دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 29/07/2021

ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە کوردستان چیمان پێدەلێت؟

دکتۆر عارف گۆران
پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو
لەندەن

ھەلکشانی ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە کوردستان دۆخێكی تەواو چاوڕەنکراوبوو ، چونکە دەرکەوتووە کە زنجیرەی گۆڕاوی دەلتا (ھیندی) بە رێژەی ٦٠٪‏ لە زنجیرەی گۆڕاوی ئەلفا (بەریتانی) خێراتر بلاودەبێتەوە ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە ھەر کەسێکی تووشبوو ژمارەیەکی زۆرتر لە خەلک تووشی پەتاکە دەکات، بە بەراورد لەگەل زنجیرەکانی پێشووی کۆرۆنا.

ژمارەی پشکنینەکانی کۆرۆنا لە کوردستان، کە بۆ ھاوولاتیان دەکرێت زۆر کەمە، لە کاتێکدا ژمارەی تووشبوون ڕۆژانە لە ھەلکشانە . لەو ژمارە کەمە پشکنینەی ئەمڕۆ ئەنجام دراوە، نزیکەی ٣٥٠٠ پۆزەتیڤە . سەرباری ئەوەی پشكنینی نزیکەی ٣٠٪‏ ئەو کەسانەی کە ھەلگری ڤایرۆسەکەشن بە نێگەتیڤ دەردەکەوێت! ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆری تووشبووان نیشانەیەکی کەمیان ھەیە و ناچن بۆ پشکنین . كەواتە ژمارەی تووشبوان زۆر زیاترە لەو داتایانەی وەزارەتی تەندرووستی ڕۆژانە بلاویدەکاتەوە.

شایەنی باسە زۆربەی تووشبوان بە شێوەیەکی سووک پەتاکە دەگرن و پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە نابێت، بەلام ئامەرەکان ئەوەمان پێدەلێن، کە رێژەی ١٥٪‏ ی نەخۆشەکان تووشی ھەوکردنی سیەکان دەبن و پێویستیان بە چارەسەری لە ژێر چاودێری دکتۆر دەبێت، ھەروەھا ٥٪‏ تووشبوان زۆر بە توندی سییەكانیان ھەو دەكات و پێویستیان بە چارەسەری دەبێت لە نەخۆشخانەکان ،

لەو ژمارەیەش بەشێکیان پێویستیان بە ئامێری سی پاپ و چاودێری چڕ دەبێت . ئەگەر لێکدانەوەیەک بۆ ئەو ٣٥٠٠ نەخۆشەی ئەمرۆ تووشی پەتاکە بووینە بكەین، بۆمان دەردەكەوێت نزیكەی ١٧٥ کەسیان دوای نزیکەی دە رۆژ لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە، زۆر بە توندی تووشی ھەوکردنی سیەکان دەبن و پێوستیان بە نەخۆشخانە دەبێت، ئەگەر ژمارەی تووشبوان بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت ئەوا سەرووی ھەزار نەخۆش لە یەک ھەفتە پێوستیان بە نەخۆشخانەکانی کوردستان دەبێت.

لە کۆی ئەو نەخۆشانەی تەنیا لەماوەی ئەو هەفتەیە پەیوەندیان پێوە کردووم ١٦ کەسیان زۆر بە تووندی تووشی ھەوکردنی سیەکان بووینەو پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە ھەبووە ، جێگای داخە بەشێکی زۆر لە تووشبوان نایانەوێت بچن بۆ نەخۆشخانەکان و داوای ئەوە دەکەن کە لە مالەوە چارەسەری وەرگرن، سەرباری ئەمەش نەک ھەر نەخۆشخانەکانی حکومەت بەلکو بەشێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانیش خەریکە پر دەبن لە تووشبوانی کۆرۆنا.

دیارە ئەو شیکردنەوەیە راستیەکی زانستی تێدایەو مەبەستمان لەبلاوكردنەوەی ئاگادارکردنەوەی خەلکە لەو راستیانە، دەبێت وەزارەتی تەندرووستی بە ووردی لێکدانەوە بۆ ئەو ژمارانە بکات و ھەوڵەکانی بۆ دابینکردنی بری پێویست لە ئۆکسجین و ئەو دەرمانانەی کە بۆ تووشبوانی ئەو پەتایە بەکاردەھێنرێت چڕ بکاتەوە، لەو باوەرەدام ئەو رێکارە نوێیانەی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کاریگەریەکی کەمی دەبێت لە ھەلکشانی ژمارەی تووشبون بەو ڤایرۆسە نەگریسە.

وەک ھەمیشە بیرو ھۆشمان لەگەل خەلکی کوردستانە ، بە تایبەت ئەو خەلکە ھەژارەی کە توانای ئەوەیان نیە بچن بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکان و بتوانن دەرمانی گران بەھا بکرن.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP