دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 25/07/2021

ئەم ڕەفتار و گوفتارانەی خوارەوە خەنجەرن بۆدڵی هاوسەرەکەت

ئیدریس نوری

۱.کاتێک لەگەڵ هاوسەرەکەت دەژیت، بەڵام چ ژیانێک ! هیچ هەستی خێزانداریت تێدا بەرجەستە نەبێت ، ئارەزوو دەکەیت بگەڕێیتەوە بۆ نێو ژیانی ڕابردوو، کەلەگەڵ دایک وباوکت دا ژیاوویت .

۲.کاتێک هیچ هونەری ژیان و هەڵکردن و پێکەوە بوون فێر نەبوویت، وە ناتەوێت فێربیت . ڕێز لە پیرۆزیەکانی هاوسەرەکەت ناگریت، وەک باسکردنی کەس وکاری بەخراپە، بە تایبەت "دایک وباوکی هاوسەرەکەت" ئەوکات خەنجەری تیژت ئامادە دەبێت، دڵی هاوسەرەکەتی پێ پارە پارە بکەیت، دواتر پەشیمانی ڕەنگە هیچ دادت نەدات.

۳.کاتێک منداڵەکەت وابەستە بە خۆت دەکەیت، بۆت هیچ گرنگ نی یە هاوسەرەکەت لە تەنهای دا بمێنێتەوە، وە هەمیشە منداڵەکەت هان دەدەیت بۆ ئەوەی کە خۆت دەتەوێت، نەک هاوسەرەکەت. درگای پەیوندی یە سۆزدارییەکانت بەڕووی هاوسەرەکەت دا دەخەیت، هیچ هەست و سۆزێکت بۆی نی یە، ئارەزووی پرۆسەی جوت بون ودەربڕینی ووشەی سۆزداری و گیانی خۆشەویستی ومیهرەبانیت بۆی نی یە، دڵت بۆ هاوسەرەکەت ناسوتێت ،ئەمە لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە منداڵەکەت هەر به ڕواڵەت بەمنداڵی هاسەرەکەت دەزانی، ئا لەم کاتەدا خەنجەری تیژت ئامادەیە، کە بەدڵی هاوسەرەکەت دا بکەیت .

٤.کاتێک هاوسەرەکەت هەموو قوربانی یەکی داوە بۆژیانت، وە هەموو ژیانی خۆی خسته مەترسی یەوە بۆت، کەچی تۆش هیچ پێ نازانیت، بێ منەتی لە بەرامبەری. هیچ ئامانجێکت لەم ژیانەدا نی یە، تەنها هەر ئەوەندە دەزانی ڕۆژ و شەو دێت ودەڕوات . هیچ پێناسەیەکت بۆ فەلسەفەی هاوسەرگیری پێ نی یە .

٥.چەندین ساڵە پێکەوەن، کەچی تۆ هەر هاوسەری خۆت ناناسیت ! نازانی کام کردارە پەرچەکرداری توندە، کام کارە دڵی هاوسەرت خۆش دەکات، لە بەر هەبوونی منداڵ بێت، یان لە بەر قسەی کاسانێک، و بەناچاری درێژە بەژیانی فشەڵ و بێ ئەرزش خۆت دەدەیت ،بێگومان بەم ڕەفتارو گوفتارانەت ، ڕۆژ بەڕۆژ خەنجەرەکەت تیژ دەکەیت بۆ دڵی هاوسەرەکەت .

٦.نەمانی متمانە و ڕاستگۆی، بۆچەندین جار سەلماندنی لاوازی و ناپاکی و هێنانەوەی پۆزشی بێ مانا.

۷.مەزاجی و هەردەم لەسەر پەتێک یاری کردن، هەر ساتە و جۆرێک، کرداری پێچەوانە دژی حەزو پێویستی یەکانی هاوسەرەکەت ئەنجام دەدەیت ،ئەو دەڵێت :گەرم، تۆ دەڵێیت :سارد . کەوتنە سەنگەرت بۆ هاوسەرەکەت، جەنگین لەپێناو سەرکەوتنێک، کەدوورە لە بەهای خێزانێکی بەختەوەر .

٨.(براکماتیزیمی )و پاوەن خوازی، هەموو ئامانجێکت بۆ خوودی خۆت بێت ،هیچ بایەخێکی مادی و مەعنەوی بە هاوسەرەکەت نەدەیت، بۆت گرنگ نەبێت هاوسەرەکەت لە چ حاڵەت و قۆناغێکی تاڵی ژیان دایە، تەنها ئەوەت بەلاوە گرنگە خۆت لە هەموو ڕووەکانەوە تێر و تەواو بیت .

۹. بەژداری پێ نەکردنی هاوسەرەکەت، لە گەشت کردن و سەردان و سەفەرکردن ، بێ ئەوەی ڕەچاووی بارودۆخی دەروونی هاوسەرەکەی بکەیت، خۆت بەتەنها بچیت بۆ گەشت و گوزار .

۱۰.کاتێک هاوسەرەکەت وەک خزمەتکارێک دەبینی نەک هیچی تر، بەجۆرێک وادەزانی هاوسەر دەبێت هەمیشە وەک ڕۆبۆت، یان وەک پلاکێک بێت، کەی وویستت کاربکات، وە بە ئارەزووی خۆت، ماف و ئەرکی هاوسەرەکەت پێشێل بکەیت، ژیانێکی چەندین بارە لە پێناو حەز و ئارەزوەکانی خۆت .

هاوسەرەکەت وەک پەیژەیەک بەکاربهێنی بۆ سەرکەوتنەکانی خواستەکانت. چەند جوانە ئەو خێزانانەی کە بەردەوام لە خەمی سەرخستنی بەختەوەری و چارەسەری خاڵی لاوازی خۆیان ویەکتر دان ، هەمیشە خۆیان نوێ دەکەنەوە ، دادەنشن هەڵەی حۆیان و یەکتر ڕاست دەکەنەوە، یارمەتی پشت و پەنای یەک دەبن ،لەسەرختی و دژوایەرییەکانی ژیان ،گیانی میهرەبانی وخۆشەویستی لە خۆیان وهاوسەرەکانیان دا بەرجەستەدەکەن.

هاوسەری ڕاستەقینە ئەو هاوسەرانە دەگرێتەوە کە هەمیشە ئارامشی و شەپۆلی ئەرێنی چەپکە گووڵی خۆشەویستی باوەشی میهرو دەم ودڵ و دەست و داوێن پاکی بەیەکتر پێش کەشبکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP