دواین هەواڵ

عێراق‌

 29/07/2021

کەرکوک .. ئۆپراسیۆنێکى هاوبەش دژ بە چەکدارانى داعش ئەنجام ئەدرێت

هەرێم نیوز

هێزە ئەمنیەکانی عێراق  بۆ ماوەى 10 ڕۆژ ئۆپەراسیۆنێک دژ بەچەکدارانی داعش لەهەر سێ پارێزگاکانی کەرکوك، دیالە و تکریت، ئەنجام ده‌دەن و بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتووش هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بکرێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش.

عیماد سمیم، فه‌رمانده‌ له‌ سوپای عێراق لە چاوپێکەتنێکى تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، "بەپێی زانیاری هەواڵگری لەسنووری ئێمە، لەم شوێنانە گومانمان هەیە داعشی لێ بێت، بەتایبەت لەشەوان جووڵەی نامۆ بینراون لەو شوێنانە، گومانمان وایە داعشی تیرۆیست بن".

موقه‌ده‌م مه‌جید خه‌فاجى، ئه‌فسه‌ر له‌ فیرقه‌ی هه‌شتی سوپای عێراقیش دەڵێت: داعش لەو شوێنانە دەبن، کە خەڵکی لێ نیە، تونێل لێ دەدەن و داوای خواردنیش لەخەڵکی دەکەن، خەڵکانیکش هەبوون هاوکاریكردوون.

بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتووش هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بکرێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، بۆ ئه‌وه‌ی کێوماڵی ئەو ناوچانە بکرێت کە دەکەونە بۆشایی ئەمنی نێوان هێزه‌كانی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە.

سوپای عێراق پێى وایه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كداره‌ تیرۆریسته‌كانی داعش له‌ ده‌شتاییه‌كانی باشوور و رۆژئاوای كه‌ركووك ناوچانه‌ هه‌بن، بۆیه‌ هه‌ر كه‌سێك گومانی لێ بكه‌ن، ده‌ستگیری ده‌كه‌ن و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP