دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 1 هەفتە

وەزارەتی كارەبا پێنج بڕیاری نوێی دەركرد

هەرێم نیوز

وه‌زاره‌تی كاره‌با ڕایگەیاند، لەكۆبونەوەی ئەمرۆی وەزارەتدا ژماره‌یه‌ك بڕیاری له‌باره‌ی كۆكردنه‌وه‌ی داهات و چاپكردنی پسوڵه‌ی كاره‌با دراون و بەگوێرەی بڕیارەكانیش لەمەودوا "له‌كاتی دیاریكراودا، داهات كۆبكرێته‌وه‌ و چاپكردنی پسوڵه‌ی كاره‌با چاپ بكرێت". 

وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتوە، رۆژی دوشه‌ممه‌، له‌كۆبونه‌وه‌ی راوێژكاریی وه‌زاره‌تی كاره‌بادا به‌ سه‌رپه‌رشتیی كه‌مال محه‌مه‌د ساڵح وه‌زیری كاره‌با و به‌ئاماده‌بونی بریكاری وه‌زاره‌ت، راوێژكاران، به‌ڕێوه‌به‌رانی گواستنه‌وه‌، دابه‌شكردن، به‌رهه‌مهێنان و به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی سه‌رجه‌م پارێزگاكان ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركرد.

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كارەبا دەڵێت:" له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، وه‌زیری كاره‌با ستایشی رۆڵی فه‌رمانبه‌رانی كاره‌بای كرد بۆ جێبه‌جێكردنی كار و ئه‌ركه‌كانیان، پێداگیرییشی له‌سه‌ر گرنگیی باشتركردنی دۆخی كاره‌با، كۆكردنه‌وه‌ی داهات و چاپكردنی پسولی كرێی كاره‌با له‌ كاتی خۆیدا و گه‌یاندنی به‌ ده‌ستی هاوبه‌شانی كاره‌با كرد".

ده‌قی بڕیاره‌كانی وەزارەتی كارەبا 

یه‌كه‌م: كۆكردنه‌وه‌ی داهات و چاپكردنی پسوڵه‌ی كاره‌با له‌كاتی خۆیدا، له‌ پێناو دابینكردنی كاره‌بایه‌كی باشتر و دادپه‌روه‌ر.

دوه‌م: كاراكردنی به‌دواداچون و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هاوبه‌شانی كاره‌با له‌ كاتی بونی هه‌ر گرفتێكدا له‌ پێوه‌ری زیره‌ك، كه‌ له‌كاتی زیاد به‌كارهێنانی كاره‌با كه‌ توشی گرفت ده‌بن.

سێیه‌م: خێراتركردنی به‌ستنی پێوه‌ری زیره‌ك كه‌ پرۆژه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوه‌.

چواره‌م: هه‌مواركردنه‌وه‌ی رێنماییه‌كانی پێدانی كاره‌با.

پێنجه‌م: كارپێكردن و به‌ستنه‌وه‌ی سیستمی كاره‌بای وزه‌ نوێیه‌كان بۆ ناو تۆری كاره‌بای هه‌رێم.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP