دواین هەواڵ

جیهان‌

 21/06/2021

پەرلەمانی سوێد حکومەتی هەڵوەشاندەوە

لە کۆی 349 پەرلەمانتار 181 دەنگی بۆ لێسەندنەوەی متمانە بوو لە سەرۆکوەزیران

هەرێم نیوز
ئەمڕۆ لە پەرلەمانی سوێد دەنگ لەسەر سەندنەوەی متمانە لە حکومەتی ستیفان لۆڤین، سەرۆکوەزیرانی وڵات درا و بە کۆی دەنگ حکومەتەکەی هەڵوەشایەوە.


لە کۆی 349 پەرلەمانتار 181 دەنگی بۆ لێسەندنەوەی متمانە بوو لە سەرۆکوەزیران، حکومەتی ئێستای سوێد یەکەم حکومەتە کە لە ماوەی نزیکەی 62 ساڵی رابردوودا رووبەڕووی ئەو چارەنووسە دەبێتەوە.

دەنگدانی سەندنەوەی متمانە لە دوای هەڕەشەکانی نووشی دادگوستەر، سەرۆکی پارتی چەپی سوێد هات کە هاوپەیمانە لەگەڵ حکومەتەکەی ستیفان لۆڤین.

دادگوستەر هۆشداریدایە لۆڤین لە ئەگەری بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی بڕگەی 44  لە پلانی چاکسازیی تایبەت بە کرێی خانووەکانی سوێد، ئەوا رۆژی دووشەممە پرۆژەی دەنگدانی سەندنەوەی متمانە لە پەرلەمان دەدرێت و ئەگەریش زۆرە حکومەت هەڵبوەشێتەوە.
 گوتیشی ئێستا دوو بژارە لە بەردەم لۆڤین هەن، یان پاشگەزبوونەوە لە بڕگەی 44ی پلانی چاکسازی یان رووبەڕووبوونەوەی دەنگدانی سەندنەوەی متمانە لە پەرلەمان.

بڕگەی 44 لە پلانی چاکسازیی حکومەتی سوێد تایبەتە بە ئەنجامدانی چاکسازی لە سیستەمی بەکرێدانی خانوو و یەکە نیشتەجێبوونەکان لە سوێد.

ستیفان لۆڤین، سەرۆکوەزیرانی سوێد دەستپێشخەریی کردووە بۆ ئەوەی چاکسازییەکە لە رێگەی کردنەوەی دەرگەی گفتوگۆ لەنێوان کۆمپانیاکانی خانووبەرەی سوێدی بکرێت و خۆیان لەسەر سیستەمێکی نوێی بەکرێدان بەگوێرەی یاسای خواست و خستنەڕوو، رێکبکەون.

دادگوستەر رایگەیاند، ئەوەی کە لۆڤین کردوویەتی هیچ نییە جگە لە شانۆگەری سیاسی، راشیگەیاند, بەگوێرەی پلانی چاکسازی دەبێت ئەو گفتوگۆیانەی تایبەت بە تاوتوێکردنی سیستەمی بەکرێدانی خانووبەرە لە سوێد بەنێوەندگیریی حکومەت بێت و رۆڵی حکومەت لە دیاریکردنی سیستەمی نوێی بەکرێدانی خانووبەرە دیار و کاریگەر بێت.

ئەگەر کۆمپانیاکانی خانووبەرە بەگوێرەی سیستەمی خواست و خستنەڕوو خانووەکانیان بەکرێ بدەن، ئەو کاتە نرخی کرێی خانووە نوێیەکان لە سوێد زۆر بەرز دەبێتەوە و ئەو بازاڕە دەکەوێتە ژێر دەستی ژمارەیەکی کەمی سەرمایەداران و چینی مامناوەند و هەژاران ناچار دەبن تەنیا لە خانووە کۆنەکاندا نیشتەجێ بن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP