دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 1 هەفتە

ئەنتۆنى بلینکن: به‌ په‌له‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانمان كاریگه‌ری له‌سه‌ر داڕمانی سوپای ئه‌فغانستان هه‌بوو

هەرێم نیوز
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ڕایگەیاند، داڕمانی سوپای ئه‌فغانستان كتوپڕ بوو و چاوه‌ڕوان نه‌ده‌كرا به‌و خێراییه‌ ئه‌وه‌ رووبدات، دەشڵێت: به‌ په‌له‌ گواستنه‌وه‌ی بیانییه‌كان و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانمان كاریگه‌ری له‌سه‌ر داڕمانی كتوپڕانه‌ی سوپای ئه‌فغانستان هه‌بوو.

 ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له‌ به‌رده‌م لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا له‌ باره‌ی ئه‌فغانستانه‌وه‌ گوتی: داڕمانی سوپای ئه‌فغانستان كتوپڕ بوو و چاوه‌ڕوان نه‌ده‌كرا به‌و خێراییه‌ ئه‌وه‌ رووبدات.

ئاشکرایکرد، به‌ په‌له‌ گواستنه‌وه‌ی بیانییه‌كان و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانمان كاریگه‌ری له‌سه‌ر داڕمانی كتوپڕانه‌ی سوپای ئه‌فغانستان هه‌بوو.

دەشڵێت: ئێمه‌ له‌ ماوه‌ی 48 كاتژمێردا كۆمه‌ڵێك رێكاری به‌ په‌له‌مان گرته‌ به‌ر و توانیمان باڵیۆزخانه‌كه‌مان و هاووڵاتیانی ئه‌مه‌ریكایی له‌ ئه‌فغانستان بكێشینه‌وه‌.

ئاماژه‌ی بەوەشکرد، ئه‌گه‌ر زۆر به‌ ره‌شبینییه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنمان بۆ ره‌وشی مه‌یدانیش كردبا، هه‌ر پێشبینی نه‌ده‌كرا، به‌و خێراییه‌ سوپای ئه‌فغانستان له‌ كابوڵ داڕمێت و خۆی به‌ ده‌سته‌وه‌ بدات.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی به‌ وته‌یه‌كی جه‌نه‌راڵ میلی، سه‌رۆك ئه‌ركانی هاوبه‌شی سوپای ئه‌مه‌ریكا كرد و ڕایگەیاند، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌، كه‌ هیچ كه‌سێك نه‌یده‌توانی پێشبینی بكات، حكومه‌ت و سوپای ئه‌فغانستان له‌ ته‌نیا 11 رۆژدا خۆی بدات به‌ ده‌سته‌وه‌ و داڕمێت.
رونیشیكرده‌وه‌، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له‌ نێوان دوو بژارده‌دا بوو، یان ئه‌وه‌ی درێژه‌ به‌ شه‌ڕ بدات، یان شه‌ڕ رابگرێت، بۆیه‌ بڕیاری كشانه‌وه‌ درا و گه‌یشتینه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی چیدیكه‌ مانه‌وه‌مان له‌ ئه‌فغانستان به‌ سوود نییه‌ بۆ ئه‌مه‌ریكا.
ئه‌وه‌شی خستەڕو، ئێمه‌ بۆ نه‌هێشتنی هێرشی هاوشێوه‌ی یازده‌ی سێپتێمبه‌ر چووینه‌ ئه‌فغانستان و توانیمان ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌ناو به‌رین و رێبه‌ری ئه‌و رێكخراوه‌ بكوژین، بۆیه‌ ئیدی كاتی كشانه‌وه‌مان هاتبوو.
ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی نزیكه‌ی 123 هه‌زار كه‌سیان له‌ ئه‌فغانستان هێناوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، كه‌ زۆربه‌یان ئه‌فغانی بوون.
به‌رپرسه‌ ئه‌مه‌ریكاییه‌كان ده‌ڵێن: هێشتا زۆرێك له‌ ئه‌فغانستان ماونه‌ته‌وه‌ و بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبانیش لاری نییه‌ له‌ چونه‌ ده‌ره‌وه‌یان و رازی بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگوازرێنه‌وه‌.
پێنجشه‌ممه‌ی رابردو، جین ساكی، وته‌بێژی كۆشكی سپی رایگه‌یاندبوو، نزیكه‌ی 100 ئه‌مه‌ریكایی له‌ ئه‌فغانستان ماونه‌ته‌وه‌.
هه‌ر پێنجشه‌ممه‌ی رابردو، قه‌ته‌ر 113 كه‌سی گواسته‌وه‌ بۆ ده‌وحه‌، كه‌ به‌شێكیان ئه‌مه‌ریكایی بوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP