دواین هەواڵ

کلتور‌

 13/07/2021

شانۆی ئەفریقی لە هاڤانا نموونەیەک لە شانۆی سەر شەقام

دانا رەئووف

چەند ساڵێک لەمەوبەر، لە یەکێک لە شەقامەکانی هاڤانادا، بەشە دێرینەکەی پایتەختی کوبا، کەوتمە نێو کەرنەڤاڵێکی شانۆی ئەفەریقاییەوە. چەندین گروپ بە نێو شەقام و کۆڵانەکانی شاره‌که‌دا بڵاو بووبوونەوە، دەست بە جێ و لە چاوتروکانێکدا، بەشێوەیەکی ڕاگوزاری نەمایشەکانیان پێشکەش دەکرد و جەماوەرێکی زۆریان لە دەوری خۆیان کۆدەکردەوە.

ئەمەیش یەکێکە لە سیما دێرینەکانی شانۆی ئەفەریقی: گروپێک دەتوانێت لە هەر شوێنێکدا بێت کۆببنەوە و خەڵکی سەرشەقام و کۆڵانەکانیش ببنە بینەری ئەو شانۆنامەیەی لەو ساتەدا، بەشێوەیەکی ڕاگوزاری لە دایک دەبێت. ده‌ق له‌ ساته‌وه‌خته‌ هه‌نووکه‌ییه‌که‌دا دروست ده‌بێ.

بۆیه‌، هەموو شتێک دەکرێت ببێتە بابەتی ئەو شانۆنامەیە: چۆن پۆلیسێک دزێک ڕاودەنێت، فرۆشیارێکی گەرۆک لە تەقەلای فرۆشتنی بەروبوومەکەیدایە، پیاوێک لە هەمان کاتدا دڵداری لەگەڵ دوو ئافرەت دەکات، ئافرەتێک مێردی هەیە، بەڵام عاشقی یەکێکی ترە، جووتیارێک لە ژێر تیشکی خۆرێکی بەتیندا ئاژەڵەکانی دەلەوەڕێنێت... هتد بابەتی شانۆنامەکان هەمیشە ئاسانن و ئەو زمانەی، کە بەکاریشی دەهێنن، هێندە ساکارە هەموو چین و تۆێژەکان حاڵی دەبن و لێی تێدەگەن.

یەکێک لە گروپەکە بیرێکی بۆ دێت، بۆ ئەوانی تری ڕوون دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا دەبێتە دەرهێنەر و رۆڵەکان دابەش دەکات، بەو شێوەیەش نەمایشەکە دەست پێدەکات. گەر لەسەر شەقامێک، گۆڕەپانێک، کێڵگەیەک یان لە هەر شوێنێکی تردا بێت، خێرا هەموو ئەو کەسانەی لەو شوێنە و لەو ناوەدان کۆدەبنەوە، لە کاتی نەمایشەکەیشدا، ئەو بینەرە ڕاگوزارە پەیوەندییەکی بەتین و ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو نەمایشە ڕاگوزارییەدا دروست دەکات.

ئەگەر ڕووداوەکانیش بەشێوەیەکی سەرنج ڕاکێش هەڵبکشێت و کارەکتەرەکان گەورەببن و یەکەیەکی هونەری ئەو ڕاگوزارە شانۆییە کۆبکاتەوە، ئەوە بینەران، گەر باران بێت یان هەتاوێکی گەرم ئەوا ئەو شوێنە و نەمایشەکە بەجێ ناهێڵن، خۆ ئەگەر ئەکتەرەکان نەتوانن ببنە جێگای سەرنج و ڕووداو و کارەکتەرەکان ئاشکرا نەبن و چیرۆکەکە تەم و مژاوی و ئاڵۆز بێت، ئەوە ئەو شانۆیە هەر زوو دەمرێت و خەڵکەکەیش بڵاوەی لێدەکەن. ئەوەی جێگای ئاماژەیە، ئەو نەمایشەی من لە گۆڕەپانی ئازادی لە هاڤانا دیم، لە پڕ و لە ناوەڕاستی نەمایشەکەدا، یەکێک لە ئەکتەرەکان، دیالۆگەکانی وەستان و لەبری ئەوە دەستی کرد بە سەمایەکی ریتواڵی، کە ڕەگ و ڕیشەکانی دەگەڕایەوە بۆ داب و نەریت و کولتووری ئەفەریقا.

بینەرانیش، تەنانەت ئێمەیش، کە ئەو سەمایەمان نەدەزانی، بێ ویستی خۆمان کەوتینە سەما و بووین بە بەشێک لە ڕیتم و سەمای نەمایشەکە، بەوشێوەیەش سەماگەلێکی ریتم ئاساو نەمایشێکی هاوبەش لە ئاهەنگێکی ڕیتواڵیدا خوڵقا. ئەو ڕیتواڵە هاوبەشە شتێکی گرینگ و تووخمێکی سەرەکی و بنەمایەکی پتەوی شانۆی ئەفریقییە. لە پڕ سەماکە کۆتایی هات، ئەکتەرەکان گەڕانەوە نێو ڕۆڵەکانیان و دیالۆگەکانیان تێکەڵی زمانی جەستە و ئاماژەکانیان بووەوە، ئێمەی بینەرانیش گەڕاینەوە سەر ڕۆڵەکانی خۆمان و بە پێکەنین و چەپڵە و هات و هاوار بووینەوە بە بەشێک لە نەمایشەکە.

تەنیا سەما لە شانۆی ئەفریقیدا لە چەقی ڕووداوەکاندا نییە، بەڵکوو لەپاڵ سەمادا، گۆرانی و بەکارهێنانی دەمامک ڕۆلێکی بە بەها و ئامادەگییەکی بەرچاوییان هەیە، هەندێک جار ئەکتەرەکان بە دەمامکەوە دەردەکەون. لەم نەمایشەدا هەر لە سەرەتاوە هەندێک لە ئەکتەرەکان دەمامکەکانیان گرتبوو بە دەستیانەوە، هەندێکی تریشیان کردبوویان بە پشتییانەوە و لە دوای سەماکە، لە دیمەنێکی تردا بەکاریان هێنا.

بە بەکارهێنانی دەمامکەکانیش دەیالۆگەکانیان شێوازێکی تری لە خۆ گرت و جۆرە سەمایەکی تر هاتە ئاراوە، کە زیاتر لەگەڵ بوونی دەمامکەکان دەگونجا. دەمامک لای ئەفەریقییەکان لەناو شانۆکەیاندا هیماگەلێکی بەهێزە و چەندین هەست و سۆز بەهای جیاواز لە خۆ دەگرێت و لێوانڕێژە لە مانای کۆمەڵایەتی، دینی، داب و نەریتی کۆن و تەنانەت سیاسیش. دەمامک لە شانۆی ئەفریقیدا جیهانێکی جیاوازە و پەیامێکی ڕاستەوخۆی هەیە، مرۆڤ هەست دەکات دەمامکەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان دەسەڵاتێکی ڕەهایان هەیە و دەبنە بیرەوەرییەکی هاوبەش لەنێو بینەراندا. ئەکتەرەکان دەمامکەکانیان دادەگرن و بەو شێوەیەش نەمایشەکە کۆتایی دێت،

خەڵکەکە بڵاوەی لێدەکەن، منیش بەرلەوەی شوێنەکە بەجێبهێڵم، لێیان دەچمە پێشەوە، یەکێک لە دەمامکەکان دەگرم بە دەستمەوە و بە وردی لێیدەڕوانم، لە پڕ زەردەخەنەیەک دەیگرێت و بە دەستمەوە دەکەوێتە جووڵە.

بەڵێ من لەوەوبەر دەمامکم لەسەر شانۆکان دیوە، بەڵام هەرگیز بەم شێوەیە دەمامکێکی هێندە زیندوو، کاریگەر و ئەفسووناویم نەدیووە.

تێبینی، ساڵی ٢٠٠٧ سەردانی کۆبام کردوە.

بۆ زیاتر زانیاری سەبارەت بە کوبا و شانۆی کوبی و ئەو سەفەرەم، بڕوانە کتێبی (سەفەر و شانۆ) ناوەندی کەپڕ بۆ بڵاو کردنەوە، ٢٠٢٠






Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP