دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 2 هەفتە

ئه‌مه‌ریكا سێ ملیۆن دۆلار پاداشتی ته‌رخانكرد بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ زانیاری له‌باره‌ی‌ هێرشه‌كانی ناو عێراقه‌وه‌ بدات

  1. هەرێم نیوز
    وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی سێ ملیۆن دۆلار وەکو خەڵات دەداتە هەرکەسێک، زانیاری لەبارەی هێرشە موشەکییەکانی ناو عێراق بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان ئاشکرا بکات.

    هێرشه‌كان كه‌ ده‌كرێنه‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، له‌لایه‌ن گروپه‌ شیعه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێن و نایشارنه‌وه‌ مه‌به‌ستیانه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق بڕواته‌ ده‌ره‌وه‌.
     
    بەشی "پاداشت لە پێناو دادپەروەری"، کە سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکایە، لە تویتێکدا دەڵێت: "خەڵکی دڵسۆزی عێراق، تیرۆرستە ترسنۆکەکان هێرشدەکەنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق و دواتر رادەکەن و خۆیان لە نێو خەڵکی سڤیلدا دەشارنەوە. ئەمه‌ریکا خەڵاتێکی سێ ملیۆن دۆلاری پێشكه‌ش دەکات لە بەرامبەر پێدانی زانیاری لەبارەی هێرشە پلان بۆ دانراوەکان یان هێرشەکانی رابوردوی دژی دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا."
     
    لەگەڵ تویتەکەدا ژمارە تەلەفۆنێکی ئەمه‌ریکا دانراوه‌ بۆ ئەوەی خەڵک لە رێگەی واتسئەپ، تەلەگرام و سیگناڵەوە زانیاری بە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بدەن.
     
    بەرژوەندییەکانی ئەمریکا لە تشرینی ساڵی 2019ـەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتونەتە بەر هێرشی موشەکی و لەمدواییانەش هێرشی درۆنەکان، واشنتنیش بەردەوام گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات،
     
    لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 42 هێرش کراونەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمه‌ریکا لە بەغدا و ئەو بنکە سەربازیانەی کە هێزە ئەمریکییەکانی تێدایە، هەندێكجاریش کاروانی ئەو هێزە عێراقیانەش بە ئامانجگیراون، کە یارمەتیی لۆجستی بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانان دەگوازنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP