دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 14/09/2021

کاریگەری خوێ لەسەر گورچیلەکان و دڵ و مێشک و پەستانی خوێن

 ئامادەکردن :ئەرکان عەلی

خوێ کاریگەری دەکاتە سەر گورچیلەکان و بارێک دروستدەکات کە لەش بڕێکی زیاتر ئاو هەڵبگرێت ، ئەم ئاوە زیادەیەی کە لەلەشدا خەزن بووە پەستانی خوێن بەرز دەکاتەوە و شپرزەیی دروستدەکات بۆ گورچیلەکان و خوێنبەرەکان و دڵ و مێشک.

بەشێوەیەکی ئاسایی لەش ئەو فلودە زیادانەی کە پێویست نین دەیانکاتە دەروە لەڕێگەی کاری پاڵاوتنی گورچیلەکانەوە ، لێرەدا هەر ئاو و فلودێکی زیادە هەبێت دەمژرێت و پاڵدەنرێت بۆ میزڵدان و لەوێوە لەڕێگەی میزەوە دەکرێتە دەرەوەی لەش .

بۆ جێبەجێکردنی ئەم کردارە گورچیلەکان کرداری ئۆزمۆزی بەکاردێنن بۆ هێنانە دەرەوەی ئاوی زیادەی ناو خوێن. ئەم پرۆسەیە بە کاری هاوسەنگی وردی سۆدیۆم و پۆتاسیۆم ئەنجامدەدرێت بۆ ڕاکێشانی ئاوی زیادە لە دیواری لوولە خوێنەکانەوە بۆشوێنی کۆبونەوەیان کە کۆتاییەکەی میزڵدانە Bladder. پێکهاتەی خوێ بریتییە لە کلۆریدی سۆدیۆم ، واتە سۆدیۆم پێکهێنەرێکی سەرەکی خوێیە،

بۆیە خواردنی بڕێکی زیاد لە خوێ دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی ڕێژەی سۆدیۆم لە خوێندا بەمەش ئەو هاوسەنگیە وردەی نێوان سۆدیۆم و پۆتاسیۆم تێکدەچێت و توانایی گورچیلەکان کەمدەبێتەوە بۆ کردنە دەرەوەی ئاوی زیادەی ناو خوێن .

لە ئەنجامی ئەمەدا پەستانی خوێن بەرزدەبێتەوە بەهۆی ئەو فلودە زیادەی کە لەخوێندا ماوەتەوە و ئەو خوێ زیادەیەی کە لە لوولە خوێنەکاندایە.

بەتێپەڕبوونی کات ئەو پاشەڕۆ زیادانە کاری گورچیلەکان پەکدەخات و زیان بە گورچیلەکان دەگەیەنێت، بەمەش توانایی گورچیلەکان کەمدەبێتەوە بۆ پاڵاوتنی خوێن و کردنە دەرەوەی ئەو پاشەڕۆ زیادانە و ماددە ژەهرەکان کە لەلەشدایە وە لەدواتردا دەبێتە هۆی کۆبونەوە و کەڵەکەبوونی ئەو ماددە زیانبەخشانە لە لەشدا ، ئەمەش لە دەرئەنجامدا هۆکارە بۆ دروستبونی چەندین کێشە و گرفتی تەندروستی.

ئەگەر نەخۆشی گورچیلەکان چارەسەر نەکرا و پەستانی خوێن نەهێنرایە خوارەوە بۆ باری ئاسایی ئەوا ئەمە لەکۆتایدا هۆکار دەبێت بۆ ڕودانی عجزی گورچیلەکان (Kidney failure) کە حاڵەتێکە تێیدا گورچیلەکان ناتوانن بە تەواوی فرمانی خۆیان جێبەجێ بکەن. ئەو کەسانەی پەستانی خوێنیان بەرزە هەندێکجار پزیشک ڕەچاوی دەرمانە میزپێکەرەکانیان بۆدەکات کە ناسراوە بە diuretic ، ئەم دەرمانە پاڵاوتنی گورچیلەکان زیاددەکات بۆ کردنە دەرەوەی فلودی زیادەی ناو خوێن، لەبەر ئەوەی زیادبونی سۆدیۆم کە لەخوێدا هەیە ئەم میکانیزمە تێکدەدات و لاوازی دەکات،

بۆیە کەم بەکارهێنانی خوێ لەکاتی وەرگرتنی دەرمانە میزپێکەرەکان کاریگەری دەرمانەکە باشتر دەکات. کاریگەری لەسەر خوێنبەرەکان : کاتێک خوێی زیادە بەکارهات و لەخوێندا مایەوە ئەوا ماسولکە بچوکەکانی دیواری خوێنبەرەکان هێز دروستدەکەن و ئەستور دەبن بەمەبەستی ڕزگاربون لەو پێکهاتە زیادانە ، لەئەنجامی ئەمەدا تیرەی ناو خوێنبەرەکان بچوک دەبێتەوە و بەمەش پەستانی خوێن بەرزدەبێتەوە.

ئەم کاریگەریە بە هێواشی و بەتێپەڕبونی ساڵ زیاددەکات و تا وای لێدێت خوێنبەرەکە بتەقێت یان تەسک ببێتەوە ، بەمەش ئۆکسجین و خۆراکە ماددەی پێویست ناگات بە ئەندام و ئۆرگانەکانی لەش و بەمەش ئەندامەکان زیانیان بەردەکەوێت.

کاریگەری بۆ سەر دڵ:

بەرزبونەوەی پەستانی خوێن بەهۆی زیاد بەکارهێنانی خوێ و زیان بەرکەوتن بە خوێنبەرەکان ، لەسەرەتادا هۆکارە بۆ کەم گەیشتنی خوێن بۆ ماسولکەخانەکانی دڵ و لەئەنجامدا زەبحە ڕودەدات (Angina) کە ئازاری سنگ دروستدەبێت بەتایبەت لەکاتی چالاکی. کاتێک ئەم حاڵەتە چارەسەر نەکراو بەردەوام خوێی زیادە وەرگیرا و پەستانی خوێن بە بەرزی مایەوە ئەوا ئەگەری ڕودانی تەقین یان گیرانی خوێنبەرەکان هەیە و لەهەردوو بارەکەدا جەڵتەی دڵ ڕودەدات (ماسولکەخانەکانی دڵ دەمرن بەهۆی نەگەیشتنی ئۆکسجین و خۆراکە ماددە پێیان).

باشترین ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لەم حاڵەتە دابەزاندنی پەستانی خوێنە لەڕێگەی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خوێ + چەوری.

ئەم کاریگەرییە بەهەمان شێوە بۆ مێشک ڕاستە ، ئەگەر بە چارەسەرنەکراوی بهێڵرێتەوە هۆکاردەبێت بۆ ڕوودانی جەڵتەی مێشک Stroke.

بۆیە کەمکردنەوەی خوێ لە پێکهاتە خۆراکییەکان زۆر یارمەتیدەرە لە خۆپاراستنمان لە نەخۆشییەکانی دڵ و لولەکانی خوێن و پەستانی خوێن.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP