دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 07/07/2021

نەفرەتی جوانی!

موحەمەد ئەحمەد

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە جوانی مرۆڤ کاریگەری لەسەر کەسایەتی هەیە، لێکۆڵەران دەڵێن جوانی رووخسار و جەستەی مرۆڤ کاریگەری لەسەر خودی کەسەکە و کەسانی تریشدا هەیە، هەروەها ئەوەشیان دەرخستووە کە ئەو کەسانەی کە بە پێی پێوەرەکانی کۆمەڵگا بە جوان دادەنرێن، زیاتر مایەی قبووڵکردنن لە لایەن کۆمەڵگاوە، هەر ئەم هۆکارەشە وایکردووە کەناڵەکانی دەرهێنەرەکان و راگەیاندنکارەکان و کۆمپانیاکان...هتد هەوڵ بدەن جوانی بکەنە پێوەرێکی سەرەکی بۆ هەڵبژاردنی کەسەکان. لە مێژووشدا چەند چیرۆکێکی بەناوبانگ هەیە لەسەر جوانی مرۆڤەکان، یەکێك لەوانە جوانییەکەی پێغەمبەر یوسفە، هەرچەندە هۆکاری ناسینی ئەو جوانییەکەی نەبوو بەڵکو پێغەمبەرایەتی بوو بەڵام بە دڵنیاییەوە جوانی ئەو کاریگەری لەسەر کەسانی دەوروبەری خۆیدا هەبووە، ئەمەش لە قوڕئاندا بە راشکاوی باسکراوە.

ئەمەی باسی دەکەین بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر کاریگەریی جوانیی لە ژیانی مرۆڤدا. بەداخەوە ئەم جوانییە کە دەبوایە سیفەتێکی ئەرینی مرۆڤ بێت و سوود لێ ببینرێت، زۆر جار دەبێتە سیفەتێکی نەرێنی و زیان بە خاوەنەکەی و کۆمەڵگاش دەگەیەنێت.

ئەم شاڵاوەی ساڵانێکە بەڕێوەیە لە باریککردنەوەی لووت و ئەستوورکردنی لێو و هەموو ئەو نەشتەرگەرییانەی کە مرۆڤ بۆ گۆڕینی رووخسار و لەشی دەیکات دەچێتە خانەی زیانەوە، بڵاوبوونەوەی دیاردەی کچە مۆدێل و کوڕە مۆدێل و دەستکاریکردنی هەموو خانەکانی جەستە و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی تەنها زیان و ماڵوێرانییە و هیچی تر، جگە لەوەی زۆر لەو جوانکارییانەی کە مرۆڤەکان دەیکەن هەڵەی تێدەکەوێت و بە ئاراستەی پێچەوانە دەڕوات و خاوەنەکەی تووشی حاڵەتی دەروونیی خراپ دەکات وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و حاڵەتی تر. .......................

یەکێك لە هۆکارەکانی درووستبوونی حاڵەتی خۆنواندن و خۆبەجوانزان، گرنگیپێدانی زیادیی دایك و باوک و کۆمەڵگایە، بەداخەوە بەشێك لە دایك و باوکان گرنگییەکی زۆر بە جوانی منداڵەکانیان دەدەن و بە بەردەوامی دەیهێننەوە یادیان کە ئەوان جوانن، تا ئەو جوانییە لای کەسەکە دەبێتە دەسکەوت و ئەو کەسە خۆی زیاتر دەنوێنێت و دەگاتە قۆناغی شانازیکردن بە جوانی و دواتر دەگاتە قۆناغی لووتبەرزیی دواتر دەبێتە نەفرەتیی بۆ خاوەنەکەی.

ئەو منداڵەی کە دایك و باوک بە شانی و باڵیان هەڵدەدا مرۆڤێکی نەگەتیڤ دەردەچێت، ئەو هەست دەکات تەنها جوانیی بەسە بۆ کردنەوەی هەموو دەرگاکان، بەشێك لەو مرۆڤانە زۆر کەسانێکی بەتاڵ دەردەچن، تا کۆتایی ژیانیان شانازیی بەجوانیی خۆیان دەکەن و هەر پێیان وایە ئەوان تایبەتن و جوانن و لە کەسانی تر باشترن، لەوانەشە بیر لەوە بکەنەوە کە خوا خۆشیانی دەوێت بۆیە لە کەسەکانی تری جیاکردوونەتەوە و تایبەتمەندیی پێ بەخشیون،

بۆ راگرتنی ئەم حاڵەتە رێگا هەیە بەڵام لەوانەیە ئاسانترینیان ئەوە بێت دایك و باوک زووزوو بیهێننەوە یادی منداڵەکەیان کە جوانی دەسکەوت نییە و هەموو کات لەگەڵ وشەی (جوانی) وشەی (عەقڵ، رۆشنبیری، باشی، سادەیی، هتد)

بەکاربهێنن هەروەها پێویستە مرۆڤ لەوە تێبگات کە جوانی راستەقینە لەناخدایە نەك رووخسار، بۆیە خوای گەورە لەسەر زاری پێغەمبەر پێمان دەڵێت: (إِنَّ الله لا يَنْظُرُ إِلى أَجْسامِكْم، وَلا إِلى صُوَرِكُمْ، وَلَكِنْ يَنْظُرُ إِلَى قُلُوبِكُمْ) واتە خوای گەورە سەیری جەستە و شێوەتان ناکات بەڵکو سەیری دڵەکانتان دەکات. کەواتا دڵ گرنگترە لە رووخسار بەڵام حەیف رووخسار لەبەرچاوە و دڵ لەناوەوەیە و نابینرێت، ئێمەش زۆربەمان دووربین نین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP