دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 3 هەفتە

محەمەد خۆشناو: بوونی دەستوور دەبێتە مایەی بەدیهێنانی گرنگترین بەڵگەنامە بۆ هەرێمی کوردستان

پرسی نوسینه‌وه‌ی‌ پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان ئێستا یه‌كێكه‌ له‌ پرسه‌ گه‌رمه‌كانی ناوەندە سیاسی و ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەوانییەكان و شه‌قامی سیاسی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە،به‌وپێیه‌ی‌ دەستور خۆی په‌یوه‌ندیداره‌ بە سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و ئایینده‌ی‌ نه‌وه‌كانی، راوبۆچونی جیاواز هه‌یه‌  له‌سه‌ر نوسینه‌وه‌ی‌ ماده‌كانی و رۆڵی شاره‌زایان و رۆشنبیران و نوسەران له‌م پرسەدا گرنگی تایبەتی هەیە، (هه‌رێم نیوز) له‌ ته‌وه‌رێكدا له‌باره‌ی‌هەوڵەكان بۆ نوسنەوەی پرۆژەی دەستوری هەریم و بۆچونه‌كان له‌سه‌ر ئەم پرسە ، راو بۆچونی رۆشنبیران و نوسەران وەردەگرێت.
لەیەكەم بەشی تەوەرە كەی هەرێم نیوز، "محەمەد خۆشناو" نوسەرو ڕۆشنبیری دیاری كوردستان بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.

هەرێم نیوز: پرۆژەی نوسینەوەی دەستوری ھەرێم یەکێکە لەو بابەتانەی کە چەندین ساڵە بۆتە گرکوێرەیەک لەنێون لایەنە سیاسیەکان بەبڕوای ئێوە ناکۆکی و جیاوازییەکان لە چییەوە سەرچاوەیان گرتوە..؟

محەمەد خۆشناو: خاڵی جیاواز شتێکی زۆر ئاساییە، ئێمە بەو جیاوازیانەوە جوانین، هەر جیاوازیە گۆرانکاری بەدەست دێنێت و ئامانجەکان بە دروستی دەپێکێت، هەر نەتەوە و پێکهاتە و حزب و لایەنێک دەیەوێت ، بە گوێرەی ئایدۆلۆژیا و دیدوبۆچونی خۆی شوێنێکی لەو دەستوورەدا هەبێت ، کە مافێکی سروشتی خۆیانە  چونکە ئامانجی دەستوور بریتیە لە دۆزینەوەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی ، لەو بروایەدام کە چەند مادەیەک لە دەستوردا خاڵی ناکۆکی لایەنەکان بوون ، کە پەیوەندیان بە ئاین و سیستەمی سیاسی و حوکمرانی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانەوە هەیە ، بەڵام لە دواجار ئەمەش چارەسەر دەکرێن.

هەرێم نیوز:بە ڕای شارەزایانی ناو خۆیی و بیانی دەستورێک بۆ ھەرێم دەبێتە بنەماو مەرجەعێک بۆ کۆی ھێزە سیاسیەکان و پێکھاتە ئیتنیەکانی ھەرێمی کوردستان ، بەڵام ھەرێم نزیک بە ٣٠ ساڵە بێدەستورە ! دەمەوێت بپرسم زیانەکانی نەبونی دەستوری ھەرێم چیبوون .

محەمەد خۆشناو: لەراستیدا هەرێمی کوردستان ماوەیەکی درێژە بێ دەستورە، بوونی دەستوور دەبێتە مایەی بەدیهێنانی گرنگترین بەڵگەنامە بۆ هەرێمی کوردستان هەروەها بوونی ئیستقرارێکی سیاسی دروست دەکات و ، هێوری خۆی بۆ نەهێشتنی ئەم دابەشبوونە بەدەست دێنێتەوە، هەر بۆیەش بۆشایی 
نەبوونی دەستوور وایکردووە، کە هەیبەت بۆ ئەو کیانە و دەسەڵاتەکان لەژێر سایەی پەرتەوازەییدا لاواز بکات، هەموو دەستوورێک بناغەی جۆری کیان یا دەوڵەت دیاریدەکات و سەروەریەکەی پارێزراو دەبێت.

هەرێم نیوز: بۆچونێک ھەیە لەناو ناوەندەکانی میدیاو تەنانەت شەقامی کوردستانیشدا باس لەوە دەکات بونی دەستور ھیچ لە دۆخەکان ناگۆرێت، نمونەی دەستوری عێراق دەھێننەوە و دەڵێن دەستوری عێراق تەنھا مەرەکەبی سەر کاغەزە و لایەنە باڵا دەستەکانی عێراق تەنھا ئەو بڕگانە جێبەجێ دەکەن کە لەبەرژەوەندی خۆیانە پرسیارەکەی من بەدیاری کراوی ئەوەیە چ مکانیزم و ئالیەتێک لەناو دەستوری ھەرێمی کوردستان پێویستە کە گرەنتی جێبە جێکردنی بەندەکانی دەستور بکات؟

محەمەد خۆشناو: راستە ئەگەر دەستوور جێبەجێنەکرێت، وەک مەرەکەبی سەر کاغەزی لێدێت، زۆربەی دەستوورەکانی ولاتانی خۆرهەڵاتی ناوەراست لە پرنسیبە جیهانیەکانەوە وەرگیراون ، کە کۆمەلگەی نێودەولەتی لەسەری رێککەوتوون و بەپێی رێکەوتنامەکانی نێودەولەتی ئیمزای لەسەر کراوە، کە پێویستە ناکۆک نەبیت لەگەڵ رێککەوتنامەی نەتەویەکگرتووەکان ، گەورەترین  پێشێلکاری دەستور ئەوەیە، کە زۆربەی هاوڵاتیان نازانن بایەخی دەستور چیە! تۆ دەتوانیت بچیتە بازار لە خەڵک بپرسیت: ئەو مافانە چین کە دەستور بۆ تۆی داناوە؟ چۆن بەرگری لێدەکات؟. بەرای من پێویستە هەموو ئەو زەمانەتە دەستوریانەی کە بۆ هاوڵاتیان دانراوە تەفعیل بکرێن و ، وانە و پەند لە ژمارەی مادەکان و ناوەرۆکەکە نیە، بەڵکە بۆ ئەو ئامانجەیە کە پرۆژەی دەستورەکەی پێدادەنرێت، کە یەکێک لە ئامانجە گرنگەکەش بەرەو ئەوە بێت ، کە پەرلەمانی کوردستان رۆڵی چاودێری و تەشریعی خۆی بە کەفائەت و سەربەخۆییوە پیادە بکات، کە ئەمە سنوورێک بۆ پێشێلکاریەکان دادەنێت ، هەموو ئەوەی دەمانەوێت ئەوەیە ، کە دەستورێک بیت بێ کەم و زیاد جێبەجێبکریت و بۆ ئامانجێک بێت، ئێمە ئەزموونی هەموو ولاتانمان لەبەردەمە ، 

نابێت گۆران لە پێناوی گۆراندا بکەین ، بەڵکە بۆ گەیشتن بە سیستەمێکی وا ، کە بتووانێت زۆرترین بەرژەوەندی گشتی بینێتەدی و ، پێش هەموو شتێک دەستەبەری ژیان و کەرامەت و ئازادی بۆ هاوڵاتیان بکات.

هەرێم نیوز: یەکێک لەو خاڵانەی کەزۆر بۆتە جێگای گفتوگۆ جیاوازی دروستكردووە بابەتی شەریعەتی ئیسلامی و ئازادی پێکھاتە دینی وئاینە جیاوازەكانە  بەبروای ئێوە بۆ پاراستنی مافی ھەموو پێکھاتەو ئاینە جیاوازەکان پێویستە ئەو بابەتە چۆن چارەسەر بکرێت؟

محەمەد خۆشناو: خۆت دەزانی کە هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە دەیان نەتەوە و پێکهاتە و ئاین و ئاینزای جیاواز، کوردستان بەم شەبەنگە هەمەرەنگەوە جوان و لە دەرەوە ناوبانگی دەرکردووە ، هەر ئەمەش بوو پاپای ناچار کرد سەردانی هەرێمی کوردستان بکات ، دەستور دەبیت رەنگدانەوەی ئەم شەبەنگە بێت و ، ببیتە تابلۆی ئەو فەرشە جوانە هەمەرەنگەی کوردستان و ، ببیتە مەرجەعی هەمووان و ، دەستوریکی مەدەنی تووند و تۆل کە هاوسەنگی بێنێتەدی و خەونی کوردستانیان وەدیبێنێت و ، هاوسەنگی پێویست لەنێوان دامەزراوەکان و دەسەلاتە جیاجیاکان بەدیبێنت ، ئەو پارسەنگیەی کە پارێزەری لەو داوەباریکە بکات ، کە ئیرادەی گەل و ئیرادەی هەرێمی کوردستانی بەیەکەوە بەستووە.

هەرێم نیوز: لەماوەی رابردوو دا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەشی زۆری لایەنە سیاسیەکانی کرد بۆنزیک کردنەوە بۆچونەکان و گەیشتن بە سازانێک لەسەر دەستوری ھەرێم بەبڕوای ئێوە ئەم ھەو ڵانە تاچەند نزیکامان دەکاتەوە لەگەیشتن بەرێککەو تنێک لەسەر پرۆژەی نوسینەوەی دەستوری ھەرێم؟

محەمەد خۆشناو: پێشتر پرسیارێکت کرد، کە بۆ ماوەیەکی درێژە بێ دەستورین، نکۆلی ناکرێ کە دەستور بابەتێکی نیشتیمانیە، پێویستە زۆرینەی ئەو نیشتیمانە بەشداری تێدا بکەن، لەو خەمخۆریەوە 

کاک نێچیرڤان سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی یەیەکەی حزبەکان و پێکهاتەکان کرد و «ئەو »بووە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی هەمووان ، خۆی کردە خاوەنی ئەو خەونە مەزنە،

 داوای لە نووێنەری لە هەموو لایەک کرد ، کە بەشداربن لە لیژنەی تایبەت بە رەشنووسی یەکەمی دەستور، تا بەهاوکاری و هەماهەنگی هەموو لایەک ئامادەبکریت ، هەر سەرۆکێک دەسەلات بەدەست بگرێت ، هەوڵدەدات دەستکەوتی مەزن وەدەست بێنێت ، کە دەستوریش شاکۆشکێکی مەزن و دەستکەوتێکی پیرۆزە.







Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP