دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

ئومێد خۆشناو: لەسەر پێداگریی مەسرور بارزانی پارێزگاری هەڵەبجە بەشداریی لە کۆبوونەوەکانی بەغدا كرد

هەرێم نیوز

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی سەردانی هەرچوار پارێزگارەكەی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا ڕایگەیاند،" سەرەتا بەنیاز نەبوون حسابی پارێزگا بۆ هەڵەبجە بکەن، بەڵام بە پێداگریی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان  پارێزگاری هەڵەبجەش بەشداریی لە کۆبوونەوەکاندا کرد".

ئەمرۆ شەممە11- 9-2021، لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق  هەر چوار پارێزگارەکەی هەرێمی کوردستان چوونە بەغدا و لە چوار کۆبوونەوەی فەرمیدا بەشدارییان کرد.

لەبارەی سەردانەكەشەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند،كۆبونەوەما لەگەڵ د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوە و  ئەنجوومەنی وەزیراندا کرد و چەند پرس و گرفتێکی هاوبەشی نێوان هەردوولامان تاوتوێکرد، بەتایبەت پرسی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن و سووتەمەنی.

وتیشی، لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکوەزیراندا باسی ئامادەکارییە ئەمنییەکان بۆ بانگەشە و رۆژی هەڵبژاردن کرا و جەخت لەسەر هاوئاهەنگی نێوان سەرجەم پارێزگاکان کرایەوە، بەتایبەتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق".

لەبارەی بەشداریکردنی پارێزگاری هەڵەبجەشەوە ئومێد خۆشناو دەڵێت:"سەرەتا هەڵەبجە لەنێو لیستی بانگهێشتکراوەکاندا نەبوو، بەڵام مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە، کە ئەگەر وەکو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا نەکرێت، سێ پارێزگاکەی دیکەش بەشداریی ناکەن".

ئاماژەی بەوەکرد، مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەکەدا پێی وتین، بانگهێشتکردنی پارێزگاری هەڵەبجە، داننانە بەو پارێزگایەدا.

هاوکات هەڤاڵ ئەبوبەکر،پارێزگاری سلێمانی رايگەیاند، لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران، چوار پارێزگارەکەی هەرێمی کوردستان، پێداگرییمان لەسەر بەرکەوتەی پارێزگاکانمان کردەوە لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان.

هەڤاڵ ئەبوبەکر وتیشی، هەڵوێستی سەرۆک کۆمار، سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران ئەرێنی بووە و پێیان وتووین، کار لەسەر داواکارییەکەتان دەکەین.






Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP