هەرێم نیوز
بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، گۆڕانکارییەکان لەسەر
بنەمای پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و رزگاربوون بووە لە دەستەگەری و بەرژەوەندی شەخسی،
بەو ھەنگاوانەش یەکێتییەکەی مام و شەھیدان و تێکۆشەرانیان لە ھەڵدێر پاراست.
بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی لەبارەگای
مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان و وەفدێکی
یاوەری کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی
سیاسی یەکێتی ئامادەیبوون، گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشھاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی
ھەرێم و عێراق کرا و ھەردوولا بۆچوونی خۆیان لەبارەی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی
نوێنەرانی عێراق خستەڕوو.
ھەردوولا بەگرنگییەوە جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی
نێوانییان کردەوە بە ئاڕاستەی لێکنزیکردنەوەی زیاتر و ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش لەپێناو
بەرژەوەندی گشتی، ھاوڕابوون کە ئەم قۆناغە وادەخوازێت ماڵی کورد رێکبخرێتەوە و دوای
ھەڵبژاردنەکانیش زەمینەی لەبار بڕەخسێنرێت بۆ کاری پێکەوەیی تاوەکو ھەموو لایەنەکانی
کورد لەچوارچێوەی بەرەیەکی نیشتمانی لەبەغدا پێکەوە یەک پەیامی کوردستانی بگەیەننە
عێراق و داکۆکی لە مافە دەستوورییەکان بکرێت.
سەبارەت بە سیاسەتی نوێی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی
رایگەیاند، رێڕەوی حزبیی یەکێتی لەسەر شاڕێیەکی تەندروستی رێکخراوەییە و درێژە بە
ھەمان سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدرێت و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دۆستەکانیان
بونیاد دەنێنەوە، بە گیانی لێبوردەییەوە لەگەڵ ھەمووان پێکەوە درێژە بەخەبات دەدەین
لەپێنا و کوردستانێکی بەھێزتر و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی خۆشەویستی
کوردستان.
جەختی لەوەش کردەوە گۆڕانکارییەکان لەسەر بنەمای
پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و رزگاربوون بووە لە دەستەگەری و بەرژەوەندی شەخسی. بەم
ھەنگاوانەش یەکێتییەکەی مام و شەھیدان و تێکۆشەرانمان
لە ھەڵدێر پاراست.