دواین هەواڵ

کوردستان‌

 16/09/2021

کڵاوەكانی هاوپەیمانی کوردستان لەتوركیا سوتێندران

هەرێم نیوز

سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی شالپارازی سەر بە پارێزگای تراپزۆنی تورکیا کە سەر بە مەهەپەیە، لەسەر دروستکردنی کڵاو بۆ "هاوپەیمانی کوردستان" کارگەیەکی داخست و کڵاوەکانیشی سوتاند.

بەگوێرەی هەواڵی  میدیا كانی توركیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، تیمەکانی شارەوانی شالپازاڕ هەڵیانکوتایە سەر کارگەیەکی بەرهەمهێنان و چاپکردنی جلوبەرگ و دەستیان بەسەر کارگەکەدا گرتووە، کارگەکە، لە ناوچەی شالپارازی سەر بە پارێزگای تراپزۆنی تورکیایە کڵاوی بۆ لیستی هاوپەیمانیی کوردستان دروستکردووە و کە ئاڵای کوردستانی لەسەر بووە. رەفعەت کروکز، سەرۆکی شارەوانیی شالپازار کە سەر بە بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا "مەهەپە"یە، لەگەڵ تیمەکانی شارەوانی بەسەر کارگەکەیان داداوە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە دەردەکەوێت ژمارەیەکی زۆر لە لۆگۆکانی هاوپەیمانی کوردستان دەسووتێندرێن.

لەبارەی سوتاندنی كڵاوەكانی هاوپەیمانیش رەفعەت کروکز، سەرۆکی شارەوانیی شالپازار، دەڵێت:"ئێرە شالپازارە، ئێمە کولتووری باب و باپیرانمان دەپارێزین. ئێرە وڵاتی راستەقینەی تورکانە. راستە رووداوێک لێرە روویدا، من و هەموو خەڵکی ناوچەکە پێی دڵگران بووین، شارەوانی یەکسەر دەستێوەردانی کرد و سووتاندنی".

دەشڵێت: "ئێمە میللەتی تورکین، سیمبولی کەسانێک کە دەیانەوێت ئێمە پارچە بکەن، نابێت لە ناوچەکەی ئێمە دروست بکرێن. ئێمە کە نەتەوەپەرستی تورکین، نابێت رێگە بە بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە کاڵایانە لێرە بدەین. ئێمە دڵتەنگین بە دروستکردنی لۆگۆیەک کە خزمەتی پەکەکە دەکات". 

ئەوەشی وتوە، ڕێگه‌ نادەن هیچ شتێك ناوی كوردستانی له‌سه‌ربێت‌و له‌وڵاته‌كه‌یاندا دروستبكرێت‌و خزمه‌ت به‌خیانه‌تكاران بكات".

لەلایەكی دیكەوە،عومەر ئۆزدەمیر، خاوەنی کارگەکە ڕاگەیەندراوێکی لەسەر هەڵكوتانە سەر کارگەکەی بڵاوکردوەتەوە و ڕایانگەیاندوە، سەرجەم ئەو کەرستانەی کە ئەوان بۆ لیستەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دروستیان کردوون، لەلایەن شارەوانییەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و پاشان سووتێندراون.

ئۆزدەمیر دەشڵێت:"ئێمە بەپێی مەرجی یاسایی کارەکانی خۆمان دەکەین. داوامان لێکرا کە کەلوپەلی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دروست بکەین، ئێمەش لە چوارچێوەی یاسادا دەستمان بە بەرهەمهێنان کرد. ئەم کارە دەبووە هۆی زیادبوونی هەلی کار لە ناوچەکەمان. سوودی بۆ تورکیاش دەبوو".






Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP