دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 3 هەفتە

ئەردۆغان: 135 ملیار مەتر سێجا گازمان لە باشووری دەریای رەش دۆزیوەتەوە

کەشتی فاتح، یەکێکە لەو کەشتیانەی تورکیا کە بەدوات سەرچاوەی سروآتیدا دەگەڕێ

هەرێم نیوز
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی 135 ملیار مەتر سێجا گازی لە باشووری دەریای رەش دۆزیوەتەوە، بەو شێوەیە کۆی ئەو بڕە گازەی تورکیا لە ناوچەکەی دۆزیویەتەوە گەیشتە 540 ملیار مەتر سێجا.


ساڵی رابردوو، بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاند، لە ئەنجامی پشکنین و بەدواداگەڕانی کەشتیی فاتیح لە دەریای رەش توانرا 405 ملیار مەتر سێجا لە گازی سرووشتی لە کێڵگەی ساکاریا لە رۆژئاوای دەریای رەش بدۆزرێتەوە کە بەگوێرەی وەزارەتی وزە و سەرچاوەکانی ئاوی تورکیا ئەوە گەورەترین دۆزینەوەی گازی سرووشتی بوو لە مێژووی وڵاتەکە. 

سەرۆککۆماری تورکیا لە میانی ئیڤێنتێکدا لە پارێزگای زۆنگولداک گوتی، ئەو بڕە گازە نوێیەی دۆزیویانەتەوە دەکەوێتە کێڵگەی ئاماسرا-1،  "پێشبینیدەکرێت ناوچەکە گازی زیاتری لێبێت بۆیە گوتی دەکرێت هەواڵی خۆشی زیاترتان پێبڵێم". 

تورکیا ماوەی چەند ساڵێکە لە دەریای رەش و باکووری رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەستی بەدواداگەڕانی سەرچاوە سرووشتییەکان کردووە. چالاکییەکانی تورکیا لە دەریای ناوەڕاست وڵاتانی ئەوروپای تووڕە و نیگەران کردووە و دەڵێن ئەنقەرە پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات کە لە سنوورە ئاوییەکانی یۆنان و قوبرس بەدوای سەرچاوەی سرووشتیدا دەگەڕێت.

چەند جارێک یەکێتیی ئەوروپا هۆشداری داوەتە تورکیا کە واز لە چالاکییەکانی بەدواداگەڕانی گازی سرووشتی بێنێت هاوکات لەسەر بەردەوامیی تورکیا بە چالاکییەکانی سزای بەسەر ئەنقەرە سەپاندووە، لە بەرامبەردا تورکیا بە مافی خۆی دەزانێت لە هەر یەک لە دەریای ناوەڕاست و دەریای رەش بەدوای سەرچاوەی سرووشتیدا بگەڕێت.

تورکیا ساڵانە بە بڕی زیاتر لە 50 ملیار دۆلار گازی سرووشتی لە هەر یەک رووسیا، ئێران، ئازەربایجان، تورکمانستان و قەتەر قەتەر گازی شلکراوە هاوردەدەکات. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP