دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 21/06/2021

ھیچ ڕاستییەک لە پزیشک مەشارەوە

 د.زانا دزەیی پسپۆڕی ھەناو

ھیچ ڕاستییەک لە پزیشک مەشارەوە بۆ ئەوەی بگەیتە دەستنیشانکردنێکی تەواو و چارەسەرێکی گونجاوی نەخۆشییەکەت!

نەخۆشێک کە تەمەنی ٤٢ ساڵە، نزیکەی سێ ھەفتە پێش ئەمڕۆ سەردانی کردم بۆ حاڵەتێک کە لە زاری خۆیەوە چوار ساڵ دەبێت ئەم حاڵەتەی ھەیە و تەواو بێزاریی کردووە. نەخۆشەکە ووتی: دکتۆر چوار ساڵە من ئیلتھابی حومە ماڵتا لە گیانم دەرناچێت و بە بەردەوام کۆڕسی چارەسەر وەردەگرم و وەک خۆمم! بەردەوام بێ ھێزم، سەرم گێژە، خەواڵووم، زوو ماندوو دەبم و خواردنم کەمە و قژم ھەڵدەوەڕێت و لایەنی دەروونییشم تێکچووە و ھەست بە خەمۆکیی دەکەم.

منیش دوای پرسیارێکی زۆر و پشکنینی کلینیکیی (سەریریی)، بۆم ڕوون کردەوە کە ئەم حاڵەتە زۆر دوورە لەوەی کە حومە ماڵتا بێت، ھەندێ پشکنینی سەرەتاییم بۆی داوا کرد و ئەنجامی پشکنینێکیان دەرچوو کە لاوازیی یان تەمبەڵی ڕژێنی دەرەقیی ھەیە و نیشانەکانیشی ھاوتا بوون لەگەڵ ئەنجامەکەی و خەریک بووم چارەسەری بۆ بنووسم لەجۆری حەب بۆ تەمبەڵی ڕژێنی دەرەقیی، لێیم پرسی ھیچ شتێک ھەیە ھی پێشتر بۆم باس بکەیت؟!

تۆزێک بێدەنگ بوو پاشان ووتی من شەرم ئەکەم بەڵام ئەمجارە باس دەکەم چونکە تەواو بێزاربووم. ووتی: دکتۆر گیان، چوار ساڵ پێش ئێستا، دوای بوونی منداڵی چوارەمم بە تەبیعیی لە نەخۆشخانە، تووشی خوێنبەربوونێکی زۆر بووم و نزیکەی دە ڕۆژ لە نەخۆشخانە،خەوێندرام! پاش ئەم ڕۆژە و دەرچوونم لە نەخۆشخانە، ئەم حاڵەتەی ئێستام ھەیە و تەواو تاقەتی پڕوکاندووم و بێزاری کردووم.

ئێستا ڕاستییەکان ڕوونتر بوون و منیش دەبوایە بیر لە حاڵەتێکی تر بکەمەوە. ئیتر درێژەی پێنەدەم، دوای پشکنینی پێویستی تاقیگەیی و ڕاوێژکردن بە پزیشکێکی پسپۆڕی ڕژێنەکان، دەرکەوت کە نەخۆشەکە تووشی نەخۆشیی کۆنیشانەی (شیھان Sheehan syndrome )، ئەم نەخۆشییە بریتییە لە سستبوون و تێکچوونی ڕژێنی ژێر مێشکە ڕژێن (جەڵتەی ڕژێنی ژێرمێشکەڕژێن) کە بەرپڕسیارە لە دەردانی چەندین ھۆڕمۆن دەردەرێکی زۆر گرنگ لەوانە دەردەرە ھۆڕمۆنەکانی (ڕژێنی دەرەقیی، ھۆڕمۆنی سەرگورچیلە ڕژێن، ھۆڕمۆنە سێکسییەکان، ھۆڕمۆنی گەشە و ھتد)

دەرەئەنجامی ھۆکارەکەی ئەم خوێنبەربوونە زۆرەبووە کە لە کاتی منداڵبوون، نەخۆشەکە ھەیبووە.

پەیام: *تەنھا بە باسکردنی یەک ڕاستیی، نەخۆشەکە ھەم گەیشتە دەستنیشانکردن و چارەسەریی تەواو، ھەمیش گیانی خۆی پاراست و منیشی وەک پزیشک لە ھەڵەیەکی زانستیی پاراست، چونکە ئەگەر ئەم نەخۆشەی تووشبوو بە کۆنیشانەی شیھان، بەتەنیا چارەسەری تەمبەڵی ڕژێنی دەرەقیی وەگرتبوایە بێ ئەوەی چارەسەری سستیی سەرگورچیلە ڕژێن وەربگرێت کە بریتییە لە پێکھاتەی کیمیایی (کۆرتیزۆن)، ئەوا لەوانەیە تووشی تەوژمی وەستانی لەناکاوی سەرگورچیلە ڕژێنی دەبوو و لەوانەیە گیانی کەوتبا مەترسییەکی زۆر.

*لەخۆتانەوە ھیچ نیشانەیەکی نەخۆشیی، بە نەخۆشییەکی دیارییکراو مەبەستنەوە، چونکە ئەمە زۆرجار دەشێت شتێکی تر بێت و نەیزانیت، بۆیە بەبێ ڕاوێژ بە پزیشک بڕیار لەسەر نەخۆشییەکەت مەدە.

بۆیە تکا دەکەم لە ھاونیشتمانیان، لەکاتی سەردانی کردنی پزیشک، ھیچ نەخۆشییەک و بارودۆخێکی تەندروستیی لە پزیشکەکەتان مەشارنەوە.

ھیوام تەندروستییتانە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP