دواین هەواڵ

کلتور‌

 22/06/2021

چیرۆکێکی ئەفسانەیی لە پشت تابلۆی شیردەرەکەی باوکی _ سیمۆن و پیرۆ

رۆزا حەمە ساڵح
ئەفسانە ئەو چیرۆکەیە کە لە بەستێنێکی مێژووییدا دانراوە، بەڵام داگری توخمگەلی خەیاڵی و نامێژووییە، ئەفسانەکان ئەو چیرۆکە زۆر کۆنانەن کە بەڵگە بۆ سەلماندنیان نییە، دروست بوونی ئەفسانەکان لە گەڵ بیرکردنەوەکانی مرۆڤدا هاوسەنگ بووە، تەنانەت ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لە سەر کردەوەکانی ڕابردووی مرۆڤ هەبووە، بەرهەمی داهێنان و هونەر و جوانییان زیاد کردوە.

تابلۆی شیردەرەکەی باوکی؛ بە یەکێک لە تابلۆ سەرنج ڕاکێشەکان دادەنرێت کە لە زۆرینەی مۆزەخانەکانی  جیھاندا و بە جۆرەها شێواز  لە لایەن نیگارکێشەکانەوە تابلۆ کراوە، لە گەڵ جیاوازی کلتور و زمانەکانیشدا، بەڵام وەک هۆنەرێکی جیهانی دەبینرێت، زۆرن ئەو نیگارکێشانەی کە ئەم تابلۆیەیان کێشاوە، لە وانە  (هانز سیباڵد بیهام) کە لە ساڵی 1544 کێشاویەتی، هەروەها نیگارکێشی بەلجیکی (ڕۆبنز) کە لە ساڵی 1630 کێشاویەتی و لە مۆزەخانەی (ڕایکس میوزەیەم) لە ئەمستردام دانراوە، چەندەها نیگارکێشی دیکەش لە وانە: (بارتۆم  ئیستبان ، ڤان بابۆرین، چارلز میلین، جان جانیس، دێرک ڤان بابیرن، جون زۆفانی...)، تازەترین تابلۆ تابلۆی (ماکس ساوکۆیە)؛ لە دایکبووی ساڵی ١٩٦٩ شاری ئیركوتسكی وڵاتی ڕوسیا.

کەواتە بابەتی ئەم تابلۆیە چییە؟  لە چ بەروارێکی مێژوویدا دایبنێن؟ ئایا هیچ کام لە پێوانەکانی جوانی لەم تابلۆیەدا لە ڕوانگەی فەلسەفەی هونەر و جوانناسی بەدیدەکرێت ؟ ئەم تابلۆیە بۆچی ئەم هەموو سەرنج و سەرکەوتنەی بە دەست هێنا؟ ئایا نیگارکێش توانیویەتی  وێنایەکی ڕاستەقینە لەم  تابلۆیەدا  پێشان بدات؟
ئەم تابلۆیە باس لە چیرۆکێکی ئەفسانە و تراژیدیایەک دەکات، ڕاستییەک وەردەگێڕیت کە لە سەردەمی خۆیدا دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبووە و شاری ڕۆما و جیهانیشی هەژاندووە، وێنای ژنێک لە هەڕەتی گەنجیدا بەرجەستە دەکات و تێیدا شیر بە باوکە بە ساڵاچووەکەی دەدات،

گومانی تێدا نییە ئەم کورتە ناونیشانە (شیردەرەکەی باوکی)  بە دوو شێواز خوێندنەوەی بۆ دەکرێت؛ کەسانێک بە کردارێکی بەدڕەوشت و سنور شکاندنی پەیوەندی نێوان  باوک و کچ و تەجاوەزکردنی ئەخلاق دەیبینن ...، کەسانێکی دیکەش کە زۆرینەن چەخت لەسەر ئەوە دەکەن، کە هێمایە بۆ نموونەی دڵسۆزی و وەفا و قوربانی و خۆشەویستی و پەیوەندییەکی بە هێز و جوانی نێوان باوک و کچە.

ئەم  چیرۆکە بە چەندەها شێواز باسکراوە، لێرەدا هەوڵم داوە باسێک نزیک لە واقعەوە بۆ ئەو چیرۆکە دابڕێژم، چیرۆکەکەش پێمان دەڵێت: "سیمۆن سەرکردەیەکی سەربازی ناو سوپای ڕۆمای سەردەمی ئیمراتۆرێتی ( نیرۆن) بوو، لە جەنگێکدا لە بەرانبەر جێرمەنەکان شکست دەهێنێت، ئیدی خوداوەندەکانی دادپەروەری ئەو سەردەمەی ڕۆما سزای هەتا مردن بۆ سیمۆن دەردەکەن بە وەی نە ئاو، نە نانی پێبدرێت و بە برسیەتی و تینویەتی لە  ژورێکی زیندانێکی تاکە کەسیدا بمێنێتەوە، هەتاوەکو  ڕۆحی دەردەچێت، پاسەوانەکانی ژورەکە تەنها ڕێگە  بە (پیرۆ)ی کچی دەدن، کە ڕۆژانە کاتژمێرێک بچێتە ژورەوە بۆ لای باوکی، بە‌ بێ ئەوەی هیچ خواردن و خواردنەوەیەک لەگەڵ خۆی بباتە ژوروە، بە مەرجێک پێش چوونە ژوورەوە دەست لە سنگ و مەمکە گەورەکانی بدەن.

پیرۆ بە مەرجەکەیان ڕەزامەند دەبێت، بێدەنگی هەڵدەبژیرێت لە بەرانبەر جوڵە و گێچەڵ پێکردن و ڕه‌فتاری بەدڕەوشتی  پاسەوانەکان، لە پێناو بینینی باوکیدا.
  کاتێ پیرۆ ڕۆژانە دەچێتە ژورەوە، باوکی دەبینێ بە بەرچاوییەوە  تەواو لاواز بووە‌ و لە کەناری مەرگدایە، ئیدی بڕیار دەدات کە شیری خۆی پێبدات، ڕۆژانە  لە‌ كاتی سەردانی كردنەکەیدا باوکی تێر شیر دەکات.

ڕۆژ و مانگ تێدە‌پە‌ڕێ و هەموو ڕۆژێک خوداوەندەکانی دادپەروەری و پاسەوانەکان لە چاوەڕوانی ئەوەدا دەبن كە‌ لە خەو هەستن و لاشه‌یه‌کی مردوو ببینن، بەڵام دە‌بینن سیمۆن نە‌ك ھە‌ر نە‌مردووە‌، بەڵکو بە جە‌ستە‌یە‌كی بەهێزە‌وە‌ ماوە‌تە‌وە‌.

 لێرە‌شدا درێژەی چیرۆکەکە بە‌ دوو جۆر دە‌گێرنەوە، یە‌كە‌میان؛  ئیدی لە ناو  خەڵکی و هەموو زیندانەکەدا دەنگۆی ئە‌وە‌  بڵاودەکرێتەوە کە سیمۆن قەشەیە و هەموو شەوێک فریشتەکان لە ئاسمانەوە خواردنی بۆ دە‌ھێنن، بەم شێوەیە خوداوەندەکانی دادپەروەری لێی خۆش دە‌بن و ئازادی دە‌كە‌ن ... "،
دووە‌میان؛ پیرۆ بەردەوام بووە‌ لە شیردان بە باوکی ھەتاوە‌كو ڕۆژێك یەکێك لە پاسەوانەکان دە‌یبینن و ئاشكرا دە‌بێت، لەو کاتەدا خوداوەندەکانی دادپەروەری بڕیاری لێخۆشبوون و ئازادکردن بۆ سیمۆنی بەساڵاچوو دەردەکەن،  وەك پاداشتێك  بۆ بوێری ومەزنی پیرۆ و ئەو ئاستە زۆرەی لە خۆشەویستی بۆ باوکی، کە لە پێناویدا خۆی کردوە بە قوربانی.

مێژوونوسان كات و زە‌مە‌نی ڕوداوە‌كە‌ دە‌گێڕنە‌وە‌ بۆ سە‌دە‌كانی نۆ و دە‌ی  پێش زاین، بە پێی ئەوەی لەو زەمەنەدا گەشەکردنی گەورە لە بیری ئەفسانەیی دەبینن.
 تێبینی ئەوەش دەکرێت کە ئەم ئەفسانەیە هەتاوەکو ئەمڕۆ هێشتا زیندوە و یاوەریمان دەکات، بەوەی نیگارکێشان هەتا سەدەی ڕابردووش بە تابلۆکانیان گوزارشتیان لێکردووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بیری ئەفسانەیی هێشتا لە بیرکردنەوەدا شاراوەیە و بوژانەوەی فەلسەفەی  هونەر و جوانییە و لە کات و شوێندا بەردەوامی لە گەڵماندا هەیە.

وەک  چۆن لە سەردەمی کۆندا (ئەفلاتون)  جوانی وەک دەرکەوتەی حەقیقەت دەبینێت، و لە سەردەمی نوێشدا (هیدگێر) بە جۆرێکی دیکە دەیبینێت بە وەی " هونەر حەقیقەتی بوونی مرۆڤ دەردەخات " ئەم دوو تێڕوانینەش جوڵەی هونەری و جوانناسی تابلۆکە بەرجەستە دەکات، هەرچەندە سەرەتا ڕوانێن لە تابلۆکە بە شێوەیەکی نائەخلاقی دەردەکەوێت، بەڵام بەخێرایی وێنایەکی جوانی ڕەوشت و بەها مەزنەکان دێنە بەر دیدە …

سەرکەوتنی ئەم کارە هونەریەی و ئەو پەیامە شاراوەیەی کە هەڵی دەگرێت، ئەو سێ گۆڕانکاریە گەوەریە کە تێیدا بە دیدەکرێت، کە دەبێت لە هەر کارێکی هونەریدا بهێنرێتە دی تا ئاستی سەرکەوتن  بەدەستبهێنێت، یەکەمیان گواستنەوەی وێنای پاڵەوانێکە کەکچەکەیە و ئەو قوربانیە گەورەی کە داویەتی، بە قبوڵکردنی ئەو گێچەڵە سیکسییەی کە پێیکراوە و دەرخستنی سنگ و مەمکی لە پێناو ڕزگارکردنی باوکی،

دووەم گواستنەوەش بەرهەڵستی و پاڵنەرە کە لەیەک کاتدا وای لە کچەکە کردووە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات، ئەویش خوداوەندەکانی دادپەروەریە کە فەرمانی زیندانیکردنی هەتا مردن بۆ باوکە بە ساڵاچووەکەی دەردەکەن، لە گواستنەوەی سێهەمدا ئەنجامی کۆتایی دەبینین، کە ئازاد کردنی سیمۆنی بەساڵاچووە، بە هۆی بەرز نرخاندنی هەڵوێستی بەرز و ئەو قوربانی دانەی  پیرۆی کچی.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP