دواین هەواڵ

ئابوری‌

 پێش 1 هەفتە

ئیمارات هانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەدات کار بەخەڵکی ڕەسەنی وڵاتەکە بکەن

هەرێم نیوز

کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی ئیماراتی ناچاردەکرێن تاوەکو ساڵی 2026 دەبێت 10٪ـی کارمەندەکانیان خەڵکی رەسەنی ئیماراتی بن. ئەو داوایەی حکومەتی ئیمارات لە چوارچێوەی پلانی چاکسازیی ئابووریی وڵاتەکەدایە. وەک هەنگاوی سەرەتاش لەم ساڵەوە 2٪ـی کارمەندانی کەرتی تایبەت دەکاتە هاووڵاتیی ئیماراتی.


حکومەتی شانشینی عەرەبی یەکگرتوو رایگەیاند، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو بڕی 6.53 ملیار دۆلار لە کەرتی تایبەت خەرج دەکات بۆئەوەی ئەو کەرتە زیاتر فرەجۆر بێت، هاوکات 75 هەزار هەلی کار بڕەخسێنێت و لەلایەن ئەو کەسانە پڕبکرێتەوە کە خەڵکی رەسەنی ئیماراتن. ئەو دەرفەتانەی کار مووچەکانیان بەرزە، راهێنان و خانەنشینی لەخۆ دەگرێت هەروەها بەپێی ژمارەی منداڵ مووچەی کارمەندەکان زیاتر دەبێت.

وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت وەک ئیمارات لە ساڵانی رابردوو زیاتر پشتی بە خەڵکی بە ئەزموون و کرێکاری بیانی بەستووە لە بازاڕی کار و کەرتی تایبەتدا، خەڵکی رەسەنی ئەو وڵاتەش زیاتر لە دامەزراوە حکومییەکان کاردەکەن، بەڵام لەوەتەی ساڵی 2014-2015 کە شۆکێکی رووی لە بازاڕی نەوت کرد، حکومەتی ئیمارات هانی هاووڵاتیانی دەدات لە کەرتی تایبەت کار بکەن نەک پشت بە مووچەی حکومەت ببەستن.

سەبارەت بە ئیمتیازاتی ئەو ئیماراتیانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، حکومەت بڕیاریداوە دڵنایی تەندروستی بداتە کارمەندەکان و ئەوانەش دەیانەوێت بازرگانی خۆیان دابمەزرێنن و ئێستا لە کەرتی حکومی کاردەکەن دەتوانن بە مووچەی 50٪ مۆڵەتی شەش بۆ 12 وەربگرن تا دەبنە خاوەن کاری خۆیان.

ئەو دەستپێشخەرییەی حکومەتی ئیمارات بەشێکە لەو 50 پرۆژەیەی بڕیارە لەو مانگە وەک بووژانەوەی ئابووری و چاکسازی رابگەیێندرێت.

ئیمارات کە بووەتە سەنتەرێکی بازرگانی و گەشتیاری ساڵی رابردوو چەند بڕیارێکی بۆ بووژانەوی ئابوورییەکەی راگەیاند بۆ ئەوەی هانی وەبەرهێنەرە بیانییەکان رابکێشێت بێنە ئەو وڵاتە و بەشداربن بە باشبوونەوەی دۆخی ئابووری وڵات کە بەهۆی کۆرۆنا بەرەو پاشەکشە چوو. بەشێک لە بڕیارەکان رێگەدان بوو بە کچ و کوڕ بەیەکەوە بژین بێ ئەوەی هاوسەرگیریان کردبێ هەروەها قەدەخەی سەر خواردنەوە کحولییەکانیشی هەڵگرت.

هەفتەی رابردوو، شانشینی عەرەبی یەکگرتوو رایگەیاند، دەیەوێت لەماوەی نۆ ساڵی داهاتوو سەرنجی وەبەرهێنەرە بیانییەکان رابکێشێت بۆئەوەی بایی 150 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە وڵاتەکە بکەن بۆ ئاسانکاریش ڤیزای چەندین ساڵی دەداتە بازرگان و کرێکارە ئەزمووندارەکان.

حەسنەین مالیک، سەرۆکی ناوەندی بازرگانی تێلیمەر دەڵێت "هەمیشە زەحمەت بووە هاوسەنگی لەنێوان هاندانی خەڵکی بیانی بۆ کارکردن لە ئیمارات و مانەوەیان بۆ کاتێکی درێژ و هاندانی هاووڵاتیانی ئیماراتی بۆ کارکردنیان لە کەرتی تایبەت دروستبکرێت."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP