دواین هەواڵ

کوردستان‌

 22/06/2021

سەنتەری میترۆ: ڕاگەیەندراوێكی لەسەر هێرشكردنە سەر رۆژنامەنوسان بڵاوكردەوە

هەرێم نیوز  

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، رۆژنامەنوسان هەرەشە نین بۆسەر سەقامگیری و ئارامی شاری سلێمانی تا هێزی ئەمنی و هێزی نەناسراو بە زەبروزەنگ مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان لەبارەی شەڕەتەقەکەی شەوی رابردووی سلێمانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە،" هەموو جۆر هەرەشەو و رێگرییەك بۆ سەر ئازادی كاری رۆژنامەنوسی سەركۆنە دەكەین و داوا لە سەرۆكی لیژنەی ئەمنی شاری سلێمانی دەكەین هەموو كەلوپەلی رۆژنامەنوسان بگەرێننەوە، لێپرسینەوە لە لایەنی پێشێلكار  بكەن" .

دەقی راگەیێندراوەکەی سەنتەری میترۆ: 

ئەوانەی تەقە لە هێزی رەسمی دەكەن هەرەشەن بۆ سەر سەقامگیری نەك رۆژنامەنوسان.

سلێمانی 22ی حوزەیرانی 2021: سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت رۆژنامەنوسان هەرەشە نین بۆ سەر سەقامگیری و هەموو جۆرە هەڕەشەو و رێگرییەك بۆ سەر ئازادی كارەكانیان سەركۆنە دەكەین، داوا لە سەرۆكی لیژنەی ئەمنی  شاری سلێمانی دەكەین بە پێی یاسا لێپرسینەوە لەو كەسانە بكات كە هێرشییان كردۆتە سەر رۆژنامەنوسان.  

شەوی رابردوو لە بەردەم هۆتێل (ئەبو سەنا)ی شاری سلێمانی شەرە تەقە لە نێوان هێزەكانی لیژنەی ئەمنی سلێمانی و هێزێكی تایبەتی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان (جەعفەر شێخ مستەفا) كە هێزەكەی بە (هێزی ئاڵتونی) ناسراوە، بە دۆشكا تەقە لە هێزە ئەمنیەكە دەكەن و بەهۆی شەڕەتەقەكەوە كۆمەڵێك لە هەردوولا بە فیشەك بریندار دەبن.

لە سەر شەقامی سەرەكی سەرچنار، نزیك شوێنی روداوەكە، لە كاتی روماڵی راستەوخۆی كەناڵی روداو، هێزێكی ئەمنی هێرشییان كردە سەر تیمەكەیان ( پێشەوا بەختیار، مەریوان عەلی).

پێشەوا بە میترۆی ووت" كۆمەڵێك بە بەرگی مەدەنییەوە خۆیان وەك ئاسایش ناساند پەلاماریان داین دەستیان گرت بە سەر كەلوپەلی تیمەكەمان و لە كامێرامانەكەیاندا"

پاش ئەوەی پەیامنێری كەناڵەكان روویان كردە نەخۆشخانەی شار بە مەبەستی زانینی ژمارەی قوربانی رووداوەكە، هێزێكی ئەمنی كە لە نزیك نەخۆشخانەكە بڵاوەیان پێكرابوو، رێگرییان لەو تیمانە كرد.

هێزە ئەمنیییەكان هێرشیان كردە سەر تیمی كەناڵی ئین ئارتی ( كارزان تاریق، محمد حەسەن) بۆ ماوەیەك لە ئۆتۆمبێلێكی میگزەمینی دەستبەسەر كران.

كارزان بە میترۆی ووت "دەستیان گرت بە سەر مۆبایل و كەرەستەی رۆژنامەوانی تیمەكە پاش هێشتنەوەمان لە ئۆتۆمبێلێكی ئەو هێزانە دوای نزیكەی نیو كاتژمێر ئازادیان كردین و كەلوپەلەكانیان بۆ گەراندینەوە" جەختیكردەوە" پێیان ووتین لەم ناوچەیە دور بكەونەوە روماڵ قەدەغەیە"

هەروەها هێزێكی تر بە بەرگی مەدەنییەوە هێرشیان كردە سەر تیمی تۆری میدیایی ئێستا كە پێك هاتبوون لە (بژار دەباغ، تیشكو سدیقی) و كەلوپەلی رۆژنامەوانیان لێ سەندوون.

بژار دەباغ بە میترۆی ووت "تا ئێستا نازانن ئەو هێزە كێن تا داوای كەلوپەلەكانیان لێبكەینەوە بەڵام دەزانم هێزی ئاسایش نەبوون".

پەیامنێری (KNN) لە شوێنی رووداوەكە لە شەقامی سەرەكی سەرچنار پەخشی راستەوخۆی دەكرد، كاتێك هێزێكی ئەمنی بە زۆر مۆبالەكەیان لێسەندو پەخشەكە و روماڵەكەیان پێ راگرت.

جوانڕۆ محمد بە میترۆی ووت "لەبەردەم بەرپرسەكەیان پەلاماردرام و كەلوپەلی رۆژنامەوانیان بە زۆر لێسەندم پاش سوربوون كە شوێنەكە جێناهێڵم بۆیان گەراندمەوە".

هەروەها تیمی كەناڵ ی میدیای بینەر   (BMC)، (رۆزە سەلاح، عومەر دلێر) دورتر لە شوێنی رووداوەكە پەخشی راستەوخۆیان دەكرد، هێزێكی ئەمنی كامێراكەیانی زەوتكردو وێنەگركەشیان خستە ناو ئۆتۆمبێلی مێگزەمینی هێزەكە.

خانمی میدیاكار رۆزە سەلاح، بە میترۆی ووت "هێزەكە كە زانیان راستەوخۆمان هەیە بە راكردن بەرو پیمان هاتن و دەستی وێنەگركەمانیان باداو و كامێراكەیان لێسەندو خستینە پشتی مێگزەمین پاشان بە مەرجی ئەوەی روماڵ نەكەین ئازادیان كرد".

سەبارەت بە رووداوی تەقەكردنەوەكە، مستەفا چاوڕەش بەرپرسی یەكەی 70ی هێزەكانی یەكێتی دەڵێت كێشەی تەقەكانی ‏شەوی رابردوو چارەسەركرا ‌و بریندارەكانیش كە 11 كەس بوون 5یان ‏چارەسەركراون و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە. دەڵێت پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە بارەگای ‏یەكەكانی 70، كێشەی تەقەكانی شەوی رابردوویان چارەسەر كردووە "لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری سەرجەم هێزە ئەمنییەكان ‌و كوڕی كاك شێخ جەعفەر ئامادەبوو، بە رێككەوتن ‌و رەزامەندیی هەموویان ‏كێشەكە چارەسەركرا ‌و لایەنی كەمتەرخەمیش لە رووداوەكەدا رووبەڕووی دادگا ‌و یاسا دەكرێتەوە".‏

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت رۆژنامەنوسان هەرەشە نین بۆسەر سەقامگیری و ئارامی شاری سلێمانی تا هێزی ئەمنی و هێزی نەناسراو بە زەبروزەنگ مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن، ئەوەی هەرشەن بۆ سەر سەقامگیری ئەو هێزانەن كە تەقە لە هێزی رەسمی دەكەن و باكیان نییە بە یاسا.

جەختدەكەینەوە  "هەموو جۆر هەرەشەو و رێگرییەك بۆ سەر ئازادی كاری رۆژنامەنوسی سەركۆنە دەكەین و داوا لە سەرۆكی لیژنەی ئەمنی شاری سلێمانی دەكەین هەموو كەلوپەلی رۆژنامەنوسان بگەرێننەوە، لێپرسینەوە لە لایەنی پێشێلكار  بكەن" .

دەبارەی میترۆ:
سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی  پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی IWPR  ی ئەمریكی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسیی لە هەرێمی كوردستانی عێراق.

لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە رێگەی پرۆژەوە هەریەك لە  رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)،   Gulf Center for Human Rights، پاڵپشتی كردوە. میترۆ بۆ ساڵی 2021 چوار پرۆژە بە هاوكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، رێكخراوەكانی IMSی دەنیماركی و رێكخراوی  Intenews ، جێبەجێدەكات.

بۆ پەیوەندی كرد
كوردی: 07700004147 
عەرەبی: 07701528887
[email protected]



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP