دواین هەواڵ

ئابوری‌

 30/07/2021

ئایا داهاتو بۆ دراوە ئەلکترۆنییەکان دەبێت؟

 کامران ابراهیم شێروانی

 دراوە ژمارەییەکان (Cryptocurrencies) کە بە دراوی ئەلکترۆنی(Digital Currency) ناسراون لە کوردستان خەریکە لەگەڵ مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە ئاشناییەتی بنیاتدەنێن، لەگەڵ ژیانی ئێمەمانان تێکەڵدەبێت، پەیتا پەیتا خۆی دەخزێنێتە ناو کایەکانی ژیانمان، لە ڕێگەی زیادبوونی ئەنجامدانی مامەڵە بەم جۆرە دراوانە.

دراوی ئەلکترۆنی کە تەواو پێچەوانەی دراوی ئاساییە، کە مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی سەردەمانێکە مامەڵەی پێوەدەکەن چ لە ڕێگەی مامەڵەی دەستی بە دەستی یاخود لە ڕێگەی بانکەکانەوە، مرۆڤەکان هەست بە بوونی دەکەن لە ڕووی فیزیکیەوە، بەڵام هەرچی ئەم جۆرە دراوەیە لە ڕووی فیزیکی هەست بە بوونی ناکرێت ناتوانرێت دەستی لێبدرێت، هەر ئەم ئامادەنەبوونەیە گومانی خستۆتە سەر خودی دراوەکە، چونکە مامەڵەکارانی ئەم دراوە تەنها لە ڕێگەی ژمارەیەکەوە دەتوانن مامەڵەی پێوەبکەن.

سەڕەرایی نەبوونی دڵنیاییەکی تەواو لە لایەن مامەڵەکاران بەم دراوە لە چەند وڵاتێک مامەڵەی ئاسایی پێوەدەکرێت لە ڕووی کڕین و فرٶشتن و پارە ناردن و یاخود وەرگرتنی پارە. وە خەریکە زۆربەی مامەلە ئاساییەکانی ڕۆژانەی خەڵک لە ڕێگەی ئەم دراوە ئەنجامبدرێت و ڕایبکرێن. لە هەمان کاتدا هێشتا هەندێک وڵات زۆر بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەل ئەم دراوە دەکەن وە لە هەندێک شوێن هەر مامەڵەی پێوە ناکرێت بە تایبەت ئەو وڵاتانەی لە جیهانی ئیسلامیدان.

کوردستانی خۆشمان بەدەر نیە لەم دونیاییەدا وە مامەڵەکردن بەم جۆرە دراوە خەریکە تەشەنەدەسەنێت و خەڵکانێکی زۆر وە بە شێوەیەکی ناسروشتی و بێ هەبوونی پێشینەکی زانستی و لوژیکی و رۆشنبیری و ( بەبێبوونی سەرەتایترین زانیاری لەسەر ئەم دراوە) مامەڵەی پێوەدەکەن و خەریکی کڕین و فرۆشتی ئەم دراوەن،

ژمارەیەک هاووڵاتی ڕەنگە سوودی لەم جۆرە دراوە بینیبێت، بەلام لە هەمانکاتدا ژمارەیەکی یەکجار زۆر ڕەنگە نەک سوود، بەڵکوو زەرەریشی لەم جۆرە مامەڵەیەکردبێت.

ئەمەش ڕەنگە لە ئەنجامی نائامادەیی کورستان و کەرتی داراییەکەی بێت بۆ ئەم جۆرە مامەڵانە. ئەوەی لە کوردستان باوە وە زۆر باسی لێوەدەکریت دراوی ئەلکترۆنی (Bitcoin) بیتکۆینە وە زیاتر هاووڵاتیانی کوردستان گرنگی بەم جۆرە دراوە دەدەن کەچی لە وڵاتانی تر ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە جۆری ئەم دراوەنە هەن و هەمووشیان مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ئەوەی لێرەدا باسی سەرەکییە، جۆرەکان و چۆنیەتی کارکردن و مامەڵەکردن بەم جۆرە دراوانە نیە، بەڵکوو داهاتووی ئەم دراوەیە. وە وڵامدانەی چەند پرسیارێکە کە ڕەنگە لە زیهنیەتی خوێنەرانی ئەم بابەتە گەڵاڵە بووبێت هزریانی سەرقاڵکردبێت، ئەوانیش ئایا دراوی ئەلکترۆنی جێگەی دراوی ئاسایی دەگرێتەوە؟

ئایە هەر ئەم جۆرە دراوانەی کە ئێستا بەکاردەهێنرێن هەر ئەمانە دەبن یاخود جۆری تر دێتە شوێنیان؟ بە دڵنیاییەوە وڵامی ئەم پرسیارانە ڕەنگە ئەستەم بێت ئەگەر مەحاڵ نەبێت، بەڵام بەرمەبنایی چەند توێژینەوەیەک لەسەر ئەم بابەتەو جۆری دراوانە ئەنجامدراون ڕەنگە بتوانین هەر هیچ نەبێت بەرچاو ڕوونیەک بخەینە ڕوو، ئەگەر وڵامی تەواویشیان نەدەینەوە.

زۆربەی پسپۆڕانی بواری دارایی و بانک وە هەروەها پسپۆڕانی ئابووری کۆکن لەسەر ئەوەی کەوا داهاتوو بۆ دراوی ئەلیکترۆنی دەبێت و دراوی ئەلیکترۆنی جێگەی دراوی ئاسایی لەق دەکات، ئەگەر جێگەشی نەگرێتەوە، وە بۆ ئەم کۆک بوونەشیان چەندین پاساو دەهێننەوە، وەکو خێرایی لە مامەڵەکردن بەم دراوە، وە تێچووی کەم لەسەر ئەو لایەنەی مامەڵەی پێوەدەکات وە لە سەرووی هەمووشیان پارێزراوی (کە بەداخەوە لە کوردستان ئەم جۆرە لە پارێزبەندی وە مافی مامەڵەکارن بەم دراوە پارێزراو نیە).

وە ئەگەر سەیری بەکارهێنەرانی ئەم دراوانە بکەین ڕٶژ دوای ڕٶژ زیاتردەبن. نەک تەنها کەسانی یاسایی، بەڵکو کۆمپانیا گەورەکانی جیهان پەیتا پەیتا باوەش بۆ ئەم جۆرە دراوانە دەکەنەوە لەوانە کۆمپانیاکانی وەکو Tesla, Starbucks چەند کۆمپانیایی تر، وە لە کۆتا ئەو هەلی کارانەی کەوا کۆمپانیایی Amazon ئامازۆن ڕایگەیاندوە بۆ کارکردن لەم کۆمپانیاییە ، ئەوانە دەگرێتەوە کەوا شارەزان لە بواری دراوی ئەلیکترۆنی و دامەزراندنی (بلۆک چەین) بۆ کۆمپانیای ناوبراو، بۆیە ئەم دەرگاکردنەوەی کۆمپانیاییەکی گەورەی وەکو ئەمازۆن نیشانەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرایە کەوا لە داهاتوودا ئەم دراوە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا دەبێتە دراوی فەرمی وە کاری پێدەکرێت.

ڕەنگە ئەمە سەرتایەک بێت کە کۆمپانیا ناوبراو جگە لە پەسەندکردنی ئەم جۆرە دراوە هەوڵی ئەوەش بدات کەوا وەبەرهێنان لەم جۆرە دراوە بکات و بێتە ڕێزی کۆمپانیا گەورەکانی وەکو Tesla کە تاکو ئێستا بە گەورەترین کۆمپانیا دادەنرێت کە وەبەرهێنانی کردوە لەم دراوەدا.

ئەم پێشوازییەی هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان لەم جۆرە دراوە لە سەرتاسەری جیهان وڵاتانی دونیایی ناچارکردوە بیرلەکردنەوەی بانکی مەرکەزی تایبەت بە دراوی ئەلکترۆنی بکەنەوە هەر وڵاتێک Blockchain ی تایبەت بە خۆیان هەبێت، تا دەگاتە ئەوەی هەر وڵاتێک دراوی ئەلکترۆنی تایبەت بە خۆی هەبێت.

بۆیە بە پێی دواین ڕاپۆرتەکانی بواری دارایی و بانک ٨١ وڵات لە سەرتاسەری جیهان کە ٩٠% GDP ئابووری گۆیی زەوی پێکدەهێنن وە لە سەرووی هەموویانەوە هەردوو وڵاتی ئەمەریکا و وڵاتی چین خەریکی کردنەوەی بانکی مەرکەزین بۆ ئەم جۆرە دراوە نوێییە. هەردوو وڵات بە تایبەت ترسیان لەوە هەیە ئەگەر وەکو گشت بوارەکانی تر کە پێشەنگن لەم بوارەشدا سەرمەشق نەبن! ڕەنگە لە داهاتوودا ئەم سەرقافڵەییە لەدەست بدەن بۆیە زۆر بە جدی و بەخێرایی کار بۆ کردنەوەی بانکی ناوەندی تایبەت بە دراوی ئەلکترۆنی دەکەن.

لێرەدا پرسیارێک دێتە نێو هزری هەر تاكێکمان ئەگەر هەر وڵاتێک دراوێکی ئەلکترۆنی تایبەت بە خۆی هەبێت! ئەی داهاتووی ئەم دراوە ئەلیکترۆنیانەی کە ئێستا هەن چیان بەسەر دێت؟ هەر ئەمەش وایکرد بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی کردنەوەی بانکی ناوەندی تایبەت بە دراوی ئەلکترۆنی. دراو ی ( Bitcoin)بتکۆین نیوەی بەهاکەی لەدەست بدات لە بازاڕەکانی دراودا.

بۆیە بوونی بانکی ناوەندی تایبەت بە دراوی ئەلکترۆنی واتە بوونی دراوی ئەلکترۆنی تایبەت بۆ وڵاتان. ئەمەش مەترسی یەکجار گەورە لەسەر ئەم دراوانە دروست دەکات کە ئێستا مامەڵەیان پێوەدەکرێت، چونکە هیچ وڵاتێک خۆی بە خاوەنی ئەم دراوە ئەلکترۆنیانەی دانانێت.

بۆیە ئەگەری داڕمانی بەهایی ئەم دراوانە لە ئان و سات دایە هیچ گەرەنتییەک نیە بۆ ئەم دراوانەی کە هەن لەم کاتەدا. لە کۆتاییدا بە پێی هەموو پێوەرەکان داهاتوو بۆ دراوی ئەلکترۆنی دەبێت وە ئەم دراوە جێگەی دراوی ئاسایی دەگەرێتەوە. بەڵام چۆن؟ وە کەی؟ ئەمە دەبێت ئایندە وڵاممان بداتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP