دواین هەواڵ

کوردستان‌

 23/06/2021

وته‌بێژی حكومه‌ت دڵنیایی ده‌دات له‌باره‌ی‌ دابه‌شكردنی موچه‌وه‌

  1. هه‌رێم نیوز
    وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، موچه‌خۆران دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌، 30 رۆژ جارێك موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌كاتی خۆیدا دابه‌شده‌كرێت، پابه‌ندیش ده‌بین به‌و به‌ڵێنه‌مان.

    جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاندوه‌، چاوه‌ڕوان ناكرێت له‌ڕوی سیاسییه‌وه‌ گرفت له‌به‌رده‌م ناردنی 200 ملیاره‌كه‌ی به‌غدا هه‌بێت، به‌ڵام په‌یوه‌ستكراوه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردولا، تا ئێستاش هه‌ردو لیژنه‌ی دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم و به‌غدا به‌رده‌وامن له‌كاره‌كانیان و سه‌ردانی ژماره‌یه‌ك له‌ خاڵه‌ سنوریه‌كانیان كردوه‌ و هه‌مو داتاكانیان له‌به‌رده‌سته‌.

    وتیشی، "هیوادارین به‌مزوانه‌ پاره‌كه‌ ره‌وانه‌ بكه‌ن، ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌ت هه‌مو سیناریۆكانمان له‌به‌رچاوگرتوه‌ و كارمان له‌سه‌ر یاسای بودجه‌ی هه‌رێم كردوه‌، له‌هه‌ر حاڵه‌تێكدا ئێمه‌ وه‌ك داهات دیراسه‌تمان كردوه‌ چۆن بتوانین داهاته‌كه‌ بۆ موچه‌ و خزمه‌تگوزاریه‌كان دابینبكه‌ین و به‌رده‌وامین له‌سه‌ر ئیش و كاره‌كانی خۆمان و له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ له‌سه‌ر یاسای بودجه‌ كراوه‌".

    له‌باره‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، جوتیار عادل ئاماژه‌ی به‌ رێژه‌ی لێبڕینی موچه‌ نه‌كرد و وتیشی، "وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم موچه‌خۆران دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌، 30 رۆژ جارێك موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌كاتی خۆیدا دابه‌شده‌كرێت، پابه‌ندیش ده‌بین به‌و به‌ڵێنه‌مان".

    سه‌باره‌ت به‌ئامانجی ناردنی 200 ملیار دینار له‌به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم، جوتیار عادل ئاشكرایكرد، "خه‌ڵكی كوردستان قبوڵی ناكات وه‌ك خێر ته‌ماشای ناردنی ئه‌وه‌ پاره‌یه‌ بكرێت كه‌ به‌غدا ره‌وانه‌ی ده‌كات، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵی گه‌یشتوینه‌ته‌ رێكه‌وتن و تا پاكتاوی حساب ده‌كرێت و پاشانیش پشكی هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌كرێت، ره‌نگه‌ پشكی هه‌رێم زیاتر بێت و به‌پێی داتا و وردبینیه‌كان بڕی راسته‌قینه‌ی پشكی هه‌رێم ده‌رده‌كه‌وێت".

    ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "له‌هه‌ر ئه‌گه‌رێكدا بۆ ناردن یاخود نه‌ناردنی پشكی هه‌رێم، هه‌رێم ئاماده‌كاری كردوه‌ به‌پێی ئه‌و داهاته‌ی هه‌رێم كه‌ پێكدێت له‌ داهاتی نه‌وتی و نانه‌وتی هه‌موی ده‌خرێته‌ ژێر دیراسه‌ و له‌بودجه‌دا ره‌چاو ده‌كرێن".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP