دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 18/06/2021

چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هەرزەکاری لاساردا ده‌كه‌یت؟

 توندیی گەنجان یەکێکە لەو پرسە گرنگانەی کۆمەڵگا کە پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت و، توێژینەوە و شیکاری بۆ ئەنجام بدرێت، دواتر لە ڕێگەی خودی کۆمەڵگا و، قوتابخانە و، ڕێکخراوەکانەوە خولی بە ئاساییکردنەوەیان بۆ فەراهەم بکرێت.

ئێستا تویژینەوە نێودەوڵەتیەکان گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی کە توندی گەنجان دەشێت لە هەموو قوتابخانەکان و، کۆمەڵگادا هەبێت، بۆ زیانەکانی توندیش تێگەیشتنێکی سەردەمیانەیان هەیە، ئەوان پێیان وایە کەسی توشبوو جا چ گەنج بێت یاخود مێر منداڵ، دەبێت لە قۆناغی سەرەتایدا چارەسەربکرێت،

نابێت ڕێگە بدرێت ئەو گەنجە توندوتیژی لەگەڵ بەرامبەرەکەی لە پێش چاوی گەنجانی تر ئەنجامبدات، هەڵبەت ئەوە زیانی دەروونی و ترس بۆ دەروبەرەکەشی بڵاو دەکاتەوە. ماڵپەری (کۆنڤێرزەیشن) ڕاپۆرتێکی زانستی و شیکاری لەسەر سەرکێشی بوون و توندی گەنجان و مێرمنداڵان بڵاو کردۆتەوە، تیایدا هاتووە توندیی گەنجان بەرۆکی هەموو کۆمەڵگاکانی گرتووە،

لە وڵاتانی پێشکەوتوو و، تازە پێشکەوتووەکانیشدا هەیە. توێژەرەوانی دنیای پێشکەوتوو پێیان وایە توندی و سەرکێشیی گەنجان، چەند گیرگرفتێکی کەڵەکەبوو و ئاڵۆزی نێو کۆمەڵگان، چوونەتە نێو قوڵایی کۆمەڵگاکانەوە کە زوو مشووری نەخورێت وەکو بورکان دەتەقێتەوە. چۆن بتوانرێت مامەڵە لەگەڵ گەنجی لاسار و تونددا بکرێت: بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی (کۆنڤێرزەیشن) یەکەمین شت کە لایەنی پەیوەندار بیری لێ بکاتەوە هۆکارەکانی توندیی گەنجانە، ئاخۆ ئەو گەنجە لەچی دڵتەنگ بووە و، بۆچی یاخی بووە، بۆ توندوتیژی دەنوێنێت؟

دواتر ئەرکی حکومەت و، قوتابخانەکان و، دایک و باوکە کە هەموویان پێکەوە کار لەسەر پڕۆگرامێکی هاوبەشی مەعنەوی و پشتگیری بۆ گەنجە توشبوەکە بکەن. لە قوتابخانەکانی ئوسترالیا پرۆگرامی تایبەت بە توندیی گەنجانیان هەیە، بەپێی ڕیساکان و سیاسەتی ئەو پڕۆگرامە منداڵان و، مێرمنداڵان و، گەنجان ڕادەهێنن کە بەرەو توندی ملنەنێن، هەروەها یارمەتی کەسانی تووشبووش دەدەن بێننەوە باوەشی هێوربونەوە و دۆستایەتی لەگەڵ دەروبەریان قبوڵبکەن و خۆشەویستی پەیڕەو بکەن.

لە ڕاپۆرتەکەی (کۆنڤێرزەیشن) دا باسی چۆنیەتیی مامەڵەکردن و، بەسەڕاگەیشتنی توندی کردوە و نووسیویەتی، بۆ بەسەر ڕاگەیشتنی کەسانی توشبوو بە توندی زۆر گرنگەسەرەتا فاکتەرە ناوەکیەکان دەست نیشانبکرێت وەکو خودی کەسەکە و، زیرەکی، یاخود کەسایەتی کەسی لاسار شرۆڤە بکرێت، ئنجا دەست بکرێت بە وەرگرتنی زانیاری لەسەر فاکتەرە دەرەکییەکانی وەکو ئاخۆ کەسی توشبوو چ جۆرە پاڵپشتیەکی ماڵەوە و، هاوڕێ و، کۆمەڵگای بۆ دابین کراوە و، لەچ ژینگەیەکدا دەژیێت.

بە چ ڕێگایەک بەر لە توندی منداڵان و، مێرمنداڵان و، گەنجان بگیرێت: ڕاپۆرتەکەی (کۆنڤێرزەیشن) باسی کۆمەڵگای ئوسترالیای کردووە، لەوێ بە پڕۆگرامی دژەتوندی و بەرەنگاری سەرکێشی و توندی منداڵان و، مێرمنداڵان و، گەنجان بوونەتەوە، هەڵبەت ئەو پڕۆگرامە ئاسانە تەنها کەسانی شارەزا و ژینگەیەکی ئارامی پێویستە، ئەوان هانی کەسانی قوربانیبووی ئەو دۆخە دەدەن تاکو قسە بکات بۆ مامۆستاکەی یاخود بۆ هاوڕێیەکەی و دایک و باوکی و ماڵەوەی، بە گفتوگۆ لە خۆیانی نزیک دەکەنەوە و، لەو ڕێگەیەوە هۆکارەکانی دەستنیشان دەکەن، پاشان لەڕێگەی پڕۆگرامی تێکەڵبونەوەوە ئەرکی پێ دەسپێرن، هاوڕێیانی کەسەکە و دایک و باوکی بەشداری پێدەکەن لە ئامۆژگاریکردن چارەسەرکردنی.

هەڵبەت لە ئوسترالیا بۆ قوربانیانی ئەو دۆخە پرس‌و‌ڕای جیاواز بەکەسانی پسپۆڕ و، مامۆستا و، توێژەرەوان لە ناوخۆ و، هەروەها لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکەن تاوەکو بتوانن بەڕێگەیەکی زانستی چارەسەری گەنجانی لادراوی کۆمەڵگەکەیان بکەنەوە. هەروەها ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیاوە جۆرێکی تری توندیش پەیدابووە ئەویش سەرکێشی ئەلکتڕۆنیە، هەڵبەت ئەوەیان هەمیشەیی ترە بەوەی تۆڕەکانی ئینتەرنێت بەردەوام کراوەن، بۆ ئەوەشیان پەروەردە و، دایکان و باوکان دەتوانن ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا لەبەردەم گەنجەکانیان کەمبکەنەوە و ڕێسایەکیان بۆ پەیڕەوبکەن، تاکو بەگوێرەی پێویست و، بە هۆشیاریەوە سوود لە تەکنۆلۆجیا وەربگرن و، زیادەڕۆیی نەکەن.

شیاوی گوتنە ئەرکی هەمووانە خەمی توندی منداڵانو، مێرمنداڵان و، گەنجان بخۆین، ڕاپۆرتەکە قوتابخانەکان و، دایکان و، باوکانی لە هێڵی پێشەوەی بەرپرسیاریەتی داناوە بۆ بەرگرتن لە توشبونی ڕۆڵەکانیان لە توندی، پێویستە پەروەردە پڕۆگرامێکی تایبەت و، لە قوتابخانەکانیش ڕێسا و سیاسەتی دروست بۆ ئەو دۆخە پەیڕەبکەن.

کۆمەڵگا و، ڕێکخراوەکانی بواری گەنجانیش بە خولی ڕاهێنان و شتی سەرنجڕاکێش دەشێت ژینگەیەکی لەباریان بۆ فەراهەم بکەن تا لەو ڕێگەیەوە فێری نەرمونیانی و دۆستایەتییان بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP