دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 24/07/2021

هاوکارییەکانى ئەمریکا بۆ عێراق لە چوارچێوەى گفتوگۆى ستراتیژى نێوانیان

کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشى باڵای نێوان کۆماری عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان لە واشنتن لە ئاستێکی فراواندا پشتیوانی ئەمریکای بۆ عێراق دووپاتکردەوە. ئەمریکا بڕیاریداوە هاوکاریی عێراق لە بوارەکانی تەندروستی، ئابووری، مرۆیی، گۆڕانی کەشوهەوا و چەند لایەنێکی دیکە بکات.

بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لە رۆژی 23-7-2021 بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا 800 هەزار دۆلاری ئەمریکی دەبەخشێتە عێراق، ئەوەش بۆ بەهێزکردنی رێکارەکانی سەلامەتی، هەروەها بەمەبەستی رێگریکردن لە خراپبەکارهێنانی سامپڵی بایۆلۆجی و کەرەستەی پزیشکی.

لە لایەنی کاروباری مرۆییەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 155 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاریی مرۆیی پێشکێشی عێراق دەکات. ئەوەش بۆ دابیکردنی "شوێنی مانەوە، چاودێریی تەندروستی و خۆراک، خزمەتگوزاریی پاککردنەوە لە هەموو ناوچە جیاجیاکانی عێراق." 

هەر بەو پارەیە، هاوکاریی ئاوارە عێراقییەکان دەکرێت بۆئەوەی بەڵگەنامەی شارستانی دەربهێنن و خزمەتگوزاریی یاسایی فەراهەم بکرێت و چاودێریی تەندروستی و زیاکردنی هەوڵەکانی خوێندن و هەلی کار زیاتر بکرێن. 

دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:

تەندروستیی گشتی و پەتا:

- ویلایەتە یەکگرتووەکان 500 هەزار قورچکە ڤاکسینی جۆری فایزەر- بایۆنتێک دەبەخشێتە عێراق لە رێگەی دەستپێشخەری کۆڤاکسەوە. 

- وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا 800 هەزار دۆلاری ئەمریکی دەبەخشێتە عێراق، ئەوەش بۆ بەهێزکردنی رێکارەکانی سەلامەتی، هەروەها بەمەبەستی رێگریکردن لە خراپبەکارهێنانی سامپڵی بایۆلۆجی و کەرەستەی پزیشکی.

- ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکان بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا لە رێگەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تایبەت بە پێویستی وەرگرتنی ڤاکسین و بەردەوامبوون لە خزمەتگوزاریی چاودێریی تەندروستی سەرەتایی. 

- ناوەندەکانی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان و خۆپارێزی، راهێنان لە بواری تەندروستی گشتیدا پێشکێش دەکەن، ئەوەش بەمەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییە تەندروسییەکانی گرێدراو بە کۆبوونەوەی گەورەی خەڵک و باشترکردنی خۆپارێزی و لەنێوبردنی پەتاکان و بەهێزکردنی شێوازی بەڕێوەبردن و هاوئاهەنگی لە بواری وەڵامدانەوەی فریاکەوتنی تەندروستیی گشتی.  

کاروباری مرۆیی:

- ویلایەتە یەکگرتووەکان رادەگەیێنێت کە 155 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاریی مرۆیی پێشکێش دەکات بۆ دابیکردنی شوێنی مانەوە، چاودێریی تەندروستی و خۆراک، خزمەتگوزاریی پاککردنەوە لە هەموو ناوچە جیاجیاکانی عێراق. بەو پارەیە هاوکاریی ئاوارە عێراقییەکان دەکرێت بۆئەوەی بەڵگەنامەی شارستانی دەربهێنن و خزمەتگوزاریی یاسایی فەراهەم بکرێت و چاودێریی تەندروستی و زیاکردنی هەوڵەکانی خوێندن و هەلی کار زیاتر بکرێن. 

وزەی پاک و گۆڕانی کەشوهەوا:

- ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیەوێت هاوکاریی تەکنیکی پێشێکش بکات لە بوارەکانی وزەی نوێبووەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ کەشوهەوا.

- ویلایەتە یەکگرتووەکان ستایشی کاری ئێستای عێراق دەکات لە پێشکێشکردنی "بەشداریی سنوورداری نیشتمانی" گرێدراو بەپێی رێککەوتنی پاریسی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی گۆڕانی کەشوهەوادا.

- ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیەوێت هاوکاریی عێراق بێت لە بەهێزکردنی تواناکانی لە خۆگونجان لەگەڵ کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی، سنووردانان بۆ سووتاندنی گاز و پەرەپێدانی دەستپێشخەری وزەی نوێبووەوە و پاککردنەوە و برەودان بە پاراستنی ئاو و پشتیوانیکردن لە پاراستی رووەکی و ئاژەڵ لە عێراق. 

- ویلایەتە یەکگرتووەکان هانی عێراق دەدات بەشداری بکات لە دەستپێشخەری "ئەرکی داهێنانی کشتوکاڵی بۆ کەشوهەوا"

- زانا و ئەکادیمستەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و عێراق بۆچوونەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن لەبارەی خۆگونجاندن لەگەڵ کەشوهەوا و کەمکردنی کاریگەرییەکانی. 

هاوکاریی ئابووری:

- ویلایەتە یەکگرتووەکان و عێراق گفتوگۆیان کرد لەبارەی چۆنییەتی بوژانەوەی پرۆژەکانی وزەی زیندوو لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و ئاسانکارییکردنی بۆ بازرگانیی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەمریکا. 

- ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادەیە هاوکاری عێراق بکات لە جێبەجێکردنی "پەڕەی سپی" بۆ چاکسازیی ئابووریی، ئەمەش لە رێگەی هاوکاریکردنی ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی  نێودەوڵەتی و بەرنامەی نوێوە لەلایەن وەزارەتی دەرەوە، کە جەخت لە بێگەردی دارایی دەکاتەوە. 

- کۆمپانیای پارەدارکردنی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ عێراق لەبارەی یاداشتی لێکتێگەیشتن و دەیەوێت وەبەرهێنان بکات کە بگاتە یەک ملیار دۆلار، ئەوەش بەمەستی بەهێزکردنی چالاکی کەرتی تایبەت تاوەکو هەلی کار بۆ عێراقییەکان بڕەخسێت.

- کۆمپانیای پارەدارکردنی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا دەیەوێت ئەمساڵ بە ئۆنلاین لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکی و عێراقییەکان کۆبێتەوە بۆ هاوکاریکردن و ئاسانکارییکردن لە پرۆژەکانی وەبەرهێناندا.  

مافەکانی مرۆڤ و هەڵبژاردنەکان:

- هەردوو شاندەکە گفتوگۆیان کرد لەبارەی ئەوەی کە چۆن ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانی حکومەتی عێراق بکات بەشێوەیەکی باش بۆ پاراستنی خۆپێشاندەران، چالاکڤانان، ژنان و رۆژنامەنووسان و بەدواداچوونی بۆ لێپرسینەوەی فەرمی لە تاوانەکانی تووندتیژیی دژی ئەو گرووپانە. 

بەم دواییانە ویلایەتە یەکگرتووەکان 9,7 ملیۆن دۆلاری پێشکێشی شاندی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق - یونامی کردووە، ئەوەش بەمەبەستی هاوکاریکردنی لەبواری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن. ویلایەتە یەکگرتووەکان پلانێکی خستەڕوو بۆئەوەی 5,2 ملیۆن دۆلاری دیکە بداتە تیمەکەی سەر بە یونامی و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ کۆنگرێس لە گفتوگۆدایە.  

- هەردوو وڵات رێککەوتن کە تیمی چاودێری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و تیمی دیکەی سەر بە نێردەی یەکێتی ئەوروپا هەوڵی راستگۆیانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتین بۆ پشتیوانییکردن لە داواکارییەکانی گەلی عێراق بە مەبەستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە تشرینی یەکەمدا.  

- ویلایەتە یەکگرتووەکان دووپاتیکردەوە کە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی عێراق لە چوارچێوەی هاوکارییکردنی ئەو کۆمەڵگەیانەی داعش کردنییە ئامانج تاوەکو دەکەونەوە سەرپێی خۆیان؛ هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکان کاردەکات بۆ تێکەڵاوکردنی ئاشتییانەی ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە لەگەڵ کۆمەڵگەی عێراقدا. 

-  ویلایەتە یەکگرتووەکان ستایشی حکومەتی عێراقی کرد لە پەسندکردنی یاسای رزگاربووانی ژنانی ئێزدی؛ هەردوو شاندیش رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە پێویستە یاساکە جێبەجێبکرێت و پشتیوانی لە "بەڕێوەبەرایەتی کاروباری رزگاربووانی نوێ" لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بکەن، ئەوەش بە مەبەستی ئاسانکارییکردن لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری و قەرەبووکردنەوەی رزگاربووانی ئێزدی دەستی داعش. حکومەتی عێراق پابەندە بە دەرکردنی یاسای دادگای باڵا بۆ بەهێزکردنی دادپەوەری بۆ رزگابووانی دەستی داعش. 

خوێندنی باڵا و رۆشنبیری:

ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2017ـەوە 17,5 مليۆن دۆلاری پێشکێشکردووە بۆ پشتیوانیکردن لەو دامەزراوانەی خوێندنی باڵا کە ناحکومین و قازانج نەویستن.  

- ویلایەتە یەکگرتووەکان و عێراق و دامەزراوەی "سمیسسۆنیان" بڕیاریانداوە پرۆژەی رزگاکردنی نەمروود گەورە و فراوانتر بکەن.

- ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوکاری پێشکێش دەکات بۆ پرۆژەکانی پاراستنی شوێنەوار لە بابل، موسڵ، هەولێر و ناوچەکانی دیکە کە مەترسییان لەسەرە.

- ویلایە یەکگرتووەکان دەستیپێشخەری مۆزەخانەی ئۆنلاین دەکات بە هاوکاری "ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆ شوێنەوار و کەلەپوور" بەناوی "گەنجینەکانی وڵاتی نێوان دوو رووبار"، کە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە شوێنەوار و کەلەپووری دەوڵەمەندی عێراق بە ملیۆنان کەس دەگەیێنت.

- ویلایەتە یەکگرتووەکان 1,2 مليۆن دۆلار تەرخان دەکات بۆ دەستپێشخەری "زانکۆ ئازادکراوەکان" و لەسەر ئەو بنچینەیەش ئەو زانکۆ عێراقییانەی نەینەوا نۆژەن دەکرێنەوە داعش وێرانی کردبوون.

-  جارێکی دیکە ویلایەتە یەکگرتووەکان و عێراق پابەندبوونیان دووپاتدەکەنەوە لەسەر میکانیزمێك بۆ ئەوەی دەرچووانی زانکۆ بە باشترین شێوە بۆ کارکردن ئامادە بکرێن، ئەوەش لە رێگەی خولەکانی وانەگوتنەوە و هەلی فراوانی خوێندن و پێدانی زەمالەی خوێندن لە رێگەی "هاوبەشیی خوێندنی باڵا" و بەرنامەی فوڵبرایت و بەرنامەی "ئاڵوگۆڕی سەرکردە گەنجە عێراقییەکان" و بەرنامەی "بەخشینی بچووک بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی."

 

سەرچاوە : لە میدیاکانەوە 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP