دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 20/07/2021

کۆرۆنا لە کوردستان پێویستیمان بە ھۆشیاریە نەک تۆقاندن

دکتۆر عارف گۆران پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو لەندەن

سەرەتا جەژنە پیرۆزە لە ھەموو خەڵكی كوردستان دەكەم ئەو پەیوەندیانەی لە كوردستانەوە پێمەوە دەكرێت، ئەوە دەردەخەن جارێكی تر پەتای كۆڕۆنا بەرەو هەڵكشان دەچێت، تەنیا دوێنی ٣٨ کەس لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان پەیوەندیان پێوەکردووم.

ھەفتەی ڕابردوو پەیوەندیم لەگەل بەشێک لە ھاوکارەکانم لە کوردستان کرد ، دیاربوو ئەوانیش تێبینی زیادبوونی ژمارەی تووشبوانیان کردبوو ، ھەموو ڕاستیەکان ئەوە دەسەلمێنن کە شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا گەیشتۆتە کوردستان.

دوو ھەفتە بەر لە ئێستا ڕێکخراوی تەندروستی جیھان ئاماژەی بەوەكرد، کە ئێران دەبێتە چەقی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاوی زنجیرەی دەلتا ( ھیندی ) و ئەمەش دەبێتە ھۆی بلاوبوونەوەی ئەو زنجیرە نوێیەی ڤایرۆسەکە لە ناوچەکە.

بە هەمان شێوە وەزیری تەندروستی عێراق باسی لە مەترسیەکانی زیادبوونی ژمارەی تووشبوان کرد و نەیشاردەوە، کە بۆی ھەیە نەخۆشخانەکان بەرگەی ئەو شەپۆلە نوێیەی ڤایرۆسەکە نەگرن . ھەر ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی کوردستان دۆخەکە بە مەترسیدار وەسف دەکا .

لەگەل سەرھەلدانی زنجیرەی دێلتا لە وولاتی ھیند ئەو شەپۆلە تازەیەی ڤایرۆسەکە شتێکی چاوەروانکراو بوو ، چونكە ئەو ڤایرۆسە نوێیە لە پتر سەد وولاتی جیھان بلاوبۆتەوەو لە ئایندەیەکی نزیک دەبێتە جۆری سەرەکی کۆرۆنا لە زۆربەی وولاتان . کوردستان بە دۆخێکی سەختی سیاسی و ئابووری تێدەپەرێ ، کەمی وە دواکەوتنی مووچە خەلکی تووشی بێزاری کردووەو تاکی کورد دەبێت بچێتە کار بۆ ئەوەی ژیانی خۆی و خێزانی دابین بکات ، ھەربۆیە بیرۆکەی کارەنتینەکردنی خەلک شتێکی ئاسان نیە و کۆمەلێک لێکەوتەی نیگەتیڤی لێدەكەوێتەوە.، جێگای داخە دوای حەوت مانگ لە بوونی ڤاکسینەکانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ، ژمارەیەکی یەکجار کەم لە خەلکی ڤاکسینیان وەرگرتووە ،

خەلکێكی زۆر لە ڤاکسینەکان دەترسن ، لەگەڵ ئەوەش ڤاکسین وەک پێویست بوونی نیە لە عێراق و کوردستان، دیارە لەمەش حکومەت و وەزارەتی تەندروستی کەمتەرخەمە و ئەوەش دەبێتە ھۆکارێکی سەرەکی لەزیاتر بلاوبوونەوەی کۆرۆنا. لەكاتێكدا زنجیرەی دێلتای کۆرۆنا بەبەراوردکردن لەگەل زنجیرەکانی پێشوو زۆر بەخێراتر بلاودەبێتەوە ، كەچی رێکارەکانی خۆپاراستن و چارەسەری ھیچ گۆرانکاری بەسەردا نەھاتووە .

دەبێت ئەوە دووبارە بکەینەوە کە زۆربەی ھەرەزۆری تووشبوان پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە نابێت بەلام ئەو کەسانەی بە تەمەنن ، یاخود نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە، ئەگەری زیاتری ھەوکردنی سیەکانیان ھەیەو بەشێکی بەرچاو پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت. ئەرکی سەرەکی وەزارەتی تەندروستی ، جگە لە هوشیارکردنەوەی خەلک ، دەبێت بڕی پێویست لە ئۆکسجین و ئەو دەرمانانە دابین بكات، کە بۆ چارەسەری بەکاردەھێنرێت ، پێداچوونەوەیەکی خێرا بە یەکەکانی چاودێری چڕ بکرێت و باشتر ئامادە بكرێن، بۆ ئەو نەخۆشانەی بە توندی تووشی پەتاکە دەبن .

ھاورام کە پەیڕەوکردنی رێنماییەکانی خۆپاراستن کارێکی ئاسان نیە بە تایبەت لە کوردستان ، بەلام دەبێت ویژدانمان بکەین بە حەکەم و لایەنی کەم بەزەییمان بە کەسانی نەخۆش و بەتەمەن بێتەوە. کوردستانیانی خۆشەویست ئەگەر نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرانات ھەیە ، ئەگەری زۆری ھەیە کۆرۆنا بێت، بە تایبەت لە ئێستادا کە ڤایرۆسەکە لە زیادبوونە ، بۆیە وا باشە لەو کاتەدا وەک تووشبوێکی کۆرۆنا مامەلە لەگەل خۆت و دەوروبەر بکەیت و خۆت لە مالەوە کەرەنتینە بکەیت و تێکەل بە کەسوکارو خەلکانی تر نەبیت ،

لە ئەگەری ھەبوونی ھەناسە تەنگی دوو دل مەبە لە سەردانی کردنی نەخۆشخانەکان. ئەگەر دەرفەتی ئەوەت ھەبوو ڤاکسین وەرگریت ، بە ھیچ شێوەیەک دوو دل مەبە، چونک ڤاکسینەکان زۆر کاریگەرن ، تەنانەت بەرامبەر زنجیرەی دێلتای کۆراناش. لێکۆلنەوەکان ئاشکرایان کردووە کە رێژەی مردن بە ھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو كەسانەی ھەردوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە زۆر دەگمەنە .

ھیوای سەلامەتی بۆ ھەمووتان دەخوازم

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP