دواین هەواڵ

کوردستان‌

 23/06/2021

سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كۆبوه‌وه‌

  1. هه‌رێم نیوز
    ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆن گادفرەی، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە وەکالەت و شاندێکی یاوەری کردوه‌.

    لە دیدارەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و سوریا و هەوڵە بەردەوامەکانی ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش  تاوتوێکراوە.

    نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە وەکالەت نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش لە هەندێک لە ناوچەکانی عێراق و سوریا دەربڕیوەو جەختی لە گرنگی  بەردەوامبونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردوەتەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو هەڕەشانە و دابینکردنی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.

    ئاماژەشی بەوەداوە، کە بڕیارە هەفتەی داهاتو کۆبونەوەیەکی تایبەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت.

    له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سەرۆکی حکومەتی‌ هه‌رێم پێزانینی خۆی بۆ پشتگیرییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ هێزی پێشمەرگە ده‌ربڕیوه‌و ئاماژه‌شی داوه‌ به‌ کاراکردنەوەی سەنتەرەکانی هەماهەنگی ئەمنی هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم، كه‌ هەنگاوێکی گرنگه‌ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی داعش لەو ناوچانەدا.

    هاوكات ته‌ئكیدیشی له‌ لە گرنگیی بەشداریکردنی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ڕۆما کردوه‌ته‌وه‌.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP