دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 1 هەفتە

کەڕووی ڕەش لە سنە بڵاوبووەتەوە

هەرێم نیوز
بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کەڕووی رەش لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ کەس بینیایی خۆیان لەدەستداوە و زیاتر لە 40 کەسیش لە نەخۆشخانە خەوێندراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە نەخۆشخانەکانی سنە هیچ دەرمانێکی ئەو نەخۆشییەیان نەماوە و بەرپرسانی تەندروستیش لە بڵاوکردنەوەی زانیاری لە بارەی ئەم نەخۆشییەوە خۆ دەبوێرن.


لە کاتێکدا کە سەرجەم شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە دۆخی سووری تەشەنە سەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنادان، بەهۆی شەپۆلی پێنجەمی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە، رۆژانە چەندین کەس گیان لەدەست دەدەن، پەتایەکی دیکەش بە ناوی کەڕووی رەش لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە مەترسی تەشەنە سەندنە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، چەند هەفتەیەکە نەخۆشیی کەڕووی رەش لە سنە بڵاوبووەتەوە "بەم هۆیەوە تائێستا سێ کەس سۆمای چاوەکانیان لەدەستداوە".

ئامارە فەرمییەکانی حکومەت، باس لە تووشی بوونی 9 هاووڵاتیی سنە بە پەتای کەڕووی رەش دەکەن، بەڵام لە راپۆرتەکەی هەنگاودا هاتووە "زیاتر لە 40 کەس تووشی نەخۆشییەکە بوونە، لە نەخۆشخانەکانی کەوسەر و تەوحیدی سنە خەوێندراون. لەم ژمارەیەش 30 کەسیان لە نەخۆشخانەی تەوحید و لانیکەم 11 کەسیش لە نهۆمی شەشەمی نەخۆشخانەی کەوسەر خەوێندراون، ئەم دوو نەخۆشخانەیە بە تەواوی تایبەت کراون بە تووشبووانی کۆرۆنا و کەڕووی رەش".

بڵاوبوونەوەی پەتای کەڕووی رەش لە سنە کاتێکدایە، کە دەرمانی ئەم نەخۆشییە لە نەخۆشخانەکانی ئەم پارێزگایە دەست ناکەوێت.

بە گوتەی یەکێک لە کارمەندەکانی نەخۆشخانەی کەوسەر، نەخۆشخانەکەیان تەنیا بەشی یەک رۆژ دەرمانی نەخۆشییەکەی هەبووە، ئێستا تەنیا نەخۆشەکان لەژێر چاودێریدان و هیچ دەرمانێکی تایبەتیان پێنادەن، ئەمەش ناڕەزایی ژمارەیەک لە پزیشک و پەرستارەکانی نەخۆشخانەی کەوسەری لێکەوتووتەوە.

نەبوونی دەرمانی چارەسەری تووشبوانی کەڕوی رەش لە نەخۆشخانەکان لە کاتێکدایە، کە ئەم دەرمانە لە بازاڕی رەشدا بە نرخێکی زۆر دەست دەکەوێت و بۆ هەر یەک رۆژ بەکارهێنانی چارەسەرەکانی لانیکەم 1500 دۆلاری پێویستە.

لە راپۆرتەکەی هەنگاودا ئاماژە بەوەش کراوە، کە سەرەڕای بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کەڕووی رەش، بەرپرسانی حکومی بە هۆکاری ئەمنییەوە رێگا لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی ئەم نەخۆشییە دەگرن، هاووڵاتییانی لێ ئاگادار ناکەنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP