دواین هەواڵ

ئابوری‌

 21/07/2021

ڕاوێژکارێکی کازمی زانیاریی نوێ لەبارەی رێککەوتنی عێراق و چین ئاشکرا دەکات

لە ئاستی باڵای حکومەتی عێراقی دا هەوڵەکانیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا باشترین پرۆژە جێبەجێبکرێت

هەرێم نیوز

راوێژکاری ئابووریی و دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، زانیاریی نوێ لەبارەی رێککەوتنی عێراق و چین ئاشکرادەکات و دەڵێت، لە ئاستی باڵای حکومەتی عێراقی دا هەوڵەکانیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا باشترین پرۆژە جێبەجێبکرێت. 


مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری ئابووریی و دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی رایگەیاند، عێراق بە قۆناخ لەنێوان ساڵانی 2018 و 2019 رێککەوتنی هاوکاری لەگەڵ چین واژۆکردووە، کە هاوپێچی حیسابی و نەوتی لەگەڵە، رێککەوتنەکە بەوە دەستپێدەکات، هەردوو وڵات بە هاوبەشی پارە تەرخان بکەن بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ژێرخان لە عێراقدا.

مەزهەر محەممەد ساڵح، زیاتر روونیکردەوە، پرۆژەکە بنیادنراوە لەسەری ئەوەی عێراق رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی چین بکات و داهاتەکەی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان بێت، کە لەلایەن کۆمپانیا چنییە رەسەن جێبەجێبکرێن. ئێستا پارەکە دەچێتە سەر ئەو هەژمارە بانکییەی کە بۆ ئەو رێککەتنە دروستکراوە. حکومەتی عێراقیش لە هەوڵدایە لەسەر ئاستی باڵا باشترین پرۆژە دیاری بکات.

راوێژکاری ئابووریی و دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، رێککەوتنی عێراق و چین ساڵی 2020 جێبەجێنەکرا، لەبەر دوو هۆکار:

یەکەم: نەبوونی یاسای بودجە.
دووەم: داخرانی چین بە رووی جیهاندا و کشانەوەی کۆمپانیا چنییەکان بەهۆی پەتای کۆرۆنا، بەڵام بودجەی ساڵی 2021 بە روون و ئەرێنی ئاماژەی بە رێککەوتن کردووە، پارەی بۆ تەرخانکردووە، جا بەشێوەی قەرز، یاخود جێبەجێکردنی پرۆژەکان بەپێی داواکاری حکومەت.

ئەو راوێژکارەی کازمی ئاماژە بەوە دەدات کە رێککەوتنەکە بە هەندێ کاری سادە دەستیپێکردووە، بەڵام دەوڵەت بە چڕی ئەو پرۆژانە دیاری دەکات کە پرۆژەی گرنگ و زیندوون؛ لەوانە:

- دروستکردنی قوتابخانە
- پرۆژەکانی ئاوی خواردنەوە
- پترۆکیمیایی


راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران جەخت لەوە دەکاتەوە، رێککەوتنەکە تەمەنی 20 ساڵە و پەسندکراوە، چین چالاکی گەورەی لە عێراق هەیە، لەوانە لە کەرتی نەوتی دا. بەپێی زانیارییەکان نزیکەی 40٪ی پرۆسە نەوتییەکانی باشووری عێراق، کۆمپانیا چنییەکان دەیکەن، وێڕای ئەوەی گەورەترین کرێکاری بیانی لە عێراق، کرێکاری چینیە. لە بەرامبەردا نابێت ئەوەش لەیاد بکەین کە پەیوەندیی نەوتی نێوان هەردوو وڵات پەیوەندییەکی قوڵە، زۆرترین نەوتی عێراق بۆ چین هەناردە دەکرێت، بەپێی زانیارییەکان 40% بۆ 45%ی  هەناردکردنی نەوتی عێراق بۆ وڵاتی چینە.

مانگی ئەیلوولی ساڵی 2019 شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق سەردانی چینی کرد، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە رێککەوتنی هاوبەشیان واژۆکرد، کە چەندین بواری جیاجیای لەخۆ گرتووە.

رێكکه‌وتنه‌ بۆ ماوه‌ی 20 ساڵ به‌بێ سه‌پاندنی مه‌رجی قورس له‌نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌كاتی دروستبونی گرفت و تێكچوونی كه‌شی په‌یوه‌ندییه‌كان دەسته‌ی باڵای نێوده‌وڵه‌تی نێوه‌ندگیری ده‌كات.

بەپێی رێککەوتنەکە رۆژانه‌ عێراق 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌هه‌ردوو كۆمپانیای (زنهوا، سینوك)ی چینی ده‌فرۆشێت. ئاستی به‌شداری بانكی چین بۆ سندووقی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوولا 10 ملیار دۆلار ده‌بێت، له‌ ئەگەری سه‌ركه‌وتنی قۆناخی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كان، عێراق راده‌ستكردنی نه‌وت به‌ كۆمپانیا چینیه‌كان بۆ 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له ‌رۆژێكدا زیاد ده‌كات، چین بڕی پێدانی پاره‌ بۆ 30 ملیار دۆلار زیاد ده‌كات.

لە رێککەوتنی عێراق و چین هاتووە، پاره‌كانی سندووقه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو وڵات تەرخان دەکرێت، بۆ ‌بواره‌كانی دروستكردنی فڕۆكه‌خانه‌، خوێندنگه‌، قیرتاوكردنی رێگەوبانه‌كانی ده‌ره‌وه‌، دروستكردنی هێڵی ئاسنین، پاكکردنه‌وه‌ی ئاوی دیجله‌، فورات و شه‌تولعه‌ره‌ب، دروستكردنی یه‌كەی نیشته‌جێبوون، جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی وزه‌، پرۆژه‌كانی ژێرخان، جێبه‌جێكردنی ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ی دیكه‌ له‌سه‌ر داواكاریی حكومه‌تی عێراق.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP