دواین هەواڵ

ئابوری‌

 20/07/2021

بازرگانییە هەڵەکەی خانمان

ئەلەند مەحوی

شتێکی باوە کە خانمانی هەرێمی کوردستان زۆرینەیان حەزیان بە کڕینی زێڕە، هەرچەندە ئەوان وەک بازرگانی زێڕ ناکڕن، بەڵام پێیان خۆشە ئەوکاتانەی کە زێڕی زۆریان هەیە، زێڕ گران ببێت و نرخەکەی بچیتەسەرەوە و بە قازانج بیفرۆشنەوە، کەواتە لە بنەمادا ئەوانیش بازرگانی دەکەن، بەڵام تا رادەیەک بە هەڵە بازرگانی زێڕ دەکەن.

هەڵەی خانمان لە کڕینی زێڕدا ئەوەیە، کە ئەوان لە بنەمادا زێر ناکڕن، بەڵکو ئەو خشڵ و ئێکسسواراتانە دەکڕن، کە بەشێک لە پێکهاتەکانیان زێڕە، بەشێکی دیکەی (نقێم و زڕگۆن و مەتریاڵی دیکەیە)، ئەمەش لە کاتی فرۆشتنەوەدا بە دڵنیاییەوە بە زێڕ وەرناگیریتەوە لێیان. هەڵەیەکی دیکەش لەم جۆرە بازرگانییەدا ئەوەیە، کە خانمان جۆرێک زێڕ دەکڕن، کە (حەقدەستی دیزاین)ی هەیە، کاتێکیش هەمان جۆر و بڕی زێڕ دەفرۆشنەوە، حەقدەستەکەیان پێنادرێتەوە، ئەمەش دووبارە پەیوەندی بەو هۆکارەوەیە هەیە کە خانمان خشڵ دەکڕن نەک زێڕ.

رێگا راستەکەی بازرگانی زێڕ لە جیهاندا چەند جۆرێکن، کە دەکرێت لە هەرێمی کوردستانیش لە لایەن خانمانەوە پەیڕەو بکرین.

کڕینی ئەو جۆرانەی زێڕ کە حەقدەستی نییە، وەکو ئەوەی لە هەرێمی کوردستان پێی دەوترێت (لیرە، یان قاڵب، یان کیلۆ)، کە بە دڵنیاییەوە ئەم جۆرە بازرگانییەش کارێکی سادە و ئاسان نییە. نرخی زێڕ لەم جۆرە بازرگانییەدا پشتی بەستووە با رووداوەکانی جیهان و کاریگەریان لەسەر بازاڕەکانی جیهان، دەکرێت یەکێک لەو رووداوانە زیادبوون یان کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی زێڕبێت، لەسەر ئاستی جیهان.

بازرگانی زێڕ لە بازاڕی کاغەزە داراییەکان، ئێستا رێگایەکی زۆر باوە لە جیهاندا، مرۆڤ دەتوانێت لە ماڵەکەی خۆی و لە رێگەی مۆبایلەکەی خۆیەوە لە بۆڕسەدا بازرگانی زێڕ بکات، بەڵام ئەم رێگایەش رێگایەکی سادە و ئاسان نییە، پێویستی بە فێربوون و تێگەیشتنە لە مامەڵەکردن بازاڕە داراییەکان و رووداوە ئابوورییەکانی جیهان.

هەموو ئەم رێگایانەش، بە رێگای یەکەمیشەوە، کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی خۆیان هەیە، بۆ نمونە لە رێگای یەکەم کە ئێستا خانمان پەیڕەوی دەکەن، زیانی دارایی کەم دەکەن، بەڵام زێڕەکەش وەک و خشڵ بەکاردەهێنن بۆ خۆڕازاندنەوە. تا رادەیەکی زۆر دڵخۆشیان دەکات. لە رێگای دووەمیشدا هەڵگرتن و پاراستنی زێڕەکە لە (دزی)، هەمیشە گرفت دروست دەکات بۆ خاوەنەکەی، ئەمە جگە لەوەی بێ ئاگابوون لە بازاڕی جیهان، ئەگەری زیانێکی دارایی زۆری هەیە، واتە دەبێت بزانیت کەی کیلۆیەک زێڕ دەکڕیت، وە کەی دەیفرۆشیت.

هەرچی پەیوەندی بە مامەڵەکردن لە بازاڕی کاغەزە داراییەکانیشەوە هەیە، لە راستیدا رێنمایی هیچ کەسێک ناکەم بەبێ شارازابوون لەم بازاڕەدا، بازرگانی بە زێڕ یان هەر کاڵایەکی دیکەوە بکات، چونکە چۆن چانسی ئەوەت هەیە ئەو زێڕەی کە دەیکڕیت 100٪ قازانج بکات، بە هەمان شێوە ریسکی ئەوەشت لەسەرە بەهۆی هەڵە مامەڵەکردنەوە 100٪ زەرەر بکەیت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP