دواین هەواڵ

عێراق‌

 پێش 1 هەفتە

موقتەدا سەدر: دڵنیاین سوپاى عێراق دەتوانیت ڕێگر بێت لە ڕودانى پێشێلکارى لە هەڵبژاردنەکاندا

هەرێم نیوز
ڕێبەرى ڕەوتى سەدر ڕایگەیاند، سوپای عێراق توانی شکۆی خۆی بەدەستبهێنێتەوە و دڵنیاین دەشتوانێت ڕێگر بێت لە ڕودانى پێشێلکارى لە هەڵبژاردنەکانى عێراقدا.

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لەپەیامێکدا کە لەهەژماری فەرمی خۆی لەتویتەر بڵاویکردوەتەوە رایگەیاند، سوپای عێراق هەروەک چۆن دەتوانێت پارێزگاری لەئاسایشی وڵات بکات لەهەڕەشەکانی ناوخۆ و دەرەکی، بەهەمان شێوەیەش لەم کاتەدا ئەرکی پاراستنی سندوقەکانی دەنگدانیان لەرۆژی هەڵبژاردن پێسپێردراوە و دڵنیان لەوەی سوپا دەتوانێت رێگربێت لە رودانی پێشێلکاری، گەندەڵی و ساختەکاری لەرۆژی هەڵبژاردنەکان.

دەشڵێت: سوپای عێراق توانی شکۆی خۆی بەدەستبهێنێتەوە و هێزی خۆی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ئاسایشی وڵات بسەپێنێت، هەروەها لەم کاتەدا هێزێکن دور لەحزبایەتی و مەزهەبی و بونەتە جێگەی رەزامەندی هەموان.

ئەوەشى خستۆتەڕو، دواین ئەرکی سوپا کە وەک ئاستەنگییەک دێتە پێشیان پاراستنی سندوقەکانی دەنگدانە لە هەڵبژاردنی تشرینی یەکەم، لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیان لەوەی سوپا دەتوانێت رێگربێت لە رودانی پێشێلکاری، گەندەڵی و ساختەکاری لەرۆژی هەڵبژاردنەکان.

بەپێی دوایین ئاماری کۆمیسیۆن، 276 حیزب و 44 هاوپەیمانی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021 بەشدارن، زیاتر لە 24 ملیۆن کەس لە 83 بازنەی هەڵبژاردنەوە 329 کاندیدی پەرلەمان هەڵدەبژێرن کە نۆ کورسییان بۆ پێكهاتەکانە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP