دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 پێش 3 هەفتە

"بۆچوونە هەڵەکان دەربارەی نەخۆشی دەروونی

 دانی کەریـم

کۆمەڵێ وشەی نەشیاو بەکاردەهێنرێت بەرامبەر ئەو کەسانەی کە نەخۆشی دەروونییان هەیە، جا ئەم حاڵەتە بەس لەناو کەسانی نەخوێنەوار و نەشارەزا نییە بگرە کەسانی ئاست بەرز لە خوێندن و زۆرێک لە خەڵکی، پزیشک و ئەوانەی نەخۆشی دەروونیان هەیە بە شێوەیەکی نا ئاسایی سەیردەکرێن. ڕاست کردنەوەی چەند بۆچوونێکی هەڵە:

-نەخۆشی دەروونی پەیوەندی بە لاوازی ئیمانەوە هەیە. (بۆچوونێکی بەتەواوی هەڵە و ناڕاستە و نەخۆشی دەروونی بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بە لاوازی و پتەوی ئیمانەوە نییە و لە هەردوولا باوڕدار و بێباوەر تووش دەبن).

-نەخۆشی دەروونی واتا شێتی (هەر حاڵەتێک پێی دەڵێن شێت لە زانستی دەروونیدا هەریەکەو ناوێکی خۆی هەیە و بەهیچ شێوەیەک نەخۆشی دەروونی واتای شێتی نییە ئەوەشی وادەڵێت لە نەشارەزایی خۆیەتی).

-نەخۆشی دەروونی بەهۆی جنەوەیە.. (ئەمە یەکێکە لەو بۆچوونانەی کە لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکانا هەیە و ئێمەش لێی بێبەش نین، بەهۆیەوە کەسی نەخۆشی دەروونی دەبرێتە لای بەناو شێخ و مەلاکانی بازرگانی بە دینەوە دەکەن و چارەسەرەکانیشیان بە دار لێدان و قسە پێوتن و بەستنەوە و... کە ئەمانە کەسی نەخۆشی دەروونی خراپتر بکەن باشی ناکەن).

-دەرمانەکانی نەخۆشییە دەروونییەکان دەبنە هۆی ئاڵوودە بوون. (ماوەی چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکیتر و لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکیتر دەگۆڕێت، هەیە تەنها پێویستی بە ڕێنمایی دەروونی دەکات و هەیە پێویست بە ڕێنمایی و دەرمانیش دەکات و هەیە تەنها پێویستی بە دەرمانە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کە کەمتر لە ساڵێکە و هەشیانە دەگاتە ٢ ساڵ وە هەندێ حاڵەتیش پێویستە تەزووی کارەبای بۆ بەکاربهێنرێت هاوشان لەگەڵ دەرمان یان چارەسەری دەروونی یان هەردووکیان،

سەبارەت بە دەرمانەکانی وەکو دژە سایکۆس و دژە خەمۆکییەکان و هەروەها دەرمانەکانی جێگیرکردنی میزاج.. ئەمانە بەشی هەرەزۆری دەرمانەکانی نەخۆشی دەروونین کە نابنە هۆی ئاڵوودە بوون پاش ماوەی "پێویست" لە بەکارهێنان دەتوانێت وازیان لێبێهێنێت بەبێ بوونی نیشانەکانی لێگرتنەوە و لەهەندێ حاڵەتدا نیشانەکانی لێگرتنەوە ڕوودەدات بەڵام چارەسەر دەکرێت و توند نین.

ئەو دەرمانانەی ئاڵوودە بوون درووست دەکەن زیاتر دەرمانی "دژە دڵەڕاوکێن" کە بۆ حاڵەتی دڵە ڕاوکێ یان بۆ خەواندنی نەخۆش بەکاردەهێنرێت، ئەم دەرمانە بۆ ماوەیەکی دیارکراوە کە چەند هەفتەیەک تێپەڕ ناکات بەڵام تاکەکان زیا لە پێویست و کاتی خۆی بەکاری دەهێنن کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئاڵوودە بوون.

یەکێکیتر لەو دەرمانانەی دەبنە هۆی ئاڵوودە بوون "حەبی ئارتین"ە کە بۆ چارەسەری ئەو زیانە لاوەکیانەی لە ئەنجامی بەکارهێنانی دەرمانی دژە سایکۆس دەکەونەوە وەکو ڕەقبوونی ماسولکەکان و جووڵەی نائاسیی ماسولکەکان و دەم و چەناگە، گرفتی ئەم حەبە لەوەدایە کە کەسەکە دەیخوات هەست بە خۆشی دەکات، بۆیە لەسەری بەردەوام دەبێت و زیاتر لە کاتی پێویستی خۆی بەکاریدەهێنێت ئەمەش وادەکات ئاڵوودە بێت.

بەکورتی دەتوانین بڵێین دەرمانەکانی نەخۆشی دەروونی نابنە هۆی ئاڵوودە بوون ئەگەر بەپێی ڕێنماییەکانی پزیشک بەکاربهێرێت).

-لەناو کوردا ئەم شتە زۆر هەیە بۆ نموونە کوڕ یان کچەکەیان کێشەیەکی هەیە هەر شتێ بێت ئەڵێن ژنی بۆ بێنە یان با شوو بکا چاکەبێ خۆی! یان کاتێکیش کە هاوسەرگیری بۆ ڕێکدەخەن نەخۆشییە دەروونییەکەی لە بەرامبەر دەشارنەوە. (کارێکی زۆر هەڵەیە، یەکەم ژیانی هاوسەرێتی لەسەر درۆ و فێڵ بنیادنانرێ و سەرکەوتوو نابێت دوای ئەوە بە ئەگەری زۆرەوە ناکۆکی و جیابوونەوەی تێدەکەوێت، دووەم هەموو نا بەڵام زۆرینەی ئەوانەی نەخۆشی دەروونیان هەیە تا چارەسەر نەبن پێویستە لە هاوسەرگیری دوورکەونەوە ئەمەش چەن هۆکارێکی خۆی هەیە لەلایەکەوە ژیانی هاوسەرێتی پڕ بەرپرسیارێتی و قورسە و بەهەموو کەس هەڵناسووڕێ و لە لایەکی تریشەوە ئەگەری هەیە مناڵەکانیشیان تووشی هەمان نەخۆشی بن...).

-نەخۆشی دەروونی چاک بوونەوەی نییە! (لە ڕاستیدا بۆچوونێکی باو و هەڵەیە، زۆرینەی زۆری نەخۆشییە دەروونییەکان چاک دەبنەوە).

-نەخۆشی دەروونی نەخۆشییەکی بۆماوەییە.

(ڕاستە هەندێک لە نەخۆشییە دەروونییەکان بۆماوە کاریگەری هەیە بەڵام نەک بەوشێوەیەی باسدەکرێت، نەخۆشییە دەروونییەکان بەگشتی دوو هۆکاریان هەیە بۆماوە و ژینگە، بۆ نموونە حاڵەتی دڵەڕاوکێ نزیکەی ٣٪ هاوڵاتیان تووشی دەبن بەڵام ئەگەر یەکێک ئەم حاڵەتەی هەبێت ئەوا ئەندامانی خێزانی "ئەگەری" تووشبوونیان ١٥٪یە واتا تەنها ئەگەرەکان زیا دەکات و حەتمی نییە).



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP