دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 24/07/2021

ئەمریکاو چین ڕووبەڕِووى یەک

بورهان شێخ رەئوف:

ئەگەر جۆبایدنی سەرۆکی ئەمریکا لە گەڵ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ترەمپ لە هەموو سکتەرەکاندا دژ بە یەک و جیاواز و پێچەوانە بوو بوون، ئەوا لە مەسەلەی چیندا هاوڕا بوون ئەویش ئەوەیە پکین دوژمنی پلە یەکی واشنتۆنە.

ئێستاش گریمانەی ناکۆکی و سیناریۆکانی ڕووبەڕوو بوونەوەو ململانێکانی نێوان ئەو دوو هێزە گەورەو کاریگەرەی سەر گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە هەموو کات زیاتر گەرم و گوڕو ئامادەیە، لە کاتێکدا حزبی کۆمۆنیستی چینی یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە، لەلایەکی تریشەوە ئەمریکاش سەرقاڵی تەشقەڵەو جۆشدانی ململانێکانیەتی لە دژی چین لە زۆر بەرەی جیاوازەو، لەوانە مەسەلەی تایوان، دۆسیەی مافی مرۆڤ، جگە لە جەنگ و ململانێی بازرگانی گڕگرتوو لە مێژەوە.

چین چۆن پێشکەوت؟

لە دەیەی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی گەورە هاتە ئاراوە لە دیدوبۆچوونی خۆرئاواییەکان بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەتی بەرامبەر بە دەوڵەت و گەلی چین، ئیتر چین ئەو ئەسپە هێمن و سەلارە نەبوو کە ئابووری جیهان بە دوای خۆیدا ڕابکێشێت، بەڵکو چین ئێستا بووەتە ڕکابەری سەرەکی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، هەر ئەوانەش بوو وای لە (ینس ستولتنبیرگ ) ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ کرد بڵێت: چین نزیک دەبێتەوە لێمان لە گەردوونی سیبرانی ، لە قوتبی باکوور دەیانبینین ، لە ئەفریقیان، هاوبەشن لە بنیاتنانی ژێرخانی بنەڕەتی ئێمەدا، ئەوکاتە ڕۆیی ڕستەی ( لەچین دروست کراوە – ێنع فی ێین ) مایەی گاڵتەجاڕی بێت.

دیارترینی ئاماژەکانی گۆڕانکاری لە دیدوبۆچوونی خۆرئاواییەکان لە هەمبەر چین، ئەو کۆشش و تەقەلا زۆرو زەوەندانەیە کە پەیمانگا کانی توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی ئیستراتیجی و جیۆ سیاسی خۆرئاوایی دەستیان داوەتی بۆ ئەوەی لە نهێنی ئەو پێشکەوتنە سەرسوڕهێنەرو ئێجگار گەورانەی چین تێ بگەن و بزانن لە چیەوە سەرچاوەی گرتووە بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا، زۆرێک لە لێکۆڵینەوەو توێژینەوەکانیان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە (دینگ شیاو بینگ ) ی سەرۆکی چین لە هەشتاکانی سەدەی پێشوو کە سەرکردایەتی ئەم هەستانەوەی وڵاتەکەی کرد توانی تێبگا و چارە بۆ بەربەستی سەرەکی ئابووری سیاسی وڵاتەکەی بدۆزێتەوە، ئەویش چۆن دەتوانی بەسەرکەوتوویی گەشە بە ئابوری وڵاتەکەت بدەیت، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری سەروەری وڵاتەکەت بیت، هەروەها چین لێکۆڵینەوەی وردی مێژووەکەی خۆی بەباشی کرد بوو، لایەنە گەشو بەهێزەکانی دیاریکرد، بۆئەوەی گرنتی دووبارە نەبوونەوەی سەدەی دیلێتی و ژێردەستی نەبێتەوە کە لەلایەن یابان و خۆرئاواییەکانەوە زۆری بە دەستەوە چەشت بوو.

ئێستاش کە (شی جین بینگ ) سەرۆکی چینەـ میراتگری ئەو پەیکەرو دامەزراوە ئیدیۆلوجیانەیە کە سەرۆک ( دینگ شیاو بینگ ) بنیاتی نا بۆ وڵاتەکەی، ئەو پەیکەرو بناغە مکومە بوونە سەرچاوەی ئەم هەڵوێست و توانا بەهێزەی پکین، ئەمە شتێکی کتوپڕو نەبوو ئاکامی کارو بیرو خەباتی ئیدیۆلۆجی و چاودێری ورد و پاداشت و سزاو زۆر پرنسیبی گەورەی حزبی کۆمۆنیستی چین بوو، کە ئێستا چین خاوەن ئابوورییەکی زل و زەبەلاح هاوتەریبی ئەمریکا و تەنانەت هەندێک ناوەند لە ئەمریکاش بە هێزتری دەخەمڵێنن.

لە ڕووی سەربازییەوە کامیان بەهێزن چین و ئەمریکا؟

وەزیری بەرگری ئەمریکا (لۆید ئوستن ) لەم ڕۆژانەدا ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی لە دوو دەیەی ڕابردوودا خۆی سەرقاڵی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کردبوو، بەڵام چینیش لە بەرامبەردا سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی بوو، هەروەها وتبووی لەمەودوا پاریزگاری لە سەردەستی توانا سەربازییەکانی خۆمان دەکەین و هەوڵی بەرزکردنەوەشی دەدەین لە ئێستا بە دواوە.

هەرتایبەت بەم بابەتە ڕۆژێک نیە گوێمان لە لێدوانی بەرپرسێکی ئەمریکا یان ڕاپۆرتێک نەبێت کە ئاڕاستەی کۆنگریس یان وەزارەتی دەرەوە کرابێت، کە هۆشداری دەدات لە مەترسی و هەڕەشەی چین بۆ سەر ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چڕکردنەوەی تواناکان ی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی چین لە وڵاتەکەیان.
لەلایەکی ترەوە زۆرێک لە شرۆڤەکاران کە زۆربەیان ئەمریکی و خۆرئاوایین لەو بڕوایەدان ئەو دیدو بۆچوونانە دوورن لە ڕاستیەوەو سەبارەت بە زەبەلاح کردنی هێزو توانای سەربازی چین.

هەر دەربارەی ئەو بەراوردە ی نێوان هێزی سەربازی چین و ئەمریکا زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە جیاوازی نێوانیان ئاسمان و ڕێسمانە، بە جۆرێک ئەمریکا خاوەنی کڵاوەی ئەتۆمییە کە بیست جار لە چین زیاترە، لە کەشتی دەریاییشدا ئەمریکا دوو ئەوەندەی چینی هەیە، واشنتۆن 11 فڕۆکە هەڵگری هەیە کە بە وزەی ئەتۆم کار دەکەن، لە بەرامبەردا چین تەنها دوو فڕۆکە هەڵگری هەیە کە کەمتر پێشکەوتوون.

سوپای ئەمریکا لە هێزی ئاسمانی 2000 فڕۆکەی پێشکەوتووی هەیە، بەڵام چین 600 فڕۆکەی جەنگە هەیە، ئەمریکا هەموو ئەم هێزانەی بەو چەکە وێرانکەرانەوە بڵاوکردۆتەوە لە 800 بنکەی جیاوازدا لە هەموو جیهاندا، لە بەرامبەردا چین تەنها 3 بنکەی هەیە لە درەوەی وڵاتەکەی خۆی، بوودجەی سەربازی چین 200 ملیار دۆلارە کە ئەمەش بەبەراورد بە بوودجەی زەبەلاحی ئەمریکا سێیەکی ئەو بوودجەیە کە ئەمریکا تەرخانە دەکات ساڵانە بۆ بەرگری.

واتا کامیان سەردەکەون لەم ململانێدا؟

لە ئاکامی بەراوردی هێزو توانای ئابوری و سەربازی و چەکداری ئەو دوو جەمسەرە بەهێزەدا، لە پێش بوون و سەردەستی ئەمریکا بە ڕادەیەکی زۆر، ئەمریکیەکان متمانەی زۆریان بە خۆیان هەیە کە چین ناتوانێت پەلاماری وڵاتەکەیان بدات و بەسەریاندا زاڵ بێت، خاڵێکی گرنگترو بەهێزتری خۆیشیان لەوەدا دەبینن کە نمونەی سیستمی دیموکراسی و مۆراڵی حوکمڕانی ئەمریکایە کە توانای ڕاکێشانی دۆست و هاوپەیمانی زیاترە لە سیستمی تاک حزبی و داخراوی چینی.

هەر لەو چوار چێوەو فۆرمەیشدایە سیاسیە ئەمریکیەکان جەنگ وململانێکانیان لە گەڵ چیندا وا وێنا دەکەن کە گوایە بەتەنها ململانێیە لە گەڵ حزبی کۆمۆنیستی چیندا نەک گەلی چین بە گشتی، هەروەها ئەم ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ چیندا وا لێک دەدەنەوە کە ئەمە هەڕەشەو مەترسی چینە بۆ سەر سیستمی ژیانی ئەمریکا بە تایبەتی و خۆرئاواییەکان بەگشتی.

چین هەڕەشەیە بۆ ئەمریکا؟

(ئەفریل هینز ) بەڕێوەبەر ئاژانسی هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا لە ئیدارەی بایدن لەم دواییانەدا ڕیگەیاندبوو (چین ئالەنگاریی ئاسایش و ئارامی و بەهاکانی ئەمریکایە لە زۆر بابەتدا ) کە ئەمریکیەکانیش ئەم لێدوانانە دەبیستن چەپڵە لێدەدەن بەگەرمی، ڕۆژانە ئەم لێدوانانە دووبارە دەبێتەوە لەلایەن زۆر بەرپرسی ئەمریکیەوە .

لەلایەکی ترەوە ڕاو بۆچوونی پێچەوانەی ئەم لێدوانانەش دەبیسین لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەو شرۆڤەکارانی پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکاوە و ئەوان لەو بڕوایەدان کە ئەم بۆچوونانە دوورن لە ڕاستیەوە و چین هیچ ئالەنگاری و بەربەستێک نیە بۆ پێشکەوتنی ئابووری ئەمریکا، بەڵکو ئەوە پێشکەوتنی ئابووری ئەمریکا بوو زەمینەسازی کرد بۆ ئەوەی ئابووری چین پێش بکەوێت کە لە ساڵی 1980 ئابووری چین دەیەکی ئابووری ئەمریکا بوو کە لە ساڵی 2014 توانای کڕینی زیاتر بێت.

لەلایەکی ترەوە ئەو ناوەندانە لەو بڕوایەدان چین هیچ ترس و هەڕەشە نیە بۆ ئاسایشی ئەمریکا ئەمەش بە ئاسانی لە بەراوردی نێوان هێزو توانای ئەو دوو زڵاتەدا بە دی دەکرێت، چین نیازی نیە پەلاماری ئەمریکا بدات، نیازی نیە گورزی ئەتۆمی ئاڕاستەی ئەکریکا بکات چین، چین هەڕەشە نیە بۆ هەژموونی سەربازی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەکانی دی لە جیهان، بە کورتی ئەوان لەو باوەڕەدان ئەمریکا و چین دوژمنی یەکدی نین.

لە کۆتاییدا ئەگەر:

1- ئەمریکیەکان شانازی بە سیستمی دیموکراسی خۆیانەوە بکەن، وابزانن هەموو جیهان ئیرەییان پێ دەبەن بۆ دروشمەکانی مافی مرۆڤ و ڕادەربڕینی ئازاد و دیموکراسی و خۆیان وا وێنا بکەن هەر ئەوان دەتوانن ئارامی خۆشگوزەرانی فەراهەم بکەن بۆ میللەتان ،ئەوە ڕەنگە خاڵێکی لاواز بێت بۆیان چونکە لە بەرامبەر دا ئەو چینیەکانیش ئەزموونێکی تریان پیادەکردووە کە سیستمی تاک حزبیە کە ئابووریەکەیان هاوشانی ئەمریکایە و توانیان گەلەکەیان کە 1،4 ملیارو چوارسەد ملیۆن کەسە خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بکەن کە داهاتی تاک زۆر بەرزە لە ئەمریکا وڵاتانی تری خۆرئاوا کەمتر نیە.

2- هەرچەندە خۆرئاواییەکان سیستمی حوکمرانی چینی بە دکتاتۆری ناودەبەن بەڵام ئەمە نەبووەنتە ڕێگر لە بەستنی پەیوەندی دیبلۆماسی و ئابووری لە نێوان چین و ئەو وڵاتانەدا بە تایبەتی خودی ئەمریکاش کە تا سەرۆکی پێشوو ترەمپ هات و شەڕی بازرگانی دژی چین ڕاگەیاند و ئێستاش سەرۆک بایدن درێژەی پێ دەدات.

3- هەوڵدانی ئیدارەی بایدن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیتیەک لە وڵاتانی دیموکراسی خۆرئاوا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی چین لەوەیە میکانیزمێکی گونجاو نەبێت بە قەد ئەوەی خەیاڵ بێت چونکە بەرژەوەندی ئاراستەی پەیوەندییە نێوان وڵاتان دیاری دەکات نەک ئیدیۆلۆجیا ، وەکو جەنگی ساردی نێوان سۆڤیەت و ئەمریکا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP