دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

سەختترین رۆژانی سەرۆک

تەنیا کوردی
نێچیرڤان بارزانی بە ریشێکی سپییەوە مۆمی دوو ساڵەی سەرۆکی هەرێمی کوژاندەوە؛ ساڵی یەکەم کلیلی گفتوگۆی سیاسی خستەوە دەستی هێزە سیاسییەکانی کوردستان کە لە دوای ریفراندۆم حزبەکان ئەم کلیلەیان ون کردبوو، دەمێکیش بوو دەرگایان بەسەر یەکتر داخستبوو....

لە ساڵی دووەمدا مەترسی سڕینەوەی قەوارەی هەرێم هەبوو، بەڵام ئەزموونی نێچیرڤان بارزانی و، جوهدە دیپلۆماسییەکەی دەرگای بەسەر ئەم هەوڵە داخست و، پێگەی هەرێمی لە چوارچێوەی تێگەیشتنی کۆمەڵگەی دەولی، یوئێن و ئەورووپا فراوانتر کرد، لەگەڵ ئەوەی قوڵایی هیزی دیپلۆماسی خستە نێو گۆڕەپانی عێراق، لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراقی فیدراڵ د.بەرهەم ساڵح و سەرۆکوەزیرانی عێراق توانی بە نەخشەڕێگایەک ئاستەنگی بەردەم کورد لە عێراقدا بشکێنێت، لەگەڵ بەهیزکردنی پێوەندی هەرێمایەتی و دەولی کە تێیدا متمانەی یوئێن و وڵاتانی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەدەست هێنا.

-کۆشکی ئیلیزێ- ٣٠-٣-٢٠٢١

لە ٣٠-٣-٢٠٢١ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی کۆشکی ئیلیزێی کرد، سەرۆکی هەرێم لە باخچەی ئەم کۆشکەدا دەستکەوتی سیاسی زۆری بۆ پاڵپشتی کورد چاندوون، سەخترین گەمارۆییی سیاسی و ئابووری سەر هەرێمی لە دوای ریفراندۆم هەر لەم کۆشکە شکاند، دەرگای زەمینی و ئاسمانی بەسەر هەرێم کردەوە... ئەم جارەیش لەم کۆشکەدا  سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەرگایەکی کردەوە کە هەم هێزە کوردستانییەکان و هەمیش هێزە عێراقییەکان لە دوو دەستپێشخەری گرینگدا لە هەرێم و بەغدا بەدەوری پەیامی کۆدەنگی و لێکتێگەیشتوون و ئاشتەوایی کۆی کردنەوە و پێگەی هەرێمی کوردستانی بە بەردەم کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بەهێزتر و جێگیرتر کرد.

-رێککەوتنی هەولێر و بەغدا-٣١-٣-٢٠٢١

بەغداو هەولێر بە رێککەوتن بودجەیان لە پەرلەمان پەسەند کرد.. نێچیرڤان بارزانی لە چەندان هەوڵی دوور لەچاوی مێدیادا لەگەڵ  یوئێن و باڵیۆزی ئەمەریکا، بەریتانیا و فەرەنسا و سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ و هێزەکانی دیکەی سیاسیی لەسەر هیڵ بوو.  ئەم رێککەوتنە شەرعیەتێک دەداتە هەرێم کە بتوانێ ئازادانە نەوتی خۆی بفرۆشێ، ئەم شەرعیەتەش بۆ داهاتووی وزەی هەرێمی کوردستان گرینگە کە نێچیرڤان بارزانی نەوت و وزەی هەرێمی کوردستانی خۆمالی کرد، لەگەڵ ئەوەی کۆتایی بە هەندێ بارگرژی سیاسی دێنێ کە دەمێکە لە نێوان هەولێر و بەغدا وەک قەیرانێکی سیاسی هەن.

سەردانی پاپا بۆ هەولێر ٧-٣-٢٠٢١

سەردانی پایای فاتیکان بۆ هەولێر و ئەنجامدانی نوێژی قوداسی لە هەولێر و، لە نزیکەوە کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و، دواتریش لە گەڕانەوەیەدا نامەیەکی تایبەتی ئاراستەی سەرۆکی هەرێم کرد کە دڵخۆشی خۆی راگەیاند لە ئاشتی، تەبایی و پێکەوەژیان لە هەرێم و دووبارە دیداری لەگەڵ سەرۆکی هەرێم..ستایشکردنی پاپا بۆ سەقامگیری هەرێم لە پێکەوەژیاندا ئەنجامێکی ئەرێنی لە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی لێکەوتەوە بەتایبەت مێدیای هەموو جیهان لەمکاتدا چاویان لەسەر هەرێم بوو.

-کۆبوونەوەی حزبەکانی حوکمڕان و ئۆپۆزسیۆن، ٨-٤-٢٠٢١

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ٨-٤-٢٠٢١ کۆبوونەوەیەکی گرینگی لەگەڵ حزبە سیاسیەکانی هەرێم بە حوکمڕان و ئۆپۆزسیۆن ئەنجام دا و، لەوێدا نەخشەڕێگایەک بۆ یەکریزی و رێکخستنەوەی نیوماڵی کوردستان و تەبایی و کۆدەنگی لەسەر دەستووری هەرێم، بڕیاری لێ درا. نێچیرڤان بارزانی دووبارە کۆدەنگی سیاسی لە هەرێم کردەوە بە خاڵێکی بەهێزی یاسایی و پێکەوەبوون لە بڕیاردان لەسەر پرسە ستراتیژییەکان.

-سەردانی بەغدا- ١٠-٤-٢٠٢١

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە ١٠-٤-٢٠٢١ دوای دە رۆژ لە گەڕانەوەی لە فەرەنسا و دیداری ماکڕۆن، سەردانی بەغدای کرد. لەسەردانەکەدا سەرجەم هێزە سیاسییەکانی شیعە و سوونە و رەوتە سیاسییەکان لەدەورەی پەیامی سەرۆک نێچیرڤان کۆبوونەوە، دیمەنی کۆبوونەوەی هێزە سیاسییەکانی عێراق بەدەوری سەرکردەیەکی کورد دەمێک بوو نەبینرابوو، ئەو هات و ئەم بۆشاییەی پڕکردەوە، وێڕای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراقی فیدڕاڵ و سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بالیۆزی وڵاتانی بیانی و نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هەموویان ستایشی روئیاو پەیامی  سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد.

دژەفڕین-١٣-٤-٢٠٢١

 لە١٣-٤-٢٠٢١ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەنیستیتۆی جاکسۆن بۆ پرسە جیهانییەکانی زانکۆی بێڵ، پەیامێکی ڤیدیۆیی لەسەر ناوچەی دژە فڕینی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی بڕیاری ی٦٨٨ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەوڵەتی پێشکەش کرد.. ئەم پەیامەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان،  بەبۆنەی ٣٠ ساڵەی ساڵیادی دەرچوونی ئەم بڕیارەبوو کە بووە هۆی پارێزگاریکردن لە هەرێم و دروستکردنی نەوای ئارام، کە نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا ستاسیشی رۆڵی ئەنجوومەنی ئاسایش و وڵاتانی کرد.

-دەستووری هەرێمی کوردستان-١٩-٥-٢٠٢١

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی دەستووری هەرێم کۆبوویەوە و پێیانی راگەیاند کە پێویستە هەرێم بکەینە خاوەنی دەستووری خۆی و بۆ هەرکێشەو گرفتێک ئیدی بگەڕێینەوە بۆ دەستوور، لە ١٩-٥-٢٠٢١ لە پانێڵێکی سەرکەوتوودا لە زانکۆی کوردستان پێوەست بە دەستوور و یەکڕیزی  کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان و هاوسەرۆکی یەکێتی و سەرۆکی گۆڕان و دادگەری و یەکگرتوو و هیزەکانی دیکەی کوردستانی بەشدار بوون، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە پێویستی زانی هەموو لایەک بۆ دەستوور هەوڵی جیددی بدەن.

-سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی -٤-٥-٢٠٢١

لە ٤-٥-٢٠٢١ نێچیرڤان بارزانی وەک بەڵێنی بە هێزە سیاسییەکاندا کە خۆی لە نزیکەوە سەردانیان دەکات بە مەبەستی تەبایی و یەکڕیزیی، هەربۆیە لەم تەوقیتدا سەردانێکی گرینگ و ستراتیژی ئەنجامدا کە تێیدا ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم کۆبوونەوەی هێزە سیاسییەکان هەبوون، نەیهێشت.

نامەی سەرۆک بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و هه‌ر یه‌ک له‌ وڵاتانى ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سەرۆکى هەرێم داوای کرد نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەسەڵاتی زیاتری پێبدرێت و ڕۆڵی زیاتری هەبێت لە نێوەندگیریی نێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەتی جێبەجێکردنی ماددەی (140)ى دەستوور و کێشەی نەوت و دابەشکردنی داھات.

سەرۆک نێچیرڤان،  داوای کرد لە دەقی پرۆژەبڕیاری نوێی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا دەربارەی عێراق، پشتگیریی فەرمیی ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى هەبێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم دەربارەی بودجە و دانوستان لەسەر تەواوى پرسە ھەڵپەسێردراوەکان.

-کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ١١-٥-٢٠٢١

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ١١-٥-٢٠٢١ تایبەت بە پرسی عێراق کۆبوویەوە و نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان پلاسخارت لە کۆبوونەوەکەدا لە میانی راپۆرتێکی گرینگدا ستایشی رۆڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد لە نەهێشتنی بارگرژی سیاسی لە هەرێم و، کۆکردنەوەی هێزە سیاسییەکان بە دەورەی یەکتر دا.

-وەڵامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٧-٥-٢٠٢١

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی  بڕیاری 2576 دەرچوواند، دوو داواکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی کردە بڕیار، ئەوانیش رۆڵی زیاتر بە نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق بدرێت، بەگوێرەی ئەم بڕیارەی ئێستای ئەنجوومەنی ئاسایش 2576، دەسەڵاتی زیاتر بە نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان درا و، بۆ چەند ئەرکێکیش پێوەست بە ھەولێر و بەغدا راسپێردرا.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دوای کرد، نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش رێگاچارەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی  ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بدۆزنەوە، بەگوێرەی ئەم بڕیارە ئەنجوومەنی ئاسایش نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکانی راسپارد کە بەگوێرەی دەستوور ھانی عێراق بدات لەم ناوچانە کێشەکان یەکلابکرێنەوە و سنوور چارەسەر بکرێت. سەرۆکی ھەرێم داوای کرد یوئێن ڕۆڵی ھەبێ لە رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لەسەر یاسای بودجەو پرسەکانی تر، ئەنجوومەنی ئاسایش بەگوێرەی بڕیارەکە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکانی راسپارد کە ھانی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە بدات.

ساڵی یەکەم

نێچیرڤان بارزانی لە ١٠-٦-٢٠١٩ بوو بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی یەکەمی کارکردنی ساڵێکی سەختی کارکردنی بەڕێ کرد لەوانە: 
- کۆدەنگی سیاسی لەنێوان حزبە سیاسییەکان دروست کرد، لە کاتێکدا بەھۆی رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر لە دوای ریفراندۆم ئاستەنگی سەخت ھەبوون ھێزە سیاسییەکان بگەڕێنەوە سەرمێزی گفتوگۆ، بەڵام توانی ئەم بەربەستە سیاسییە بشکێنێ و، بە حزبەکانی حکومڕان و ئۆپۆزسیۆن و پێکھاتەکان، لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆی کردنەوە و یەکەم دیمەنی سەرجەم حزبە سیاسییەکانی ھەرێم لە دوای ریفراندۆم بەیەکەوە نیشانی وڵاتانی ناوچەکە درا.

-لە ئاستی عێراقدا، توانی کۆدەنگی و پێکەوە بڕیاردان لە نێوان ھێزە سیاسییەکان دروست بکات، بەیەکەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کورد دەنگی لە دژی وەدەرنانی ئەمەریکا لە عێراق نەدا، بەیەکەوە کاندیدی سەرۆکوەزیرانێکیان رەتکردەوە و بەیەکەوەش دەنگیان بۆ مستەفا کازمی بۆ سەرۆکوەزیران داو بەیەکەوەش لەسەر پشکی کورد بۆ پۆستە وەزارییەکان دەنگیان داو بەیەکەوەش لەسەر کارنامەی گفتوگۆی ھەولێر و بەغدا رێککەوتن.

-لە ئاستی سووریا سەخترین بەربەستی سیاسی شکاند، توانی بەرەی کورد لەگەڵ کورد لەیەکتری نزیکبکاتەوە، توانی ھەردوو ئەنجومەنی تەڤدەم و ئەنەکەسە بخاتە سەر یەک مێزی گفتوگۆ و، پرۆسەی ئاشتی لەوێ سەربخات کە خەریکە کورد لەوێ کۆدەنگی سیاسی بەدەستدێنێ، ئەمەش کارێکی سەخت بوو، بەڵام دوور لە چاوی مێدیا ئەنجامی داو، بناغەیەکی بۆ یەکریزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دانا، کە داھاتوو و چارەنووسیان بەم یەکریزەوە بەندبوو.

-لە ئاستی دەولیشدا توانی لە داڤۆس سەرنجی سەرۆکی ئەمەریکاو وڵاتانی جیھان بۆ سەر ھەرێم رابکێشێ، لەوێ دۆناڵد ترامپ بەبەرچاوی جیھان پێیگوت، جەنگاوەری مەزن لە ناوچەکەدا، کە مەبەست لێی لە ڕوویی دیپلۆماسیەتی ناوچەکەدا توانی رۆڵی سەرەکی ھەبێ لە سووریا و عێراق و ناوچەکە بەبێ ئەوەی کە لەسەر شاشەی مێدیایدا ھیچ کامێک لەم دەستکەوتانە بخاتە ڕوو، بەبێ دەنگی ھاوکێشەکانی حەسم کرد.

- نەیھێشت بارگرژی سیاسی لەسەر ھەندێ رووداوی وەک زینی وەرتێ، یانیش ھەندێ رووداوی تر ببن بە دەرگایەک بۆ گەڕانەوەی سفر ئیدارە.

بۆ ساڵی داهاتووش دەستکەوتەکانی نێچیرڤان بارزانی بەردەوامی زیاتریان دەبێت، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی نێچیرڤان بارزانی بریتییە لەوەی لە چاندنی تەبایی و ئاشتییدا هەرگیز ماندوونابێت، سەرۆکێک هەموو هیزە سیاسییەکان لەگەڵی براوەن و، ئەویش لەگەڵ هەموویان براوەیە لەچی؟

لە چاندنی پێکەوەژیان و ئاشتی و گەشەپێدانی دیموکراسیەت و پارێزگاریکردن لە قەوارەی هەرێم، هەروەها بایەخدانیش بە جیلی نوێ کاتێک لە رۆژی سویندخواردنەوە رایگەیاند به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ وڵاته‌كه‌مان ده‌ده‌ینه ده‌ست‌ نه‌وه‌كانى داهاتوو، کە مەبەستی دانانی ژێرخانی زیاتربوو بۆ نەوەیەک کە بتوانن لە حوکمڕانی ئابووری و سیاسی و دوارۆژی خۆیاندا لە داهاتوو نەترسن و وەک سەرکردەی داهاتوو خۆیان پێبگەیەنن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP