دواین هەواڵ

کوردستان‌

 23/06/2021

حکومەتی هەرێم؛ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجه‌ لەگەڵ لیژنه‌كانی په‌رله‌مان كۆدەبێتەوە

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ چوارشەممە 23 ی حوزەیرانی 2021، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجامدا. 

لە کۆبوونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ڕوونکردنەوەی زیاتر و پێویستی لەبارەی ژمارە و داتاکانی تایبەت بە داهات و خەرجی و کورتهێنانی ناو بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو.

هاوكات گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەی چڕ دەربارەی ئەو تێببینی و سەرنجانەی کە لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە خرانەڕوو، بڕیاردرا وەزارەتەکانی دارایی وئابووری و پلاندانان و سامانە سرووشتییەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، کۆبوونەوەی پێویست ئەنجام بدەن لەگەڵ لیژنە  تایبەتمەندەکانی پەرلەمانی کوردستان ( دارایی و کاروباری ئابووری، سامانە سروشتییەکان و یاسایی )

باس لەوەشكراوە، ئەمەسەرەڕای کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان، بۆ پێدانی بەرچاوڕوونی زیاتر و هێنانەدی لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لە نێوان حکومەت و پەرلەماندا، بۆ ئەوەی پڕۆژە یاسایەکی شەفاف و گشتگیر ئامادە بکرێت و دوای پەسەندکردنی لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بنێردرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP