دواین هەواڵ

عێراق‌

 پێش 1 هەفتە

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق 2 ملیۆن و 400 هەزار کارتى دەنگدان دابەش دەکات

هەرێم نیوز
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، 2 ملیۆن و 400 هەزار کارتى دەنگدانمان بەدەست گەیشتوە و ئێستاش سەرقاڵی دابەشکردنی ئەو کارتانەیەن بەسەر خاوەنەکانیان.

 نیبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدەری وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، بە راگەیاندنی فەرمیی عێراقی راگەیاندوە، "کارتەکانی بایۆمەتریی دەنگدان بە چەند قۆناخێک چاپکراون، دوایین کاروانی ئەو کارتانەش کە بە دەستی کۆمیسیۆن گەیشتووە لە 2 ملیۆن و 400 هەزار کارت پێکهاتووە، ئێستاش کۆمیسیۆن لە رێگەی نووسینگەکانی خۆی لە پارێزگاکان و ناوەندەکانی تۆمارکردن و تیمە گەڕۆکەکانەوە رۆژانە سەرقاڵی دابەشکردنی ئەو کارتانەیە بەسەر دەنگدەران و کارتەکان دەدرێتە خاوەنەکەی ئەوەش دوای وەرگرتنی پەنجەمۆر و واژووکردنی لەسەر وەرگرتنی کارتەکەی".

دەشڵێت: "نزیکەی 17 ملیۆن کارتی بایۆمەتریی دەنگدان چاپکراون، هەروەها 4 ملیۆن و 670 هەزار کارتی دەنگدان لەنێوبران، ئەو کارتانەش دوو جۆرن؛ بەشێکیان کارتی بایۆمەترین و لە قۆناخی نوێکردنەوەی زانیارییەکان لە 1ی مانگی شووباتی 2021 تاوەکو ناوەڕاستی مانگی نیسانی رابردوو رادەستی خاوەنەکانیان کران و ناوی کارتە گۆڕدراوەکانیان لێنرا، چونکە کارتە ئەلیکترۆنییەکانی دەنگدان لە دەنگدەران وەرگیرانەوە و ئەو کارتە بایۆمەترییانەیان پێدرا. جۆری دووەمیش کارتەکانی سەردەمی هەڵبژاردنی ساڵی 2014 ەن کە خاوەنەکانیان وەریان نەگرتوونەتەوە".

 ئاماژەی بەوەشکرد،"کڕینی کارتی دەنگدەران تاوانە و یاسا سزای زیندانیکردنی بۆ دەستنیشان کردووە، هاوکات ئەو کارە بەفیڕۆدانی پارەیە، چونکە کۆمیسیۆن لە رێگەی چەند بڕیارێکەوە کارتی دەنگدانی پاراستووە، لەوانە دەبێ دەنگدەر لە رۆژی دەنگداندا کارتی بایۆمەتری و بەڵگەنامەیەکی دیکەی پێبێت وەک (کارتی یەکگرتوو یان ناسنامەی باری شارستانی یاخود ناسنامەی عێراقی)، هاوکات پەنجەمۆری دەنگدەر وەردەگیرێت و لەگەڵ پەنجەمۆری کارتی دەنگدانەکەی بەراورد دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە کەسایەتیی دەنگدەرەکە، بۆیە تەنیا خاوەنی راستەقینەی کارتی دەنگدان دەتوانێ کارتەکەی بەکاربهێنێت".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP