پرسی نوسینه‌وه‌ی پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان ئێستا یه‌كێكه له پرسه گه‌رمه‌كانی ناوەندە سیاسی و ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەوانییەكان و شه‌قامی سیاسی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە،به‌وپێیه‌ی دەستور خۆی په‌یوه‌ندیداره بە سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و ئایینده‌ی نه‌وه‌كانی،راوبۆچونی جیاوازیش هه‌یه له‌سه‌ر نوسینه‌وه‌ی ماده‌كانی و رۆڵی شاره‌زایان و رۆشنبیران و نوسەران له‌م پرسەدا گرنگی تایبەتی هەیە، (هه‌رێم نیوز) له ته‌وه‌رێكدا لهبارهیهەوڵەكان بۆ نوسنەوەی پرۆژەی دەستوری هەریم و بۆچونه‌كان له‌سه‌ر ئەم پرسە ، راو بۆچونی رۆشنبیران و نوسەران وەردەگرێت.
لەنۆیەم بەشی تەوەرەكەی هەرێم نیوز،"خەبات عەبدوڵا نوسەر و ڕۆشنبیری دیاری كوردستان " بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە:
هه‌رێم نیوز:پرۆژەی نوسینەوەی دەستوری ھەرێم یەکێکە لەو بابەتانەی کە چەندین ساڵە بۆتە گرێکوێرەیەک لەنێون لایەنە سیاسیەکان، بەبروای ئێوە ناکۆکی و جیاوازییەکان لەچییەوە سەر چاوەیان گرتووە؟
خەبات عەبدوڵڵا: ئێمه حاڵی حازر خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك هێزگەل و کاراكتهری سیاسیین كه هه‌ر یه‌كه‌یان هه‌ڵگری یاده‌وه‌ریی تایبه‌ت به خۆیه‌تی، یاده‌وه‌رییه‌ك كه لێوان لێوه له شه‌ڕو تۆڵه و هه‌وڵی لوتشكاندنی ئه‌وی دی.
سه‌ره‌ڕای ئه‌نجامدانی چه‌ندین هه‌ڵبژاردن به تایبه‌تیش پاش روخانی فاشیزمی به‌عسی و كرانه‌وه‌یه‌كی سنوورداری دەسەڵاتی سیاسیی كوردی به‌سه‌ر خۆیدا، به‌ڵام دواجار ئه‌م دەسەڵاته بۆوه به خاوه‌نی ئه‌و کاراکتەر و هێزانه‌ی كه هه‌ر یه‌كه‌یان لای خۆیه‌وه هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك گرێ و یاده‌وه‌ری دژ به یه‌کدین.
ئه‌و زمانه‌ی حاڵی حازر سیاسییه‌کان و میدیاکارانی لایه‌نه جیاجیاکان خه‌ڵکی پێ پڕده‌که‌ن، جارێكی تر ختوكه‌دانی یاده‌وه‌رییه، هێنانه‌گۆی ئه‌و زمانه‌یه كه له شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشووه‌وه تاكه زمانی موخاته‌به‌كردنی ئه‌وی دی بووه. ئاخاوتن به‌م زمانه ئه‌گه‌ر هیچمان بۆ نه‌سه‌لمێنێت، بوون و مه‌ترسی ئه‌و هێزه تووڕه متبووهمان بۆ ده‌سه‌لمێنێت كه هێشتا له ناوماندا ده‌ژی.
ئەوە دەستووری هەرێم نییە کە بڕیار لە کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە دەدات، چونکە دەستووری پێشنیازکراوی هەرێم لەبەردەم تەڵزگەیەکی گەورەدایە کە ئەویش ملکەچبوونیەتی وەکو هەرێمێکی سەر بە دەوڵەتێکی ئیتیحادی بۆ دەستووری عێراق
گرفتی ئه‌م نوخبە سیاسییه‌ی كوردستان له‌وه‌دایه که نه خاوه‌نی یاده‌وه‌رییه‌کی هاوبه‌ش که پێشمه‌رجێکی گرنگی دروستکردنی نەتەوە و نه خاوه‌نی ستراتیژێکی نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش که پێشمه‌رجێکی گرنگی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و دواجاریش نه خاوه‌نی کولتورێکی سیاسیی هاوبه‌شه که پێشمه‌رجێکی گرنگی دامه‌زراندنی دیموکراسی و ئاشتی کۆمەڵایەتییە. نه‌بوونی ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش مانای نه‌بوونی داهاتووی هاوبه‌ش و ناوكۆیی هاوبه‌ش. ئیتر لێره‌شه‌وه‌یه كه نه‌ته‌وه له بریتی یه‌ك یاده‌وه‌ری، ده‌بێته خاوه‌نی چه‌ندین یاده‌وه‌ری و له جیاتی نه‌ته‌وه، حیزب و بنەماڵە و خێزانە سیاسییەکان ده‌بنه میراتگر و خوڵقێنه‌ری یاده‌وه‌ری جیاجیا و دژ به یه‌ك.
هه‌رێم نیوز:بە ڕای شارەزایانی ناو خۆیی و بیانی دەستورێک بۆ ھەرێم دەبێتە بنەماو مەرجەعێک بۆ کۆی ھێزە سیاسیەکان و پێکھاتە ئیتنیەکانی ھەرێمی کوردستان ، بەڵام ھەرێم نزیک بە ٣٠ ساڵە بێدەستورە ! دەمەوێت بپرسم زیانەکانی نەبونی دەستوری ھەرێم چیبوون؟
خەبات عەبدوڵڵا: دەستوور پێش نەتەوە و دەوڵەت نییە، دوای ئەوانە. بۆیە لە دەستوور گرنگتر بۆ کورد پرسی نەتەوەسازی و دەوڵەتدارییە.
هه‌رێمی کوردستان لە بنەڕەتدا و لە پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە بۆ خۆی ده‌وڵه‌تە. چما هەرێمی کوردستان وەکو هەمو دەوڵەتانی تری دنیا لە پایەکانی دەوڵەت؛ خاک، خەڵک و دەسەڵاتی سیاسی بەهرەمەند نییە؟ هەرێمی کوردستان دەوڵەتێکی ڕانەگەیەندراوە. کێشەی گەورە ئەوەیە کە لە ئێستادا ئێمە نەتەوە نین. نەتەوە بەمانا کولتورییەکەی نا؛ (زمان، خاک و خوێنی هاوبەش)، بەڵکو نەتەوە بەمانا سۆسیۆسیاسییەکەی؛ بوونی یادەوەری و خەونی هاوبەش. لەبەرئەوەی نەتەوە نین، بۆیە نەمانتوانیوە بەئاڕاستەی سەرخۆبوون هەنگاو بنێین. سەربەخۆیی چەمکێکی فراوانترە لە دەوڵەت. سەربەخۆیی لە ڕووە سیاسییەکەیەوە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردن و سەروەریی نەتەوەیە لە میانەی دەوڵەتەکەی خۆیەوە، توانای بڕیاردانە بە بێ گەڕانەوە و وابەستەیی بە هێز و دەوڵەتانی ترەوە.
سەرکردایەتی سیاسیی کورد لەوەتەی لانی کەم ڕوخانی فاشیزمی بەعسییەوە نە کاری جدی بۆ هاوژیانی لە عێراقدا دەکات، نە بۆ سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتێکی نیشتمانیی کوردستانی. ڕاستییەکەی سەرکردایەتی سیاسیی کورد لە کەڵکەڵەی بەدەوڵەتکردنی حیزبدایە، کە ئەمەش هیچ نییە جگە لە کوشتنی یادەوەری و خەونی هاوبەش. ئاخر پاش ئەوەی حیزبی کوردی خەریکە هەموو شەرعییەتی مانەوەی خۆی وەکو فریادڕەسێکی نەتەوەیی لە دەست دەدات، لە هەوڵی گۆڕینی خۆیدایە لە دامەزراوەیەکی کۆن و چەقبەستوەوە بۆ بوونەوەرێکی دیکە.
ئێستا ئێمە شاهیدی پڕۆسەیەکی یەکجار ترسناکین، ئەم پڕۆسەیە گوزارە نییە لە پڕۆژەیەکی ناسیونالیستی کە حیزب بە درێژایی چەند ساڵی پێشوو نەتەوەی لە دەور کۆکردبێتەوە، ڕاستییەکەی ئەوە پرۆسەی گۆڕینی حیزب خۆیەتی بۆ دەوڵەت. دەوڵەت بۆ نەتەوە نا، بەڵکو بۆ ئەو بەشەی نەتەوە کە لە هەمان کاتدا جەماوەرەکەی حیزبن. دەوڵەت بۆ کوردستان نا، بەڵکو بۆ ئەو بەشەی نیشتمان کە نیشتمانی حیزبە.
به‌شی گه‌وره‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كه به ناوچه‌ی "كێشه‌له‌سه‌ر" ناوزه‌دكراون، ئه‌و ناوچانه‌ن كه له سه‌رده‌می فاشیزمی به‌عسیدا و له روانگه‌ی ئاسایشی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه دژ به "مه‌ترسی كورد"، وه‌كو زۆنێكی ئاسایش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه
هه‌رێم نیوز:بۆچونێک ھەیە لەناو ناوەندەکانی میدیا‌و تەنانەت شەقامی کوردستانیشدا باس لەوە دەکات بونی دەستور ھیچ لە دۆخەکان ناگۆرێت، نمونەی دەستوری عێراق دەھێننەوە و دەڵێن دەستوری عێراق تەنھا مەرەکەبی سەر کاغەزە و لایەنە باڵا دەستەکانی عێراق تەنھا ئەو بڕگانە جێبەجێ دەکەن کە لەبەرژەوەندی خۆيانە .... پرسیارەکەی من بەدیاری کراوی ئەوەیە چ مکانیزم ئالیەتێک لەناو دەستوری ھەرێمی کوردستان پێویستە کە گرەنتی جێبەجێکردنی بەندەکانی دەستور بکات؟
خەبات عەبدوڵڵا: ئێمە دەوڵەتمان نییە، دەسەڵاتێکی سیاسیمان هەیە کە حیزبەکان ئاڕاستەی دەکەن. ئەگەرچی حیزب دامەزراوەیەکی سەر بە مۆدێرنەیە، بەڵام حیزبی کوردی نەبۆتە دامەزراوەیەکی مۆدێرن و ڕەوایەتی خۆی لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕانە و تاکە کەس و خێزانە سیاسییەکانەوە وەرگرتووە. لەهەمان سۆنگەوە دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان لەسەرێکەوە سەر بە کایەی شۆڕش و لەسەرێکی دیشەوە سەر بە کەسی یەکەم و ماڵبات و ئەو خێزانە سیاسییانەیە کە خۆیان بە تاکە میراتگری دەسەڵات دەزانن.
دەستوور لانی کەم دوو ئەرکی گەورەی لەسەرە: یەکەمیان ڕێکخستنی دەسەڵاتە بەشێوەیەک دەسەڵات لە دەستی تاکەکەس و دەستە و تاقم بهێنێتە دەرەوە و بە دەوڵەتی بسپێرێت، ئەمەش بەو مانایەی دەسەڵات تەنها بە وەکالەت بسپێرێتە فەرمانڕەوا، فەرمانڕەوا لەم بارەدا هیچ نییە جگە لە نوێنەر و فەرمانبەرێک کە بەشێوەیەکی کاتیی هێز و دەسەڵاتی دەکەوێتە دەست و لە چوارچێوەی دەستور و قانوون‌دا پیادەی دەکات . دووەمیشیان زامنکردنی مافی هاونیشتمانیانە لە ستەمی فەرمانڕەواکان، چونکە بێ زامنکردنی مافی تاکەکەس ئەستەمە باس لە گرنگی دەستوور بکرێت.
گرفتی گەورە ئەوەیە پێمان وا بێت دەستوور (جا چەند مۆدێرنیش بێت) لە توانایدایە دەسەڵات و دەوڵەتداریی بەشێوەیەکی مۆدێرن ڕێک بخات. ڕاستییەکەی ڕێکخستنەوەی دەسەڵات و مۆدێلی دەوڵەتداریی هێندەی پێوەندییان بە کولتوری کۆمەڵگە و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ململانێی هێزە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە، هێندە پێوەندی بە بوونی دەستوورێکی باشەوە نییە. ئەوە نییە زۆربەی دەوڵەتانی دیکتاتۆر و شکست‌خواردووی دنیا ئەوانەن کە خاوەنی دەستوورێکی نووسراو و مۆدێرنن؟!
هه‌رێم نیوز:یەکێک لەو خاڵانەی کەزۆر بۆتە جێگای گفتوگۆ جیاوازی دروستكردووە بابەتی شەریعەتی ئیسلامی و ئازادی پێکھاتە دینی وئاینە جیاوازەكانە بەبروای ئێوە بۆ پاراستنی مافی ھەموو پێکھاتەو ئاینە جیاوا زەکان پێویستە ئەو بابەتە چۆن چارەسەر بکرێت؟
خەبات عەبدوڵڵا: ئەوە قسەی پێ ناوێت زۆرینەی گەلی کوردستان موسڵمانن، بەڵام ناکرێت بە هۆکاری زۆرینەی موسڵمان دەستوورێکی ئیسلامیمان هەبێت. لەبەر یەک هۆی سانا؛ دەوڵەتی مۆدێرن دەوڵەتێکە خاوەنی هیچ ئایدۆلۆژیایەکی ڕەسمیی نییە، جا ئایینی بێت یان نائایینی. ئەمەش تەنها بە دەستوورێکی سێکیولار مەیسەر دەبێت.
سێکیولاریزم دژی هیچ ئایدیا و ئایینێک نییە، بەڵام دژی ئەوەیە دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی پشتگیری لە ئایین یان ئایدیایەک بکات دژ بەوانی دی.
لە سێکیولاریزمدا ئەوپەڕی ئازادی دەدرێتە کەسەکان لە هەڵبژاردنی باوەڕی خۆیاندا، سێکیولاریست کەسێکە دەشێت باوەڕدار یان تەنانەت پیاوێکی ئایینیش بێت، بەڵام ئەو باوەڕی وایە کە باوەڕ خەسڵەتێکی تاکەکەسییە و ناکرێت بەسەر کۆی کۆمەڵگەدا بسەپێنرێت.
بە واتایەکی دی، سێکیولاریزم جیاکردنەوەی ئەو بابەتانەیە کە پێوەندیدارن بە دنیای واقیعەوە لەو بابەتانەی کە ڕۆحین و پێوەندییان بەو دنیای ترەوە هەیە. لەهەمان سۆنگەوە دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی سێکیولار دەزگایەکی بێلایەن و سەربەخۆیە و لایەنگری هیچ گروپێک نییە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژی، لەهەمان کاتیش‌دا دەستەبەری پیادەکردنی ئەوپەڕی ئازادی باوەڕ و ئایدیا جیاجیاکان دەکات وەکو مافێکی تاکەکەسی.
ڕێگە خۆشکردن بۆ دامەزراندنی سیستمێکی سێکیولار باشترین چوارچێوەیە بۆ پێکەوەژیان و یەکڕیزیی گەلی کوردستان و دەستەبەرکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتیی نەوەکانی داهاتوو.
دەستوور لانی کەم دوو ئەرکی گەورەی لەسەرە: یەکەمیان ڕێکخستنی دەسەڵاتە بەشێوەیەک دەسەڵات لە دەستی تاکەکەس و دەستە و تاقم بهێنێتە دەرەوە و بە دەوڵەتی بسپێرێت، ئەمەش بەو مانایەی دەسەڵات تەنها بە وەکالەت بسپێرێتە فەرمانڕەوا
هه‌رێم نیوز:یەکیک لەو بابەتە پر ئیشکالیەت و تەحەدیانەی روو بەرووی دەستوری ھەرێمی کوردستان دەبێتەوە سنور و ناوچەی جوگرافی ھەرێمی کوردستانە ، بەروونتر ناوچە جێ ناکۆکەکان کە کێشەی بنەرەتی کورد و عەرەبە لە عێراق چۆن لەدەستوری ھەرێمی کوردستان یەکلای دەکرێتەوە ؟
خەبات عەبدوڵڵا: ئه‌و هێڵه‌ی ئێستا بۆته سنوری نێوان هه‌رێمی کوردستان و عێراق، سه‌ره‌تا هێڵی هودنه‌یه‌کی رانه‌گه‌یه‌ندراو بوو، دوای ڕاماڵین و کشانه‌وه‌ی سوپای عێراق له پارێزگاکانی سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆک له هاوینی ١٩٩١دا، هه‌مان هێڵ بۆوه به هێڵی جیاکه‌ره‌وه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵاتی کوردی و عێراقی به‌عس.
پاش روخانی فاشیزمی به‌عسی و به‌گوێره‌ی رێکه‌وتنێکی نه‌نوسراو له نێوان ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریکا له عێراق و ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا، وه‌کو هه‌ڵه‌یه‌کی مێژوویی گه‌وره، هه‌مان هێڵ کرایه‌وه به سنوری نێوان حکومەتی ئیتیحادی و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هه‌موو ناوچه کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕۆی حکومه‌تی هه‌رێم به‌پێی مادده‌ی ٥٨ و پاشتر مادده‌ی ١٤٠ی دەستوور کرانه ناوچه‌ی "کێشه‌له‌سه‌ر".
ناوچه كوردستانییه‌كان له عێراقدا سێ جۆرن: ئه‌وانه‌ی له راپه‌ڕیندا رزگارکران و ئێستا پێیان ده‌وترێت هه‌رێمی کوردستان، ئه‌وانه‌ی كه كوردستانین و به‌عس داگیری كردبوون، ئنجا ئه‌وانه‌ی كه ده‌شێت ناكۆكییان له‌سه‌ر بێت.
ئه‌گه‌رچی ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی جاران هه‌موو خاكی كوردستانی باشوری نه‌ده‌گرته‌وه، به‌ڵام به‌عسییه‌كان له گفتوگۆكانی خۆیان له‌گه‌ڵ سه‌رانی كورد دانیان به‌وه‌دا ده‌نا له سۆنگه‌ی ئاسایشی نیشتمانیی عێراقهوەیە کە ئاماده نین هه‌ندێك ناوچه‌ی كوردیی بخه‌نه‌وه ناو قه‌ڵه‌مڕۆی ئۆتۆنۆمییه‌وه. كه‌چی كه به‌عس روخا سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد بێ سێ و دوو ئاماده بوو هه‌مان ئه‌و سنوره‌ی ساڵانی ١٩٩١ و ٢٠٠٣ بكات به سنوری نێوان خۆی و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكاییه‌كان و هه‌ر به‌و پێیه‌ش ئاماده بوو هه‌موو ناوچه كوردستانییه‌كانی تر هه‌ر له گۆتره و له میانه‌ی مادده‌ی ٥٨ی قانونی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق و پاشان مادده‌ی ١٤٠ی دەستووردا، وه‌كو "ناوچه‌ی كێشه‌له‌سه‌ر" دابنرێن. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه چاره‌نووسی هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌شی له‌گه‌ڵ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كێشهلهسهری نێوان شیعه و سوننه‌دا گرێدا و ئاماده‌ش بوو له‌رێی راپرسییه‌وه یه‌كلایی بكرێنه‌وه.
به‌شی گه‌وره‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كه به ناوچه‌ی "كێشه‌له‌سه‌ر" ناوزه‌دكراون، ئه‌و ناوچانه‌ن كه له سه‌رده‌می فاشیزمی به‌عسیدا و له روانگه‌ی ئاسایشی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه دژ به "مه‌ترسی كورد"، وه‌كو زۆنێكی ئاسایش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه و له‌و پێناوه‌شدا فاشیزمی به‌عسی له‌رێی داڕشتنی كۆمه‌ڵێك ته‌وه‌ره‌ی ستراتیژییه‌وه كه مه‌به‌ست لێیان به پله‌ی یه‌كه‌م پاراستنی هه‌ر سێ شاری كه‌ركوك و موسڵ و خانه‌قین بووه، ته‌نگی به كورد هه‌ڵچنیوه.
ئه‌و ته‌وه‌رانه به جۆرێك داڕێژراون كه هه‌موو ناوچه ستراتیژییه‌كان، ناوچه ئابورییه‌كان، ناوچه قه‌ره‌باڵغه‌كانی نیشته‌جێبوونی دانیشتوان، گرێكانی هاتوچۆ، ناوچه‌كانی نزیك ناوچه عه‌ره‌بنشینه‌كان، له ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی جاران داببڕێت و ئه‌گه‌ری جیابوونه‌وه‌ی كوردستان له عێراق له‌ناو ببات. ئه‌و ته‌وه‌رانه به‌شێوه‌یه‌ك داڕێژراون، كه قوڵایی ستراتیژیی و جوگرافیی بۆ كه‌ركوك و موسڵ و خانه‌قین و دهروبهرهكهیان دروست بكه‌ن. ئه‌مه‌ش به گۆڕینی ئیداریی ناوچه‌كانی كوردستان و ده‌ركردنیان له سنوری ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی و پاشان راگواستن و ته‌عریب كردنیان.
گرفتی گەورە ئەوەیە پێمان وا بێت دەستوور (جا چەند مۆدێرنیش بێت) لە توانایدایە دەسەڵات و دەوڵەتداریی بەشێوەیەکی مۆدێرن ڕێک بخات.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه فاشیزمی به‌عسی، قه‌زا كوردنشینه‌كانی(دوزخورماتوو، كفری، كه‌لار، چه‌مچه‌ماڵ)ی به هه‌موو ناحیه‌كانیانه‌وه، له سنوری كارگێڕیی پارێزگای كه‌ركوك دابڕی و به‌سه‌ر پارێزگاكانی سه‌لاحه‌دین و دیاله‌و سلێمانیدا په‌رشوبڵاوی كردنه‌وه. به‌پێچه‌وانه‌ی كه‌ركوكه‌وه و به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی دانیشتوانه كورده‌كه‌ی ناوشاری موسڵ و ده‌وروبه‌ری و به‌مه‌به‌ستی پاراستنی شاره‌كه له "مه‌ترسی كورد"، عێراقی به‌عس قه‌زا كوردنشینه‌كانی(تلكێف، ئاكرێ، شێخان، حه‌مدانیه، شه‌نگار، ته‌له‌عفه‌ر)ی به هه‌موو ناحیه‌كانیانه‌وه، له ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی دابڕی و له‌ڕووی كارگێڕییه‌وه به پارێزگای نهینهواوهی گرێدان. پاشان قه‌زاكانی(خانه‌قین، مه‌نده‌لی، به‌دره، كفری)ی به هه‌موو ناحیه‌كانیانه‌وه، به‌سه‌ر هه‌ردوو پارێزگای دیاله و واسیتدا دابه‌ش كرد.
رووبه‌ری كوردستانی باشور ده‌وربه‌ری (٨٥٠٠٠) كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه، ئه‌و روبه‌ره‌ی كه كورد ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریدا ده‌شكێت و به هه‌رێمی كوردستان ناسراوه، به نزیكه‌ی (٤٠٠٠٠) كیلۆمه‌تری چوارگۆشه مه‌زه‌نده ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی كه نیوه‌ی خاكی باشور هێشتا له ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕۆی كوردیدایه و به‌پێی مادده‌ی ١٤٠ی ده‌ستوور به ناوچه‌ی "كێشه‌له‌سه‌ر" پێناسه‌كراوه.
سەرەڕای ئەم هەڵە ستراتیژییەی سەرکردایەتی سیاسیی کورد کە لە دەمی دووبارە دامەزراندنەوەی عێراقدا تێیکەوتن، کەمتەرخەمییەکی گەورەیان لە جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوورییەدا نواند و تەماحی پۆست و پارە، ئاییندەی ئەو بەشە گرنگەی خاک و خەڵکی وڵاتەکەیان ڕووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار کردەوە. ڕاستییەکەی ئەوە دەستووری هەرێم نییە کە بڕیار لە کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە دەدات، چونکە دەستووری پێشنیازکراوی هەرێم لەبەردەم تەڵزگەیەکی گەورەدایە کە ئەویش ملکەچبوونیەتی وەکو هەرێمێکی سەر بە دەوڵەتێکی ئیتیحادی بۆ دەستووری عێراق، بەو پێیەش دەستووری عێراق چارەنووسی ئەو ناوچانەی بە ماددەیەک سپاردووە و ماددەکەش جێبەجێ نەکراوە، زۆر ئەستەمە لە دەستووری هەرێمدا لە دەرەوەی ئەم ماددەیە هیچی تر بوترێت.
سەلماندنی کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە تەنها لەڕێی گفتوگۆی سیاسی نەک بە دەقنووسکردنیان لە دەستووری پێشنیازکراوی هەرێمدا مەیسەر دەبێت.