دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 1 هەفتە

بنكه‌یه‌كی نهێنی ئێرانی بۆ مه‌شقكردن له‌سه‌ر درۆنه‌كان ئاشكرابو

  1. هه‌رێم نیوز
    بینی گانتس، وه‌زیری به‌رگری‌ ئیسرائیل، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 12-9-2021 ئاشكرایكرد، ئێران بنكه‌یه‌كی ئاسمانی ته‌رخانكردوه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ بریكاره‌كانی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست مه‌شق و راهێنانی تێدا ببینن له‌سه‌ر فڕۆكه‌ی‌ ئاراسته‌كراو (درۆن).

    به‌پێی راپۆتێكی سایتی تایمز ئۆف ئیسرائیل، گانتیس له‌ كۆنگره‌ی‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ تیرۆر كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ زانكۆی رایخمان رێكخرا، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌، تاران "تیرۆری به‌وه‌كاله‌ت"ی دامه‌زراندوه‌و هاوكاره‌ له‌ دامه‌زراندنی چه‌نده‌ها رێكخراو بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌ ئابوری و سه‌ربازییه‌كانی‌ له‌ ناوچه‌كه‌.

    وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، ئه‌و بنكه‌ ئاسمانییه‌ی‌ ئێران ته‌رخانیكردوه‌ بۆ مه‌شقكردن له‌سه‌ر فڕۆكه‌ی‌ ئاراسته‌كراو، ده‌كه‌وێته‌ باكوری شاری ئه‌سفه‌هان.

    هاوكات رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، درۆنه‌ ئێرانییه‌كان له‌ یه‌مه‌ن و عێراق و سوریاو لوبنان بڵاوه‌یان پێكراوه‌و ده‌یدات به‌ بریكاره‌كانی له‌و وڵاتانه‌و زۆربه‌شیان له‌ دروستكراوی ئێرانن.

    بینی گانتس مه‌ترسی خۆی له‌وه‌ خستوه‌ته‌ڕو، كه‌ ئێران چۆنیه‌تی دروستكردنی ئه‌و فڕۆكانه‌ بگوێزێته‌وه‌ بۆ كه‌رتی غه‌زه‌و حه‌ماس و جیهادی ئیسلامی به‌و  جۆره‌ فڕۆكانه‌ پڕچه‌ك ببن.

    له‌ به‌شێكی وته‌كانیدا داواشیكردوه‌، سزای زیاتر به‌سه‌ر ئێراندا بسه‌پێنرێت به‌هۆی به‌رده‌وامی ئه‌و وڵاته‌ له‌ پیتاندنی یۆرانیۆم.

    سایتی حوڕه‌، نوسیویه‌تی، ئێران فڕۆكه‌ی‌ بێ فڕۆكه‌وان له‌ ناوچه‌كه‌ به‌كاردێنێت و له‌ یۆلیۆی رابوردوش به‌رامبه‌ر به‌ كه‌شتیه‌كی بارهه‌ڵگری ئیسرائیل به‌كاریهێنا، شه‌وی رابوردوش دژ به‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ولێر به‌كاریهێنا.

    وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل وتویه‌تی، به‌كارهێنانی ئه‌و جۆره‌ فڕۆكانه‌، كاره‌ تیرۆریستییه‌كانی ئاسان كردوه‌و پێویست ناكات بۆ ئه‌نجامدانی كارێكی تیرۆریستی فڕۆكه‌یه‌ك بڕفێنرێت، له‌ماوه‌ی‌ 20 ساڵی رابوردوش سروشتی تیرۆر له‌ رێكخراوی بچوكه‌وه‌ بۆ سوپای رێكخراو گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتوه‌.

    شەوی رابوردو، 11-9-2021، بۆ جاری حەوتەم له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ی‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌وه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ولێری به‌ ئامانجگیرا، له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام گروپه‌ شیعه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران به‌ تایبه‌ت كه‌تیبه‌كانی سه‌یدولشوهه‌دا، به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو دوژمنایه‌تی دژ به‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندوه‌.

    جگه‌ له‌ بنكه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، له‌لایه‌ن خودی ئێرانه‌وه‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێكه‌ به‌ به‌كارهێنانی فڕۆكه‌ی‌ بێ فڕۆكه‌وان، بنكه‌و باره‌گاكانی پارته‌ ئۆزسیۆنه‌ كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵات به‌ ئامانج ده‌گیرێن.

    له‌ دوای‌ ده‌ستبه‌كاربونی ئیبراهیم ره‌ئیسی، له‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئێران، هه‌وڵه‌كانی  ئێران به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو بۆ پشتیوانی له‌ گروپه‌ میلیشیا شیعه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ناوخۆی عێراق بێ سڵه‌مینه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نرێت و له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌و گروپانه‌شه‌وه‌ تاران هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا و نه‌یاره‌كانی ده‌كات.

    عەلی شەمخانی، سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران و فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق، رۆژی سێشەممە 10-08-2021  لە تاران کۆبونەوەو شه‌مخانی‌ له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا وتبوی "دەبێت عێراق ئەو گروپانە دەربکات بۆئەوەی ئێران ناچار نەبێت بۆ رێگریکردن لە شەڕەنگێزی بەردەوام  دەستپێشخەری چه‌كداری‌ه‌ بكات.

    حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی 1983ـەوە بنکە و بارەگاکانیان لە باشوری کوردستان جێگیرکردوه‌و ساڵانێکە چالاکییان راگرتوە و هۆکاری ئەوەش بۆ رەچاوکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان دەگەڕێننەوە.

    هەرێمی کوردستان لە نەخشە نوێیەکەی‌ ئێراندا
    به‌پێی راپۆرتێكی كه‌ناڵی سكای نیوز، كه‌ لە 16-7-2021 بڵاوكرایه‌وه‌، سوپای پاسدارانی‌ ئێران له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی‌ پێكهێنانی كابینه‌ی‌ نوێی حكومه‌ت به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئیبراهیم ره‌ئیسی له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئابدا، پلانی بۆ شوێنپێهه‌ڵگرتنی نه‌یاره‌كانی له‌ناو عێراقدا ده‌ستپێكردوه‌.

    سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ده‌زگای ئه‌منی نیشتمانی عێراقی، رایگه‌یاندبو، سوپای پاسدارانی ئێران نه‌خشه‌یه‌كی نوێی هه‌یه‌ له‌رێگه‌ی ئه‌و سه‌ردانانه‌ی‌ كه‌ فه‌رمانده‌كانی بۆ به‌غدا ئه‌نجامیان ده‌دات و چاویان به‌ فه‌رمانده‌ی‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان و ده‌سته‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كه‌وتوه‌و له‌گه‌ڵیاندا تاوتوێی بونی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌ندێك ناوچه‌ی‌ پایته‌خت كردوه‌".

    ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ ناوی ئاشكرا نه‌كرا‌، رونیكردبوه‌وه‌، پلانه‌ نوێیه‌كه‌ ئاماده‌كردنی لیستێكی نوێ بۆ شوێنپێهه‌ڵگرتنی ئه‌ندامانی ئۆپۆزیسیۆن و كاراكردنی ئه‌و لیستانه‌ی‌ پێشو كه‌ سڕكراون له‌ خۆده‌گرێت، دواتر له‌وباره‌یه‌وه‌ راپۆرت بۆ به‌شی تایبه‌تی سوپای پاسدارانی ئێران به‌رزده‌كرێته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی وەرگرتنی بڕیاری پێویست.

    به‌ وته‌ی‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، "ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی عێراق، به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌نی تره‌وه‌ ئاماژه‌كانی ئه‌و پلانه‌یان پێگه‌یشتوه‌".

    باس له‌وه‌كرا، ئه‌و هه‌واڵانه‌ ئه‌و پرسیارانه‌ دروست ده‌كات، كه‌ ئێران له‌ دوای‌ هاتنی ئیبراهیم ره‌ئیسی بۆ كورسی ده‌سه‌ڵات سیاسه‌تی نوێ دژ به‌ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ده‌گرێته‌به‌ر، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ ئێستادا عێراق بوه‌ به‌ گۆڕه‌پانێكی گه‌وره‌ی هه‌ژمونی ئه‌و وڵاته‌؟

    له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ سكای نیوز نوسیویه‌تی: ئێران له‌ هه‌ولێر روبه‌ڕوی قەیران دەبێتەوە، چونكه ‌ئه‌سته‌مه‌ ئه‌و تیرۆركردنانه‌ی‌ له‌ سلێمانی‌ ئه‌نجامیان ده‌دات، له‌وێ ئه‌نجامیان بدات.

    له‌سه‌ره‌تای مانگی ته‌موزی رابوردو ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ی‌ سوپای پاسدارانی‌ ئێران سه‌ردانی به‌غدایانكرد‌، له‌ناویشیاندا حوسه‌ین تائیب، سه‌رۆكی هه‌واڵگری سوپای پاسداران هه‌بو .تائیب چاوی به‌ فه‌رمانده‌كانی‌ حه‌شدی شه‌عبی و سه‌رده‌سته‌كانی ئه‌و گروپانه‌ كه‌وت‌، كه‌ سه‌ر به‌ ئێرانن.

    ئه‌وانه‌ی بریكاری درۆنه‌كانی‌ ئێرانن له‌ عێراق
    راپۆرتێکی رۆژنامەوانی رۆیته‌رز، كه‌ رۆژی‌ هه‌ینی 21-5-2021 بڵاوكرایه‌وه‌، ئاشکرایکرد، ئێران سه‌ده‌ها چه‌كداری متمانه‌داری خۆی له‌ زۆربه‌ی‌ گروپه‌ به‌هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی‌ له‌ عێراق ده‌سته‌بژێركردوه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ چه‌ند گروپێكی بچوكی به‌هێزی دڵسۆزیان لێ دروست بكات، به‌وه‌ش پشتیكردوه‌ته‌وه‌ ئه‌و گروپه‌ گه‌ورانه‌ی‌ له‌ كاتێك له‌ كاته‌كاندا پشتی پێ ده‌به‌ستن.

        ئه‌و گروپه‌ بچوكه‌ نهێنیانه‌، له‌ ساڵی رابوردودا له‌سه‌ر فڕۆكه‌ی‌ بێ فڕۆكه‌وان و پڕوپاگه‌نده‌ی‌ ئه‌لیكترۆنی مه‌شقیان پێكراوه‌و له‌ژێر فه‌رمانی‌ ئه‌فسه‌ره‌كانی فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به‌ سوپای پاسدارانی‌ ئێران ده‌جوڵێنه‌وه‌.

    به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌، له‌ دوای‌ كوژرانی قاسمی سلێمانی، كه‌ هه‌ژمونی ئێران له‌ رێگه‌ی‌ ئیسماعیل قائانی به‌سه‌ر گروپه‌ گه‌وره‌ شیعه‌كاندا كه‌مبوه‌وه‌و ناكۆكی له‌ نێوانیاندا په‌ره‌ی سه‌ند، وه‌ك تاكتیكێك، ئه‌و گروپه‌ بچوكانه‌ی‌ دروستكرد بۆئه‌وه‌ی‌ بتوانێت یه‌كڕیزییان بپارێزێت و درز نه‌كه‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌.

    ئه‌و گروپانه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ فه‌یله‌قی قودسی ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌و ته‌نها فه‌رمان له‌ ئه‌وان وه‌رده‌گرن نه‌ك هیچ لایه‌نێكی عێراقی".

    ئه‌م زانیارییانه‌، سێ له‌گه‌وره‌ به‌رپرسانی ئه‌و گروپانه‌و به‌رپرسێكی حكومه‌تی عێراقی و دیبلۆماتكارێكی رۆژئاوایی و سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی رۆژئاوایی پشتڕاستیان كرده‌وه‌.

        یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی گروپه‌ گه‌وره‌كان كه‌ سه‌ر به‌ ئێرانن، وتویه‌تی: "ئێران زۆر به‌ وردی گروپی نوێی دروستكردوه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی‌ هێرش و پاراستنی نهێنی، ته‌نانه‌ت ئێمه‌ش نازانین ئه‌وانه‌ كێن".

    دو به‌رپرسی‌ ئه‌منی عێراق به‌ رۆیته‌رزیان راگه‌یاندبو "بەلانی کەمەوە 250 چەکدار لە ماوەی چەند مانگێکی ساڵی 2020ی رابردودا گەشتیان بۆ لوبنان کردوە، ڕاوێژکارانی  سوپای پاسدارانی ئێران و گروپی چەکداریی حیزبوڵای لوبنانی راهێنانیان پێکردون لەسەر چۆنێتی فڕینی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و هاویشتنی موشەک و بۆمبڕێژکردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ پڕوپاگەندە له‌ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان".  

    ئه‌و دو به‌رپرسه‌ عێراقییه‌و سه‌رچاوه‌ رۆژئاواییه‌كان باسیان له‌وه‌كرد "هێرش و کردە سەربازییەکانی ئەمدواییانە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا له‌ بنكه‌ی‌ عه‌ین ئه‌سه‌دو هه‌ولێر و پێشتریش هێرشكردنه‌ سه‌ر سعودیه‌، به‌ فڕۆكه‌ی‌ بێ فڕۆكه‌وانی بۆمبڕێژكراو، لەلایەن ئەو گروپە نوێیانەوە ئه‌نجامده‌درێن".

        ئه‌و به‌رپرسانه‌ ئه‌وه‌یان خستوه‌ته‌ڕو "ئەو گروپانە لەڕوی تەکتیکییەوە سودێکی زۆریان هەیە، چونکە بەراورد بەگروپە گەورەکان دەتوانرێت بەشێوەیەکی باشتر کۆنترۆڵ بکرێن و ڕێگریی لەوە بکرێت زانیارییەکان لێیانه‌وه‌ دزە بکاتە دەرەوە، هاوکات دەکرێت کاریگەرتر بن لە بڵاوکردنەوەی نوێترین تەکنەلۆژیا کە ئێران پەرەی پێداوە بۆ لێدان لە دوژمنەکانی وەک ئه‌نجامدانی هێرش به‌ فڕۆکەی بێفرۆکەوان".    



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP