دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 23/06/2021

بۆچی رەئیسی سەرکەوت؟

نەوزاد ساڵح

سەرکەوتنی رەئیسی لەهەڵبژاردنی ١٨ی حوزەیراندا

بەڕێوەچوونی خولی سیانزەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا ڕۆژێکی جوداتربوو بەرواورد بەهەڵبژاردنی(٨)  ساڵی پێشوو...
لەم پرۆسەیەدا لەکۆی (٨٣) ملیۆن هاووڵاتی  زیاتر لە (٥٩) ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو تا بەشداربن لەهەڵبژاردنی هەشتەمین سەرۆک کۆماری وڵاتەکەیان، تەنها لە (تاران)ی پایتەخت (١٠) ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەبووە، هەروەها نزیکەی یەک ملیۆن و نیو کەسیش یەکەمجارە بەشداربن و مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم هەڵبژاردنەدا (٧٠) هەزار بنکە و ناوەندی دەنگدان ئامادەکرابوو...

دەنگەکان لەم پرۆسەیەدا بە (٢٥) قۆناغدا تێدەپەڕێت کە(٢٤) قۆناغیان ئەلکترۆنیە کە لە(٣٤) شار جێبەجێ کراوەو(٣٩) وڵات چاودێریی کۆی پرۆسەکەی کردووە...
بەهۆی ئەوەی کەدۆخی ئابوری و سیاسی ئەم وڵاتە بەهۆی گەمارۆی ئابوری ئەمریکاو دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی ناجێگیرەو بوونی ڤایرۆسی کۆرۆناش بەهەمان شێوە کاریگەری هەبوو لەسەر دۆخەکە رێژەی هەژاری لەئێستادا گەیاندووەتە٢٠٪،  تائێستا هەزارو (٧٠٠) جار سزای ئابوری بەسەردا سەپێنراوە بێئومێدیەکی تەواو لەنیوە زیاتری دەنگدەراندا بەدیدەکراو هەر ئەم هۆکارانەش بوونەتەهۆی ئەوەی کەنیوە کەمتری هاووڵاتیان بەشداریی پرۆسەکە بکەن.
ئەو بەربژێرەی کە بەپێی دەستوری ئێران دەبێت بەسەرۆک کۆمار پێویستە ئەم مەرجانەی تیابێت :-

١-پیاوبێت و توانای بەڕێوەبردن وچارەسەری گرفتەکانی هەبێت.
٢-بڕوای تەواوی بەویلایەتی فەقیهە هەبێت و دڵسۆز بێت.
٣-کەسایەتییەکی سیاسی بێت‌و ئێرانییەکی رەسەن بێت.
٤-دەستپاک و خاوەنی ڕابردوویەکی پاک بێت و تەقوادار بێت.
٥-پێویستە بڕوای تەواوی بەئایینی ئیسلام و مەزهەبی شیعەی دوانزە ئیمامی هەبێت.

ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران مزگەوتەکان و خوێندنگەکان و سەرجەم دامەزراوەکان وەک بنکەی دەنگدان بۆ ئەم پرۆسەیە بەکاردەهێنێت، لەم پرۆسەیەدا کێبڕکێیەکی توند بەدی دەکرا لەنێوان باڵی رێفۆرمخوازەکان و باڵی پارێزگارەکان، لەگرنگترین دەسەڵاتەکانی ئەم سەرۆک کۆمارە بەپێی دەستوری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمانەن:-

١-واژۆکردنی پەیماننامە فەرمییەکان، پرسە گرنگەکان لەنێوان وڵاتانی دەرەوەو کۆماری ئیسلامی ئێران و رێکخراوەکاندا.
٢-سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ڕۆشنبیری لەئەستۆدایە .
٣-جێبەجێکردنی دەستوری هەمیشەیی و سەرۆکایەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی پێ سپێردراوە.
٤-پلانی بودجەو دامەزراندن و رێکخستنی پلەبەندی وەزیرەکان و باڵیۆزو پارێزگارەکان لەدەسەڵاتی سەرۆک کۆماردایە.

کارنامەکەی ئیبراهیم رەئیسی پێش هەڵبژاردن:
١-چاکسازی لەحکومەت.
٢-رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
٣-رێگری لەهەدەردان.
٤- زیادکردنی رێژەی بەرهەمهێنان.
٥- شەفافیەت لەمامەڵەدا.
٦-چاکسازی ئیداری ، گونجاندنی باج لەگەڵ دەرامەتی خەڵکیدا.
٧-کەمکردنەوەی هەڵاوسان.
٨-دابینکردنی بژێوی بۆ خێزانەکان.
٩-دژایەتی ڕێکەوتنەکان لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوادا.

بۆچی رەئیسی سەرکەوت؟

کۆمەڵێک هۆکارو پاڵنەر لە پشتی سەرکەوتنی ئیبراهیم رەئیسیەوە هەبوون کە لەقۆناغی کۆتاییدا بەربژێرەکانی جێهێشت و سەرکەوتنی بەدەستهێنا کە لە گرنگترینیان ئەمانەن:-

١-ئیبراهیم رەئیسی کە لەکۆماری ئیسلامی ئێراندا خاوەنی پێگەیەکی بەهێزبووە لەحوکمداریدا و لەهەستیارترین جێگای کارکردندا بووە کە ئەویش دەسەڵاتی دادوەریە.
٢-بەهۆی نزیکی لەڕابەرەوە وادەرکەوتووە کە ڕابەر بەردەوام پشتیوانی رەئیسی بووەو ئەمەش لای دەنگدەران بەهەند وەرگیراوە کە رەئیسی دڵسۆزیکی لەڕادەبەدەری ویلایەتی فەقیهە و لەپشتیوانان و پارێزەرانی سەرەتایی ئەم سیستمەیە.

٣-بەهۆی ئەوەی رەئیسی لەبەرەی محافیزکارەکانە و ئەمەش بۆ دەنگدەرانی ئەم بەرەیە یەکلایی بووەتەوەو سەرجەم ئەو دەنگانەی کە سەر بەم رەوتەبوون بۆ رەئیسی مسۆگەربوون.

٤-ئەم کەسایەتییە بەهۆی ئەوەی جامانەو عەمامەی رەشە کە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کەخۆی بە نەوەی ساداتی ئیمام (حسێن )ی کوڕی (ئیمام عەلی) دەزانێت و لەشاری قوم زۆر دەرکەوتووەو ناسراوە.

٥-دەستێکی باڵای هەبووە لەلاوازکردنی گروپە چەپەکان لەشاری (مسجد سولیمان)  کە بەبڕیاری (ئیمام خومەینی) دوای ساڵی هەشتاکان دەسەڵاتی تەواوی پێدرابوو.

٦-بەهۆی ئەوەی کە جێگری سەرۆکی دادگای باڵای شۆڕش بووە لەتاران لەساڵی ١٩٨٤داو ئایەتوڵا خومەینی ئومێدی تەواوی لەسەر تواناکانی ئەم کەسایەتییە هەڵچنیبوو، دەسەڵاتی بەرفراوان کردبوو بەشێوەیەک کە بڕیاری تایبەتی بۆ دەردەچووە بەدەر لەدەسەڵاتە یاساییەکانی دەسەڵاتی ناوخۆیی تەواوی هەبوو لەزۆر پرسدا.

٧-سەرۆکی دادگای تاران بووە لەساڵی ١٩٨٨ تا ساڵی ١٩٩٥، پاشان لەساڵی ١٩٩٤ تاساڵی ٢٠٠٤ سەرۆکایەتی دەزگای لێکۆڵینەوەی گشتی وڵاتی هەبووەو (١٠) ساڵیش جێگری یەکەمی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بووە لەئێران دوا پۆستی سەرۆکی دادگای رۆحانیە و لەبەهێزترین کاندیدی بەرەی موحافیزکارەکانە، دەتوانین بڵێین بەهۆی ئەوەی ئیبراهیم رەئیسی لەهەموو ئەو دەسەڵاتانەی کە پێی دراوە دەرکەوتووەو بەم هۆیانەشەوە توانیویەتی پێگەی خۆی بەهێزبکات بۆ ئەم ڕۆژەی کەسەرکەوتنی تێدا بەدیهێناو زۆرترین دەنگی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ١٨ی حوزەیرانی مسۆگەرکرد.

سەرچاوەکان: 
١- انتخابات الرئاسە الایرانیە ٢٠٢١
٢- السباق الرئاسی الایرانی کل ما تحتاج معرفە عن الانتخابات.
Arabic.euronews.com
الانتخابات الرئاسیە الایرانیە من اهم المرشحون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP