دواین هەواڵ

جیهان‌

 21/07/2021

تەندروستی جیهانی: ئامانجمانە لەسەدا 70ی جیهان ڤاکسین وەربگرن

مرۆڤایەتی دەتوانێت کۆرۆنا کۆنترۆڵ بکات

هەرێم نیوز
سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کۆرۆنای بە جیاواز لە نەخۆشییەکانی ئایدز، بیرچوونەوە و ئەو نەخۆشیانەی دیکە ناوبرد کە تائێستا ڤاکسینیان نییە و جەختیکردەوە، کە مرۆڤایەتی دەتوانێت کۆرۆنا کۆنترۆڵ بکات.


تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس ڕایگەیاند، ئامانجی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی ئەوەیە 70%ی خەڵک لە هەموو وڵاتانی جیهان تا دەوروبەری مانگی ئەیلولی 2022 ڤاکسین وەربگرن.

سەبارەت بە توانای سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنادا سەرۆکی ڕێکخراوەکە وتی، دۆخی کۆرۆنا جیاوازی هەیە لەگەڵ هەندێک لەو نەخۆشیانەی دیکە، کە تائێستا هیچ ڤاکسینێکیان بۆ نەدۆزراوەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لەو نەخۆشیانە هەن کە ڤاکسینیان نییە وەک نەمانی بەرگریی جەستە (ئایدز)، بیرچونەوە هەروەها ژمارەیەکی زۆری دیکە، بەڵام دۆخی کۆرۆنا جیاوازی زۆرە مرۆڤایەتیی دەتوانێت بەسەر کۆرۆنادا سەرکەوێت و کۆنترۆڵی بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئامانجمانە هەموو جیهان لە کۆرۆنا ڕزگاری ببێت، دەمانەوێت خاڵی کۆتایی بۆ ئەم پەتایە دابنێین، بۆیە ئامانجمانە 70%ی خەڵک لە وڵاتانی جیهان ڤاکسین وەربگرن تا ئەیلولی 2022، بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش پێویستمان بە 11 ملیار ژەمە ڤاکسین هەیە”.

جەختیکردوە، دەبێت ئێستا ڕێکار و هەنگاوی نوێ بگیرێتەبەر، ئێستا قەیرانێکی نوێی بێ پێشینە سەریهەڵداوە چونکە هیچ ڕێکارێکی پێشوەختە لەوبارەیەوە نەبووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP