دواین هەواڵ

ئابوری‌

 24/07/2021

عێراق ساڵانە ملیۆنێک تۆن نەوت دەدات بە لوبنان لە بەرامبەر کەلو پەل و خزمەتگوزاری

وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت، بەپێى  ڕێککەوتن نامەیەک کە ئەمڕۆ شەممە  24-7-2021 واژوو کراوە، عێراق ساڵانە ملیۆنێک تۆن نەوتی رەش دەداتە لوبنان بەرامبەر خزمەتگوزاری و کەلوپەل.

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 24-7-2021 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنێک لەنێوان کۆماری عێراق و کۆماری لوبنان بەڕێوەچوو؛ بەپێی ئەو رێککەوتنە، عێراق ساڵانە ملیۆنێک تۆن نەوتی رەشی زیاد لە پێویستی پاڵاوگەکانی خۆی و بە نرخی بازاڕەکانی جیهان کە کۆمپانیای سۆمۆ پەسندی دەکات دەداتە لوبنان بەرامبەر خزمەتگوزاری و کەلوپەل."

ڕاگەیەندراوەکە دا ئەوەش خراوەتە ڕوو کە ، "لە لایەن عێراقییەوە عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی و لەلایەن لوبنانییەوە ریمۆن غەجەر، وەزیری وزە و ئاو رێککەوتنەکەیان واژۆکرد؛ دواتر هەریەک لە عەلا یاسری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی سۆمۆ و ئۆرۆ فەغالی، بەڕێوەبەری گشتیی نەوتی لوبنان گرێبەستی رێککەوتنەکەیان واژۆکرد."

لە سەرەتای مانگی تەممووزی 2021 دا حەسان دیاب، سەرۆکوەزیرانی لوبنان هۆشداری لەبارەی دۆخی نێوخۆی وڵاتەکەی دا و رایگەیاند، "چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ تەقینەوەی جەماوەری لە لوبنان؛ بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم بە هانامانەوە بێت و لەم قەیران داراییە رزگارمان بکات."

ماوەی چەند ساڵێکە لوبنان بە دەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت و ئێستاش قەیرانی بەنزین خەڵکی لوبنانی هەراسان کردووە.
بانکی جیهانی قەیرانەکەی لوبنان بە یەکێک لە خراپترین هەڵاوسان لە مێژووی مۆدێرنی وڵاتەکەدا ناودەبات؛ دراوی لوبنان لە 18 مانگی رابردوودا زیاتر 90٪ـی بەهای خۆی لەدەستداوە و بەوەش زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی لوبنان کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP