دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 پێش 2 هەفتە

بالعافیە !

دڵشاد ئەنوەر

هەر جارێک لە ناوچەیەک، قۆڵبرێک دەردەکەوێت و بەدەیان و سەدان دەفتەر دۆلاری خەڵک دەبات، ئەم دیاردەیە لەساڵانی نەوەدەکانەوە هەیە و بەردەوامە، لە فۆرمی جیاوازدا، بەردەوامیش دەبێت.

دوا دەرکەوتنی قۆڵبڕ ئەمڕۆ بوو، گوایە خاوەن دەرمانخانەیەک، ١٠٠٠ دەفتەر دۆلاری خەڵکی بردووە و هەڵاتووە. شێوازی قۆڵبڕینی قۆڵبڕەکان نزیکن لە یەکەوە، بەڵام هەر یەکە و لە فۆرمێکی جیاواز و بەناوی کەسابەتی جیاوازەوە.

دوو شت جێی سەرنجە، سود وەرنەگرتنی خەڵک لە ئەزموونی یەکتر، ئەمڕۆ قۆڵبڕێک ئاشکرا دەبێت و خەڵک بانگی لێ بەرز دەبێتەوە، کەچی سبەی خەڵک دەڕوات پارەکەی بە مۆڵی دەکاتە گیرفانی قۆڵبڕێکی ترەوە، بێ ئەوەی سود لە ئاشکرابوونی قۆڵبڕەکانی تر وەربگرێت!

یاخود کاتێک قۆڵبڕێک هەڵدێت، لە پڕ دەیان خەڵکی پارە خوراو دەردەکەون، یەکێ دەڵێ: ٧٠ دەفتەرم براوە، یەکێ ٥٠ ، یەکێکی تر ٣٠ ، هەر یەکەو ژمارەیەک دەڵێ! جێی سەرسوڕمانە، تۆ ٥٠ دەفتەرت هەیە، دەتەوێ پارەکەت بکەیتە چەند؟!

وا موشە موشتەو بەدوای سودا دەگەڕێ ی! کورت و پوخت، خەڵکانێک خاوەن پارەی مۆڵن دەستیان تێ ناچێ بیخۆن، بەدوای یەکێکدا دەگەڕێن بۆیان بخوات، جا بۆیە قۆڵبڕەکان بە مۆڵی بۆیان دەخۆن و ئەمانیش لە دوورەوە جگە بالعافیە، هێچی تریان پێ ناکرێ !



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP