دواین هەواڵ

کلتور‌

 پێش 2 هەفتە

گه‌شتی تۆلستۆی له‌ژیانێكی خۆشه‌وه‌بۆ مه‌رگ

باز ئەحمەد

له‌ وێستگه‌یه‌كی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌ سه‌ر پێخه‌فێكی سارد و له‌ ماڵێكی بچووكی ناو وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ر، پیاوێكی به‌ ته‌مه‌ن و نه‌خۆش دوا ساته‌كانی ته‌مه‌نی به‌ڕێ كرد و سه‌ری نایه‌وه‌، دوای مه‌رگیشی هه‌مووان بوون به‌ شوێنكه‌وته‌ی ئه‌و و بیر و بۆچوون و په‌رتووك و باوه‌ڕه‌كانی له‌ جیهان ده‌نگی دایه‌وه‌،

ئه‌مه‌ كۆتایی گه‌شتی )لیو تۆلستۆیه(‌ كه‌ به‌ شێتی و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خه‌ڵك ده‌ستی پێكرد و به‌ ته‌نیاییش سه‌ری نایه‌وه‌. تۆلستۆی هه‌موو ژیانی خۆی ته‌رخان كرد بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ ئێمه‌ بۆچی ده‌ژین و ژیان چییه‌، هه‌موو هزر و باوه‌ڕی خۆی بۆ گه‌یشتن به‌و وه‌ڵامه‌ فه‌لسه‌فیانه‌ ته‌رخان كرد، هه‌رچه‌ند ئه‌و به‌ دوای وه‌ڵامی پرسیاره‌كان له‌ ژیان ده‌گه‌ڕا،

به‌ڵام خۆیشی هه‌میشه‌ پیاوێكی هه‌ژار و بێ لانه‌ و جێ بوو، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌یانتوانی كۆڵی پێ بده‌ن و ئه‌و به‌رده‌وام له‌ ڕێگاكه‌ی و به‌رده‌وام بۆچوونی جوانتر و به‌رهه‌می زیاتری پێشكه‌ش ده‌كرد و وردتر ده‌هزری و زیاتر ئه‌لته‌رناتیڤ و وه‌ڵامی بۆ پرسیاره‌ فه‌لسه‌فییه‌كان ده‌دۆزییه‌وه‌.

ئه‌و بیرمه‌نده‌ له‌ كۆتایی گه‌یشته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ مه‌رگ باشتره‌ له‌ ژیان، ژیانی به‌ ماوه‌یه‌كی كاتی پووچ ناوبرد و به‌ جۆرێك له‌ خۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن له‌ ژیانی ده‌ڕوانی، بۆیه‌ سووربوو له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی كه‌ مه‌رگ له‌ ژیان باشتره‌، ئه‌و له‌ دوای خۆی شتانێكی به‌جێ نه‌هێشت بۆ ئارامی و پشوودان، به‌ڵكوو هه‌موو ئه‌و تێكستانه‌ی به‌جێی هێشت، جۆره‌ها پرسیار له‌ دوای خۆیان دروست ده‌كه‌ن، بۆیه‌ زۆرتر هانی مرۆڤ ده‌دا بیر بكاته‌وه‌ و ڕابمێنێت

. تۆڵستۆی له‌ شه‌وی ساردی ئه‌یلوول سێپتێمبه‌ری 1828 هاته‌ دنیاوه‌، به‌ر له‌وه‌ی ته‌مه‌نی بگاته‌ دوو ساڵ، دایكی كۆچی دوایی كرد و ته‌واوی ته‌مه‌نی ئه‌و به‌ دوای ڕووخساری دایكی ده‌گه‌ڕا، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ وێنه‌ و خه‌یاڵیش بێ ته‌نیا بیبینێت. هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستی بوو چه‌ند وێنه‌یه‌كی شێواو و ناڕوونی دایكی بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌سف و پێناسانه‌ی خوشك و برا و باوكی بۆیان ده‌گێڕایه‌وه‌. دایكی ناوی ماریا فولكوتسكی و باوكیشی نیكۆلای تۆلستۆی بوو، باوكی پیاوی سوپا بوو و له‌ چاپخانه‌ی سه‌ربازگه‌یه‌ك كاری ده‌كرد.

بوونی باوكی له‌ كاری چاپكردن و تێكه‌ڵی له‌گه‌ڵ دنیای نووسین و چاپكردن كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر تۆلستۆی هه‌بوو، به‌ تایبه‌ت له‌ ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ ئه‌و وێنه‌ی جۆراوجۆری چاپ ده‌كرد و بۆ منداڵه‌كه‌ی ده‌هێنایه‌وه‌ تا لێی بڕوانێت و یاریی پێ بكات.

ئه‌و له‌ ماڵی داپیره‌ی ده‌ژیا و باوكیشی به‌رده‌وام خه‌ریكی كار بوو، ژیانێكی ته‌نیا و دوور له‌ سۆزی دایكایه‌تی به‌ڕێ كرد. ماڵه‌كه‌یان گه‌وره‌ و فره‌وان بوو و هه‌موو ڕۆژه‌كانی ساڵ بێ میوان و سه‌ردانكه‌ری دۆست و خزم و كه‌سانی خۆیان نه‌بوو، بۆیه‌ به‌ به‌رده‌وامی تاتیانای پووری له‌وێ ده‌مایه‌وه‌ و خزمه‌تی تۆلستۆی ده‌كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆرترین وێنه‌ له‌ هزری تۆلستۆی له‌باره‌ی دایكی دروست بوو بێ، لێكچوون و تێكه‌ڵكردنی بوو له‌گه‌ڵ تاتیانای پووری.

دوای گه‌وره‌بوونی له‌گه‌ڵ باوكی ده‌ڕۆیشته‌ كار و له‌ سه‌ربازگه‌كه‌ كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی لێ بوو 20 هه‌زار كتێبی به‌ زمانی جیا جیا تێدا بوو، باوكی دوای ئه‌وه‌ی فێری نووسین و خوێندنه‌وه‌ی كرد، هانیدا تا لێكدانه‌وه‌ی هۆزان و بۆچوونه‌كانی) ئه‌لیكسانده‌ر پوشكین( بخوێنێته‌وه‌، ئه‌ویش به‌هۆی خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌و كتێبه‌ شه‌و و ڕۆژ له‌یادی نه‌ده‌چوو و به‌رده‌وام ده‌چووه‌ كتێبخانه‌كه‌وه‌.

له‌ ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵی خانه‌واده‌كه‌ی له‌ ویلایه‌تی سانت ڤلادیمێر به‌ره‌و مۆسكۆ كۆچیان كرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی خوشك و براكانی پێویستیان به‌وه‌ بوو له‌ زانكۆ و خوێندنی باڵا بخوێنن و قوتابخانه‌ و خوێندگاكانی ناوچه‌كه‌ی خۆیان ته‌واو كردبوو، له‌ هاوینی 1837 باوكیشی كۆچی دوایی كرد، ئیتر له‌و كاته‌وه‌ گه‌وره‌ترین بۆشایی له‌ ژیانی دروست بوو و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و خه‌م و كۆڤانه‌ له‌ دڵی دانه‌مركایه‌وه‌ تا كۆچی دواییشی كرد.

له‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵی پێوه‌ندی به‌ زانكۆی كازان كرد و بواری لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئه‌ده‌بی ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌ڵبژارد و به سه‌ركه‌وتوویی زانكۆی بۆ ته‌واو نه‌كرا، دواتر به‌ره‌و خوێندنی یاسا ڕۆیشت و ده‌ستی پێ كرد، به‌ڵام دوای سێ ساڵ دووباره‌ زانكۆی به‌جێ هێشت، به‌ڵام له‌ هه‌مان كات فێری زمانی تر بوو و زانیاری زۆری له‌سه‌ر گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵات دروست كرد و گه‌ڕایه‌وه‌ زێدی ڕه‌سه‌نی خۆی و موڵكی خانه‌واده‌كه‌ی گرته‌ ئه‌ستۆ،

به‌ڵام ئه‌وه‌ زۆر بێزاری ده‌كرد، بۆیه‌ وازی له‌ هه‌مووی هێنا و له‌ نێوان مۆسكۆ و سانپترسبۆرگ هاتوچۆی ده‌كرد و ئاڵووده‌ی قوماركردن بوو و كه‌وته‌ ژێر قه‌رزێكی زۆر بۆیه‌ ته‌واوی سامانی خانه‌واده‌كه‌ی له‌ ده‌ست دا.

دواتر له‌گه‌ڵ مامی كه‌ ئه‌فسه‌رێكی سوپای ڕووسیا بوو، وه‌ك سه‌رباز به‌ره‌و دوورترین خاڵی باشووری ڕووسیا ڕۆیشت و له‌ چیاكانی قه‌وقاز بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌ربازێكی بوێر بوو، به‌ڵام دووباره‌ ڕایكرد و وازی له‌ سه‌ربازی هێنا و گه‌ڕایه‌وه‌ و ده‌ستی به‌ نووسین و یاداشتكردنی ژیان و بیركردنه‌وه‌ و بۆچوونه‌كانی كرد.

گرنگترین به‌رهه‌مه‌كانی بریتیه‌ له‌ رۆمانی جه‌نگ و ئاشتی، ئانا كارنینا و چه‌ندان به‌رهه‌می تر، پاش گه‌یشتن به‌ كۆتایی هیواكان، چه‌ندان جار هه‌وڵی خۆكوشتنی دا، به‌ڵام دواتر له‌ ماڵه‌ بچووكه‌كه‌ی له‌ وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌ پێخه‌فێكی سارد به‌ ته‌نیا سه‌ری نایه‌وه‌



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP