دواین هەواڵ

جیهان‌

 24/07/2021

وتەبێژی تالیبان: ڕێگە بە خوێندنی کچان و کارکردن و بەشداری سیاسیی ژنان دەدەین بەحیجابەوە

پێویست ناکات ژنان کاتێک دەچنە دەرەوە پیاوێکی خێزانەکانیان لەگەڵدا بێت

هەرێم نیوز
وتەبێژی بزووتنەوەى تالیبان رایگەیاند: لە حکومەتێکی نوێی ئەفغانستاندا کە تالیبانی تێدابێت، ڕێگە بە خوێندنی کچان، کارکردنی ژنان و بەشداری سیاسی ژنان دەدرێت بەحیجابەوە یان بەسەرپۆشەوە.


راشیگەیاند: ئەوان نایانەوێت دەسەڵات قۆرخبکەن، بەڵام جەختیش لەوە کردەوە ئاشتی لە ئەفغانستاندا نایاتەدی هەتا ئەوکاتەی حکومەتێکی نوێ لە کابوڵ پێکنەیەت و سەرۆک ئەشرەف غەنی لەسەر دەسەڵات لانەچێت.

لە میانەی وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتدپرێس، سوهەیل شاهین وتەبێژی بزووتنەوەى تالیبان کە ئەندامی دەستەی دانوستاندکاری بزووتنەوەکەشە، هەڵوێستی بزووتنەوەکەى لەسەر داهاتووی وڵاتەکەى خستەڕوو.

وتیشی "پێویست ناکات ژنان کاتێک دەچنە دەرەوە پیاوێکی خێزانەکانیان لەگەڵدا بێت و سەرکردەکانی تالیبان کە بەمدواییانە چەند ناوچەیەکیان کۆنترۆڵ کردووە فەرمانیان داوە زانکۆکان و خوێندنگاکان هەر وەکو پێشووتر کارەکانیان بکەن ژنان و کچانیش هەر بەشدارییان هەبێت".

لەبارەى ئاگربەستى نێوان حکومەتى ئەفغانستان و بزووتنەوەى تالیبانیشەوە وتی "بەرلە هەر ئاگربەستێک پێویستە ڕێککەوتن لەسەر حکومەتێکی نوێ بکرێت کە جێگای ڕەزامەندی ئێمەو ئەفغانییەکانی تریش بێت، ئەوکاتە شەڕ نامێنێت".

واشنتن بەڵێنی داوە هەزاران وەرگێڕی ئەفغانی کە بۆ هیزەکانی ئەمریکا کاریان کردووە بگوازێتەوە. شاهین وتى "پێویست ناکات لە تالیبان بترسن و نکوڵی لەوە کرد کە هەڕەشەیان لەسەر هەبێت، بەڵام وتیشی، ئەگەر هەر کەسێک بیەوێت پەنا بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا ببات بەهۆی باری خراپی ئابوری ئەفغانستان " ئەوە ئارەزوی خۆیانە".

وتیشی، ڕۆژنامەوانانیش هیچ مەترسییەکیان لەسەر نابێت تەنانەت ئەوانەش کە کار بۆ میدیا ڕۆژئاواییەکان دەکەن پێویست ناکات لە حکومەتێک بترسن کە تالیبانی تێدابێت.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان لەسەدا ٩٥ى کۆتایپێهاتووە و بڕیارە لە 31-8 بە تەواوەتی کۆتاییپێبێت.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا تالیبان زۆر بە خێرایی چەندین خاڵی سنووری ستراتیژی ئەفغانستانى کۆنترۆڵکردووە.

20 ساڵ لەمەوبەر کە تالیبان لە دەسەڵاتدا بوو ڕێگەیان بە خوێندنی کچان نەدەدا و کارکردنی ژنانیان قەدەغە دەکرد، لە ئێستادا ئەوە بووەتە هۆی ترسی گەڕانەوەیان لە نێو زۆربەی ئەفغانییەکاندا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP