس هوشێلی تەمەن ١٧ ساڵ، ساڵی ١٩٣٧ گوندەکەی خۆیان بەجێ دەهێڵێت و ڕوو لە ڤییەنا دەکات بۆ ئەوەی لای جگەرەفرۆش ئۆتۆ ترسنێک فێری کار ببێت. ترسنێک لە دووکانە بچووکەکەی خۆیدا ڕۆژنامە و جگەرە و کەرەستەکانی جگەرەکێشان دەفرۆشێت. فرانتس بەخێرایی فێری کار دەبێت و لەبەرەوە ئاشنای کڕیار و خووەکانیان دەبێت. د. زیگموند فرۆیدی دامەزرێنەری زانستی شیکاری دەروونی یەکێک لە کڕیارە بەردەوامەکانی دووکانە.

پاش ماوەیەک هاوڕێیەتییەکی بەهێز لە نێوان فرانتسی گەنج و فرۆیدی ٨٢ ساڵەدا دروست دەبێت. ئەم دوو مرۆڤە، سەرباری جیاوازیی گەورەی تەمەن لە نێوانیاندا، کەشێک دەخووڵقێنن کە بتوانن تیادا گفتوگۆ بکەن و بیروڕا بگۆڕنەوە. فرانتس دەیەوێت کتێبەکانی فرۆید بخوێنێتەوە. بەڵام فرۆید هەوڵ دەدات ئەو بیرە لە سەری فرانتس دەربهێنێت و پێشنیاری بۆ دەکات وەک گەنجێک چێژ لە ژیان وەربگرێت و هاوڕێیەکی کچ بۆ خۆی بدۆزێتەوە.

فرانتس هەمان ئێوارە دەکەوێتە خۆ بۆ دۆزینەوەی هاوڕێیەکی کچ و بۆ ئەو مەبەستە ڕوو لە پارکی شاهانەی پراتەری ڤییەنا دەکات و لەوێ کچە سەماکارێکی بۆهیمی بە ناوی ئانێتسکا دەناسێت. پێکەوە سەما دەکەن و دەدوێن. فرانتس شادمان و کەیفسازە، بەڵام کچەکە لەناکاو ون دەبێت و شوێنەرێکی لێ بەجێ نامێنێت. ترسنێک کە لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا لاقێکی پەڕیوە، لەلایەن خاوەنی دووکانی گۆشتفرۆشیی هاوسێیەوە لای گیستاپۆ هەواڵی لێ دەدرێت و لە ئەنجامدا دووکانەکەی تێک دەدرێت بەسەریەکدا و خۆیشی پەلکێش دەکرێت بۆ بنکەی پۆلیسی نهێنیی نازییەکان. فرانتس لەوێ سۆراخی دەکات، بەڵام هیچ سەرەداوێکی دەستگیر نابێت.

پاشان فرانتس ئاگادار دەکرێتەوە گوایە ترسنێک بە وەستانی دڵ مردووە و کەلوپەل و شتومەکانی ترسنێکی بۆ دەنێرن. فرۆید ساڵی ١٩٣٨ بۆ لەندن کۆچ دەکات، ئانێتسکا لەگەڵ ئەفسەرێکی ڕێکخراوی ئێس ئێسی نازیدا دەردەکەوێتەوە و ترسنێکیش لەلایەن گیستاپۆوە کوژراوە.

فرانتسی سەرلێشێواو لە شەودا پانتۆڵە تال دەرلنگەکەی ترسنێک وەک ئاڵا لەبەردەم بنکەی گیستاپۆ هەڵدەدات. ڕۆژی دواتر لەلایەن هێزەکانی گیستاپۆوە دەستگیر دەکرێت و دوای ئەوە نازانرێت چی بەسەرهاتووە! ئانێتسکا سەرلەنوێ لە مانگی ئاداری ساڵی ١٩٤٥دا پەیدا دەبێتەوە. لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بەسەر ڤییەنادا دەسوورێنەوە، ئانێتسکا لەبەردەم دووکانە داخراوەکەی ترسنێکدا ڕادەوەستێت، بەسەر جامخانەی دووکانەکەوە پارچە کاغەزێکی دەستنووسی فرانتس کە ئارەزوویەکی خۆی لەسەر نووسیوە، دەبینێت و لێی دەکاتەوە و دەیبات.

"جگەرەفرۆش" کە چوارەمین ڕۆمانی زێتالێرە، لەپاڵ مێژوودا کار لەسەر چەند بابەتێکی تریش دەکات، بۆ نموونە؛ هاوڕێیەتی، یەکەم دڵداری، هەڵپەکاری، ئازایەتی، سەرلیشێواویی پیاوێکی گەنج و دومنایەتیکردنی جووەکان. "جگەرەفرۆش" ڕۆمانێکی زۆر نایابە و بە پلەی یەکەم بۆ توێژی گەنجان و سەودەسەرانی مێژوو گونجاوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP