دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 1 هەفتە

هاوردەکردنی تەماتە لە ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە کرا

هەرێم نیوز
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، هاوردەکردنی تەماتە لە ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە کرد، دەشڵێت: تەماتەى پێنجوێن پێداویستى ناوخۆ دابین دەکات.

 وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە، بڕیارێکی دەرکرد و ڕایگەیاند، "لە پێناو بە بازاڕکردنی بەرهەمی تەماتەی جوتیارانی هەرێم، بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی تەماتە لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عیراقەوە دراوە، بەتایبەتیش کە ئێستا وەرزی پێگەیشتنی تەماتەی دەشتی پێنجوێنە."

لە بڕیارەکەدا ئەوەش هاتووە، نووسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی ئیدارەی گەرمیان کراوە و تیایدا داوایان لێدەکات کە بازگەکانیان ئاگاداربکرێنەوە بۆ ئەوەی بەهیچ شێوەیەک رێگە نەرێت تەماتە لە ناوەڕاست و باشوری عێراق هاوردەی هەرێم بکرێت.

ئەوەش خراوەتەڕو، لە ئێستادا وەرزی پێگەیشتنی تەماتەی خۆماڵییە بە تایبەتی تەماتەی پێنجوێن، کە دەتوانرێت پێداویستی ناوخۆ دابین بکات.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، ساڵانە و لە وەرزە جیاوازەکانی کاتی پێگەشتنی بەروبوومە خۆماڵییەکاندا، جوتیارانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم گلەیی لە ساغ نەبوونەوەی بەروبوومەکانیان دەکەن و لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەت بە ئاسانکاریکردن بەهاوردەکردنی بەروبوومی دەرەکی تۆمەتبار دەکەن، بەڵام لە ئێستادا حکومەت رێگری دەکات لە هاتنی تەماتە تاوەکو تەماتەکانی هەرێم ساغببنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP