دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 پێش 1 هەفتە

ڤاکسین چیە و چۆن ئیش دەکات لەسەر لەش ؟

ئامادەکردن : ئەرکان_علی

 سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ یارمەتیدەرە لەپاراستنمان دژی میکرۆب و زیندە ئۆرگانیزمە جۆراوجۆرەکان کە هۆکارن بۆ نەخۆشی ، لەزۆربەی کاتەکاندا ئەم سیستمی بەرگریە چوست و چالاکە و میکرۆب و ماددە زیانبەخشەکان تێکدەشکێنێت و لەناویان دەبات. بەڵام لەهەندێک باردا ئەو زیندە زیانبەخشانەی کەدێنە لەش سیستمی بەرگری لەش دەبەزێنن ، کاتێک ئەمە ڕویدا ئەوا دەبێتە هۆی ڕودانی نەخۆشی و ناتەواوی تەندروستی.

ئەو میکرۆبانەی کەزیاتر هۆکارن بۆ دروستبونی کێشە و گرفتی تەندروستی زیاتر ئەوانەن کە لەش نایان ناسێتەوە ، بۆیە ڤاکسین ڕێگایەکە وەک فێرکاریەک بۆ سیستمی بەرگری لەش کە چۆن ئەو میکرۆبە زیندە ئۆرگانیزمە بناسێتەوە و بیکاتە دەرەوەی لەش ، ئەم ڕێگایە ئامادەکاری لەشە ئەگەر لەهارکاتێکدا بەرکەوتەی بوی.

کوتان Vaccinations ڕێگایەکی سەرەتایی گرنگە بۆ خۆپاراستن، ئەمەش بەو مانایەی کە دەتوانێت پارێزگاری و ڕێگری بکات لە نەخۆشکەوتن.

ڤاکسین دەتوانێت کۆنترۆڵی هەندێک لەو نەخۆشیانە بکات کە ژیان دەخەنە مەترسییەوە و ئاستەنگی دروستدەکەن، وەک :

- سورێژە (Measles یان rubeola).

- ئیفلیجی منداڵ (Polio).

- دەردە کۆپان (Tetanus).

- کۆکە ڕەشە (Whooping cough).

ئەوەی گرنگە بزانین کوتان تەنها پاراستنی تاکە کەسێک نییە بەڵکو پاراستنی کۆمەڵگەیە.

ڤاکسین چۆن ئیش دەکات؟

سیستمی بەرگری لەشی تەندروست و ئاسایی بەرگری لەلەش دەکات لەهەر جۆرە ماددەیەکی نامۆی داگیرکەر ، سیستمی بەرگری immune system لەچەندین جۆری خانە پێکدێت ، ئەو خانانە کاردەکەن بۆ ڕوبەڕوبونەوە و بەرگریکردن بەرامبەر هەر ماددەیەکی نامۆ و زیانبەخش کە بێتە لەشەوە. ڤاکسین یارمەتی لەش دەدات لە ناسینەوەی نەخۆشی نوێ ، واتە ڤاکسین هانی لەش دەدات بۆ دروستکردنی دژەتەنەکان (antibodies) لەدژی دژەپەیداکەری ماددە زیانبەخشەکە (antigens). هەروەها ڤاکسین یارمەتی لەش دەدات لە ناسینەوە و بەبیرهاتنەوەی ئەو دژەپەیداکەرەی کە هاتۆتە لەش ،ئەمەش بەسوودە بۆئەوەی ئەگەر لەداهاتوودا ئەو ماددەیە بێتە لەش بیناسێتەوەو زوو هێرشی بکرێتە سەر لەلایەن خانەکانی سیستمی بەرگری لەش.

ڤاکسین ئیش دەکات لەڕێگەی بەرکەوتنت بە ڤێرژنێکی سەلامەتی نەخۆشی ، دەتوانرێت بەیەکێک لەم شێوازانە وەربگیرێت :

- پرۆتینێک یان شەکرێک لە بەشێکی هۆکاری نەخۆشی.

- هۆکارێکی نەخۆشی مردوو یان ناچالاک .

- هۆکارێکی نەخۆشی لاوازکراو.

- بەشێک لە ژەهری بەکتریا کە تەخفیف کرابێت.

کاتێک لەش وەڵامدانەوەی هەبوو بۆ ڤاکسینەکە ، ئەوا لەش وەڵامدانەوەی بەرگری گونجاوی دەبێت ، ئەمەش یارمەتی دەدات بەلەش لە شەڕکردن و بەرەنگاربونەوە لە دژی هۆکاری نەخۆشی ڕاستەقینە کە بێتە لەشەوە.

ڤاکسینەکان زۆرجار لە ڕێگەی دەرزیەوە بەکاردەهێنرێن و دەدرێت لە کەسەکە ، زۆربەی ڤاکسینەکان لە دوو بەش پێکدێن ، یەکەمیان بریتیە لە دژەپەیداکەر یان ئەنتی جین (antigen) ، ئەمەیان بەشێکە لە نەخۆشیەکە لەش پێویستە فێری بێت بۆئەوەی بیناسێتەوە کاتێک نەخۆشیەکە هاتە لەشەوە .

دووەم بەشی ڤاکسین بریتییە لە adjuvant . یاریدەدەر یان adjuvant نیشانەی مەترسی دەنێرێت بۆ لەش ، ئەمەش یارمەتی سیستمی بەرگری لەش دەدات لە وەڵامدانەوەیەکی زۆر بەهێزتر لە دژی دژەپەیداکەرەکە کە هۆکاری نەخۆشیە ، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە دروستبونی بەرگری لەش .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP