دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 27/07/2021

ئایا ڤاکسینەکان کاریگەریان بەرامبەر زنجیرەی گۆڕاوی دەلتا هەیە؟

دکتۆر عارف گۆران پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو لەندەن

ڤایرۆسی گۆراوی کۆرۆنا ، بە دیاریکراوی زنجیرەی دەلتا لە بەشێکی زۆری وولاتانی جیھان بلاوبۆتەوەو لە ھەلشکانە . گەیشتنی دەلتا بۆ کوردستان شتێکی تەواو چاوەڕوانکراو بوو ، لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە نوێیە، خەلکانێکی زۆر باس لەوەدەکەن، كە ڤاكسینەكان مرۆڤ لە جۆری دەلتای كۆڕۆنا ناپارێزن، بۆیە پێویست بە وەرگرتنی ناكات! ئایا بەڕاستی ڤاكسینەكان كاریگەریان بەسەر ئەو جۆرە نوێیەی كۆڕۆنا نیە؟

ھەوڵدەدەم لەم چەند خالەی خوارەوە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە:

1- بەرلەهەموو شتێك دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین، كە ھیچ ڤاکسێنێک سەد لە سەد نەخۆش ناپارێزێت، ڕاستە سێ ھەفتە دوای وەرگرتنی بڕەژەمی یەکەمی ڤاکسین لەشی مرۆڤ دەست بە درووستکردنی بەرگری دەکات ، بەلام دەبێت ئەوە بووترێت کە بەرگری تەواو دوای دوو ھەفتە لە بڕەژەمی دووەمی ڤاکسین درووست دەبێت . لە بەریتانیا تێبینی کراوە ژمارەی تووشبوان بە جۆری دەلتا لە نێو ئەو كەسانەی تەنیا یەك ژەم ڤاكسینیان وەرگرتووە زۆر زیاتر بووە بە بەراورد بەوانەی هەردوو ژەمی ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە. لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن کاریگەری ڤاکسینەکان دوای بڕەژەمی یەکەم بەرامبەر بە زنجیرەی دەلتا وەكو پێویست نیە، ھەر بۆیە زۆر گرنگە ھەردوو بڕەژەمی ڤاکسینەکان وەربگیرێت،

دەکرێت ژەمی دووەم دوای سێ ھەفتە لە وەرگرتنی ژەمی یەكەم وەربگیرێت، ئەگەر تۆزێك دواتریش بكەوێت زیانی نیە، بە مەرجێک لە سئ مانگ زیاتر نەبێت. بەشێک لە لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن ئەگەر بڕەژەمی دووەم ھەشت ھەفتە دوای بڕەژەمی یەکەم بدرێت بۆی ھەیە کاریەگەری باشتری ھەبێت و برێکی زیاتر لە بەرگری درووست بکات.

2- .لێکۆلینەوەکان دەریان خستووە ڤاکسینەکان کاریگەریان بەرامبەر زنجیرەی دەلتا هەیە، بەلام بە ڕێژەیەکی کەمتر بە بەراوردکردن لەگەل زنجیرە کۆنەکانی کۆرۆنا. بۆی ھەیە ڕێژەی کاریگەری ڤاکسینەکان بەرامبەر دەلتا لە ڤاکسینێکەوە بۆ ڤاکسینکێکی تر بگۆڕێت ، بەلام بە شێوەیەکی گشتی ڤاکسینەکان بە ڕێژەی ٦٦—٨٨٪‏ خەلکی دەپارێزن لە تووشبوون بەو زنجیرە نوێیەی کۆرۆنا. لە بەریتانیا زۆربەی ھەرەزۆری ئەو کەسانەی تووشی زنجیرەی دەلتا بوون لە ڕیزی گەنجەکان ومندالانن، واتە ئەوانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە ، هاوكات ژمارەیەکی بەرچاو لەوکەسانە بوو کە تەنھا یەک بڕەژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە.

3- ڕێژەی تووشبوون بە زنجیرەی دەلتا لەو کەسانەی ھەردوو بڕەژمەی ڤاکسینیان وەرگرتووە زۆر کەمە ، بەلام لەوەش گرنگتر لە ئەگەری تووشبوونیش ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە زۆر ناڕەحەت نابن ، رێژەی ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت یەکجار کەمە . ھەر لەبەر ئەو ھۆیانەیە لە وولاتێکی وەک بەریتانیا لە کاتێک ژمارەی تووشبوون لە ھەلکشانە ژیان تەواو ئاسایی بۆتەوە، چونكە نزیکەی ٧٠٪‏ ی خەلکی بەریتانیا ھەردوو بڕەژەمی ڤاکسینەکانیان وەرگرتووە .

واتە ڤاکسینەکان تاکە ھۆکارن بۆ ئاسایی بوونەوەی ژیان و کەمبوونەوەی مردن بە ھۆی کۆرۆنا. 4- پێنج مانگ پێش ئێستا لە نووسینێكمدا ئاماژەم بەوە كرد، کە مردن بە ھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا دوای وەرگرتنی ڤاکسین دەبێت بە دیاردەیەکی دەگمەن . ھەفتەی ڕابردوو لێکۆلینەوەیەکی گەورە لە ئەمریکا بلاوکراوەتەوە، كە لە کۆی ھەژدە ھەزار مردن بە ھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمتر لە ١٪‏ لە نێو ئەو کەسانەدا بووە، کە ھەردوو ژەمی ڤاکسینەکانیان وەرگرتووە ، بە واتایەکی تر بە گوێرەی ئەو ئامارانەی کە تاکوو ئێستا لەبەردەستە ڤاکسینەکان بە رێژەی ٩٩٪‏ خەلک لە مردن بە ھۆی کۆرۆنا دەپارێزێت .

ئاگادارم ڤاکسینەکان وەک پێویست لەبەردەست نین ، بەلام لە چەند ھەفتەو مانگی داھاتوو برێکی زیاتر دەگاتە عێراق و کوردستان. جێگای داخە خەلکانێکی زۆر لە ڤاكسینەكە دەترسن، ئەو دیاردەیە لە هەموو جیهان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا نزیکەی چوار بلیۆن بڕەژەمی ڤاکسینەکان لە جیھان بەکار ھاتووە و ئەو کەسانەی کێشەیان بۆ درووست بووە بە ھۆی بەکارھێنانی ڤاکسین ژمارەیان یەکجار کەمە .

لە عێراق وەک بەشێکی وولاتە ھەژارەکان کەمتر لە ٣٪‏ دانیشتووان ڤاکسینیان وەرگرتووە، ئەمەش بڕیكی زۆر كەمەو بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەبێتە ھۆی بەردەوامبوون و زیادبوونی کۆرۆنا. کوردستانیانی خۆشەویست دەزانم خەلکی بێزار بوون لە کۆرۆنا ، من لێرەدا باسی کارەنتینەکردن و پەیرەوکردنی ڕێکارەکانی خۆپاراستن ناکەم ، چونکە زۆرینەی خەلکی شارەزاییەکی باشیان دەربارەی ئەو ڤایرۆسە پەیدا كردووە، بەلام لە دۆخێكی وەك ئێستادا، کە ڤایرۆسەکە بە رێژەیەکی زۆر بلاوبۆتەوە ، ئەگەر دەرفەتی ئەوەت ھەبێت ڤاکسین وەربگریت بەھیچ شێوەیەک دوو دل مەبە ،

ئەگەر نیشانەکانی کۆرۆنات ھەیە، کە دەزانین جۆری دەلتا تا رادەیەکی زۆر لە ھەلامەت دەچێت ، ئەوا لە مالەوە مەچۆ دەرەوەو ویژدانت بکە بە حەکەم ، چونکە بە دەرچوونت و تێکەڵ بوون بە خەڵک کۆمەلێک خەلکی بێ گوناح تووشی ئەو ڤایرۆسە دەکەیت . ئەگەر بۆت دەکرێت بۆ دلنیابوون لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە ئەتوانی لە سەنتەرەکان پشکنینی پس سی ئار بکەیت .

لە ئەگەری نارەحەت بوون و تەنگەنەفەسی و دابەزینی رێژەی ئۆکسجین بە زووترین کات سەردانی دکتۆر و نەخۆشخانەکان بکە . بە ھیوای ئەوەی کە کوردستان بە کەمترین زیان لەو شەپۆلەی کۆرۆنا دەربازی بێت .

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP