دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

میدیاكانى لاهور شێخ جه‌نگی، دژ به‌ خۆی به‌كارده‌هێنرێنه‌وه‌

  1. هه‌رێم نیوز
    میدیاكانی‌ لاهور شێخ جه‌نگی، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ روداوه‌كانی 8ی‌ ته‌موز بۆ 15ی‌ ته‌موز له‌ چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی زۆرێك له‌و داموده‌زگایانه‌ی‌ ئه‌و به‌ڕێوه‌ی به‌ده‌ربردن، كه‌وتنه‌ ده‌ست لایه‌نگرانی بافڵ تاڵه‌بانی، له‌ ئێستادا دژ به‌ خودی ئەو به‌كارده‌هێنرێنه‌وه‌و هه‌وڵده‌درێت سودیان لێوه‌ربگیرێت لەو ململانێیەى نێوان هەردو هاوسەرۆک کە هێشتا بەشێوەیەکی سارد بەردەوامییان هەیە.

    له‌و چوارچێوه‌یه‌دا په‌یجێكی به‌ناوبانگی لاهور شێخ جه‌نگی، به‌ناوی‌ (ژیان) كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا خاوه‌نی وێب سایتیشه‌، كاتێك ده‌ست به‌سه‌ر كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ی‌ IPLUS دا گیرا، كه‌وتوه‌ته‌ ده‌ست لایه‌نگرانی بافڵ تاڵه‌بانی و دژ به‌ خودی لاهور شێخ جه‌نگی به‌كارده‌هێنرێت.

    له‌ نوێترین كاری ئه‌و په‌یجه‌شدا، راپۆرتێك له‌ شێوه‌ی‌ وه‌ڵام بۆ دواترین په‌یامه‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ی‌ لاهور شێخ جه‌نگی دروستكراوه‌، كه‌ به‌بۆنه‌ی‌ جه‌ژنی قوربانه‌وه‌ پێشكه‌شیكردو تێیدا به‌ وردی وه‌ڵامی سه‌رجه‌م قسه‌كانی دراوه‌ته‌وه‌.

    به‌پێی زانیارییه‌كان، كاتێك له‌ رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ ‌١٣-٧-٢٠٢١ روداوه‌كان په‌ره‌ی سه‌ندو هێزێكی ئه‌منی چوه‌ سه‌ر كه‌ناڵی ئای پڵه‌س_ی لاهور شێخ جه‌نگی، كه‌ بڕیاربو له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی داهاتو په‌خشی ده‌ستپێبكات، له‌ چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كه‌لوپه‌له‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان و كارمه‌نده‌ سه‌ره‌كییه‌كان، كه‌سێك دۆزراوه‌تەوە كه‌ كاری IT بوه‌و به‌رپرسیارییه‌تی زۆرێك له‌ په‌یجه‌كانی سه‌ر به‌ لاهور شێخ جه‌نگی له‌ به‌رده‌ستدابوه‌.

    ئه‌و په‌یج و وێبسایتانه‌ی كه‌ سه‌ر به‌ لاهور شێخ جه‌نگی بون به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی، بریتی بون لە (پۆڵه‌تیك پرێس، كۆباس، ڤه‌ده‌نگ، ژیان، مۆر، لڤین، ئاژانسی وڵات، ئای‌ پڵه‌س)، چه‌نده‌ها په‌یجی تریش به‌شێوه‌یه‌كی ناڕه‌سمی له‌سه‌ر لاهور شێخ جه‌نگی ئه‌ژماركراون و لایه‌نگریان بۆ ئه‌و هه‌یه‌.

    له‌ دوای‌ ئه‌و روداوانه‌، كاری په‌یج و میدیا سه‌ره‌كییه‌كانی لاهور شێخ جه‌نگی راوه‌ستاو کارمەندەکانیان نێردرانەوە ماڵەوە، لە ئێستاشدا چه‌ند په‌یجێكی بچوك ناوبه‌ناو له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی‌ بافڵ تاڵه‌بانی ده‌ستیپێكرد، ناوبه‌ناو به‌رگری له‌ لاهور شێخ جه‌نگی ده‌كه‌ن.


  2. نیو ملیۆن دۆلار مانگانه‌ بۆ میدیاكانی لاهور شێخ جه‌نگی رۆشتبو
    رۆژ چوارشەممە 14-7-2021 سایتی /ئێستا/ی نزیك له‌ باڤڵ تاڵه‌بانی له‌ زاری سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی بڕیاری ڕێكخستنەوەی ئەو میدیایانەی “بە پارەی حیزبەكە و خەڵكی سنوری سلێمانی” دروستكراون، قسەی بۆ سایته‌كه‌ کردبو وتبوی، “لە چەند ساڵی كەمی ڕابردو، جگە لەوەی لە چەند لایەن و بوارێكی دیكە دەست خرابوە بینەقاقای خەڵكی سنوری سلێمانی، بەتایبەت لەڕوی قاچاخچێتی و بازرگانی، داهاتێكی زۆری سنورەكە و یەكێتیش بۆ لێشاوێك كەناڵی میدیایی و پەیجی سۆشیال میدیا دەڕۆیشت، كە نەك هەر ئەركە سروشتییە میدیاییەكەی خۆیان جێبەجێ نەدەكرد، بەڵكو بۆ شەڕی سیاسیی ئاستنزم و برەودان بە ئەخلاقێكی سیاسیی زۆربڵێ، بەڵام هیچ لەبارانەبو بەكاردەهات”.

    بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، یەكێك لەو گلەییانەی لەبەشێك لەو میدیایانە هەبون ئەوەیە، كە “زۆری دەوت، بەڵام لەڕوی  میدیایی و ئەركە سروشتییە میدیاییەكانی بەرامبەر بە كۆمەڵگە خراپترین ئەدای پێشكەشدەكرد، جگە لە نزمیی ئاستی پەیامە سیاسی، كۆمەڵایەتی و میدیاییەكەی، سەرچاوەی دڵەڕاوكێ و دودڵی و نیگەرانییەكی زۆری خەڵك بو”.

    سەرچاوە باڵاكەی یەكێتی لەبارەی ئامانجەكانی ڕێكخستنەوەی میدیاكانی حیزبەكەوە ڕونیكردوەتەوە “ئامانجی یەكەمی ڕێكخستنەوەی ئەو میدیایانەی بە پارەی خەڵكی ماندوی سلێمانی و هەروەها یەكێتی دروستدەكران، كۆتاییهێنانە بەو ژەهرە میدیایی، سیاسی و كۆمەڵایەتییەی لە ڕێگەی پەیجە ساختەكانی سۆشیال میدیا و هەندێك دامەزراوەی میدیاییەوە، بێ ویستی خەڵك، دەدرا بە وەرگر، دەرەنجامەكەشی جگە لە ماندوكردنی خەڵك و دروستكردنی دڵەڕاوكێ، برەوی بە ئەخلاق و ڕەفتارێكی سیاسیی ئاستنزم دەدا، كە زۆری دەوت، بەڵام هیچی نەدەكرد و زۆربڵێییەكەی نەدەگۆڕا بۆ باشتركردنی بژێویی ژیانی هەمان ئەو خەڵكەی، داهاتە بەناحەق دزراوەكەی دەكرایە سوتەمەنی بەردەوامیدان بەو میدیایە”.

    ئاماژەی‌ بەوەشدا، ئامانجێكی دیكەی ڕێكخستنەوەی میدیاكانی سەر بە یەكێتی و “هەر میدیایەك بە پارەی یەكێتی و خەڵكی سنورەكە دروستكرابێت، كۆتاییهێنانە بەو بەهەدەردانە داراییە گەورەیەی لەو میدیایانەدا خەرجدەكرا”.

    لەبارەی بەهەدەردانی پارەو تێچوی ئەو میدیا كەسییانە، سەرچاوە باڵاكەی یەكێتی ئاشكرایكرد، “كەناڵێك، كە نزیكەی سێ ساڵە باس لە دروستكردنی دەكرێت و وا پڕوپاگەندەی بۆكرا، دەبێتە یەكێك لە هەرە كەناڵە پرۆفیشناڵ و ئاستبەرزەكانی میدیای كوردی، بەڵام دوای خەرجكردنی دەیان ملیۆن دۆلاری خەڵكی سلێمانی و یەكێتی، نەك هەر دەستی بە پەخش نەكرد، بەڵكو ببوە ناوەندی دروستكردنی پەیامی ئاستنزمی میدیایی و سیاسی بۆ پەیجە ساختەكان و میدیای دیكە، كە ئەنجامەكەی جگە لە هیلاككردنی زیاتری خەڵك و دروستكردنی دڕدۆنگی، هیچی دیكە نەبو، مەبەستە سەرەكییەكەشی لێدان بو لە هاوحیزبەكانی خۆی لەناو حیزب و حكومەت و پەرلەمان”.

    سەرچاوە باڵاکەی یەکێتی باسی لەوەکرد، كەناڵێك، كە هەر نەكرایەوە، (IPLUS) “كەمترین موچە تیایدا هەزار و 500 دۆلار بوە، بەشێكی زۆری كارمەندەكانی دوو هەزار و 500 دۆلار بۆ پێنج هەزار دۆلار موچەیان بوە، موچەی مانگانەی كەسی یەكەمی كەناڵەكەش زیاتر بوە لە 15 هەزار دۆلار، بەگشتیش لە كەناڵێكدا، كە تەنانەت یەك دەقە پەخشی نەكردوە، دەیان ملیۆن دۆلار لە قوتی خەڵك و داهاتی یەكێتی خەرجكراوە”.

     سەرچاوە باڵاكەی یەكێتی دوپاتیكردەوە، “بڕیاری ڕێكخستنەوەی كەناڵە میدیاییەكان بێ دودڵی جێبەجێدەكرێت، هەنگاوی ڕێكخستنەوەی میدیای سەر بە یەكێتی، هەم كۆتایی بە ژەهری نێو سۆشیال میدیا و پەیجی ساختە و پەیامی میدیایی بێكوالێتی و نزمەئاست دێنێت، كە بەناوی دژایەتیكردنی لایەنی دیكەوە پەنجەی براكانی خۆی دەشكاند، خەڵكی زیاتر ماندو و بێئومێد دەكرد، هەم چیتر ڕێگە بە بەهەدەردانی ملیۆنان دۆلاری قوت و داهاتی خەڵكی سنوری سلێمانی و پارەی یەكێتی نادرێت بۆ دروستكردنی ئەو میدیا هیچلەبارانەبوانە”.
     
    8ی‌ ته‌موز تا 15ی‌ ته‌موز چی رویدا؟
        به‌ره‌به‌یانی (رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌ 8-7-2021) بافڵ تاڵه‌بانی چوه‌ سه‌ر ده‌زگای زانیاری و محه‌مه‌د ته‌حسین تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ده‌زگاكه‌ کە دەکاتە برای ئاڵا تاڵەبانی، لەگەڵ ره‌نج شێخ عه‌لی‌، راوێژكاری ده‌زگای زانیاری و خوشکەزای لاهور شێخ جەنگی، ده‌ستگیركرد.

        پاش نێوانگری چه‌ند به‌رپرس و لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی له‌ نێوانیاندا ئێران، ئازادی كردن. دواتر لە گۆڕانکارییەکانی ئەو دەزگایانە، (ئه‌ژی ئه‌مین) له‌بری (محەمەد تەحسین تاڵەبانی) دانرا.

        پاش یەکلاکردنەوەی‌ پۆستی ده‌زگای‌ زانیاری، له‌ سه‌رله‌به‌یانی رۆژی یه‌كشه‌ممه ‌11-7-2021، بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاله‌بانی‌ پۆستی به‌رپرسی هێزی دژه‌ تیرۆر-یشیان یه‌كلاكرده‌وه‌و له‌بری پۆڵاد شێخ جه‌نگی، برای لاهور شێخ جه‌نگی، وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌ییان كرد به‌ به‌رپرسی ئه‌و هێزه‌.

    هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی تری یەکێتی، زۆرینەیان لەو ململانێیەدا چونە پاڵ بافڵ تاڵەبانی و پشتیان کردە لاهور شێخ جەنگی.

            هاوكات زۆربەی سەرکردە کۆنەکانی یەکێتی چونە پاڵ بافڵ تاڵەبانی، چونکە ئەوان لەکۆنگرەی چواری یەکێتییەوە پەراوێزخران، پێیانوایە ئەوەی بەرپرسی یەکەم و کۆتاییە لەو پەراوێزخستنە لاهور شێخ جەنگییەو سەرکردایەتی پڕکردوە لە خەڵکانی بێ ئەزمون و خاوەن ئەزمونەکانی خستوەتە دەرەوەی بازنەکان.

        رۆژی 12-7-2021، بافڵ تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ لاهور شێخ جەنگی كۆبوه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ گرژییه‌كان، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا ڕاسته‌وخۆ پێشنیازێكی‌ خستبوه‌ به‌رده‌می‌ و داوای لێكردبو، یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان ڕادەستی ئەو بكرێت‌ و كۆتایی بە سیستمی‌ هاوسەرۆكایه‌تی‌ بهێنرێت‌و دۆخی‌ یه‌كێتی‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سكرتێری‌ گشتی‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا لاهور شێخ جه‌نگی‌ به‌و داواكارییه‌ ڕازینه‌بوبو، ڕه‌تیكردبوه‌ ئه‌وه‌ قبوڵ بكات و وتبوی:"شتی‌ وا هه‌رگیز قبوڵ نییه‌".

        رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ ‌١٣-٧-٢٠٢١ روداوه‌كان په‌ره‌ی سه‌ندو هێزێكی ئه‌منی چوه‌ سه‌ر ئه‌و كه‌ناڵی ئای پڵه‌س_ی لاهور شێخ جه‌نگی، كه‌ بڕیاربو په‌خشی ده‌ستپێبكات و ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانداو به‌ره‌سمی شوێنه‌كه‌یان كرد به‌ بینای‌ كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان، زمانحاڵی حیزبه‌كه‌.

    رۆژی‌ 15-7-2021 مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كۆبوه‌وه‌ تێیدا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی، لاهور شێخ جه‌نگی، سازشی له‌سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی كرد بۆ بافڵ تاڵه‌بانی، هاوكات بڕیاریشدراوه‌ له‌ زوترین كاتدا په‌یڕه‌وی ناوخۆی حیزبه‌كه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌و تێیدا كۆتایی به‌ سیسته‌می هاوسه‌رۆكی بهێنرێت.

    به‌وپێیه‌ش تا هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ په‌یڕه‌وه‌كه‌، لاهور شێخ جه‌نگی ناسناوی هاوسه‌رۆكی به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ روی كردارییه‌وه‌ هیچكام له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی پێشوتری نامێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP