دواین هەواڵ

کلتور‌

 03/06/2021

شكستە زۆر و زەوەندەكانی ژیانم!!

 جۆرج تەرابیشی شوان ئەحمەد کردوویەتی بەکوردی

١ - یەكەم شكست لە ژیانمدا، هاتنم بوو بۆ دونیا. ئاخر من لە خێزانێكی ئاسایدا لەدایكبووم. هەر بەمنداڵی‌ و وەختێ ئاوەزم بەخۆم شكا، دەم پرسی: (بۆ كوڕی خێزانێكی خانەدان ‌و خواپێداو نەبووم؟).

دوای چەند ساڵێك ‌و پاش ئەوەی دەستم بەخوێندنەوەی (سیگمۆند فرۆید)كرد تێگەیشتم، ئەو منداڵانەی خەون بە خێزانێكی وەهمییەوە دەبینن خانەدانتر لە خێزانە واقیعییەكانی خۆیان، ئەو منداڵانەن زیاتر دەستەمۆی گرێی ئۆدیب دەبن‌ و درەنگ لەدەستی قوتاریان دەبێت.

٢ - دووەم شكست لە ژیانمدا، ناوەكەم بوو.. من لە ساڵی 1939 لەدایكبووم، لەو ساڵەشدا هۆشیاری نەتەوەیی لە سوریادا باڵایكردو یەكێك لە نیشانەكانیشی ئەوەبوو، دەبێت خێزانەكان ناوی عەرەبی لە منداڵەكانیان بنێن ‌و ئاماژەیەك نەبێت بۆ ئینتمای ئایینی ‌و مەزهەبیان. هەروەها ناونانی عەرەبی، فۆڕمێك بوو لە فۆرمەكانی بەگژاچوونەوەی كۆلۆنیالیزمی فەرەنسی. باوكم كە بەجۆرێك لەجۆرەكان پەیوەندی بەبزوتنەوەی نیشتمانییەوە هەبوو، ناوی عەرەبی لە هەموو براكانم نابوو: (سەمیر و جەلال ‌و فایز)، من نەبێت.

كە لێم پرسی حیكمەتی ئەوە لەچیدایە، وتی (تۆ كوڕی گەورەم بوویت، دەبوو بەناوی باپیرتەوە ناوت بنێم. ئەوە عادەتێكەو نابێت لێی لابدەین). من بۆخۆم تا ماوەیەكی زۆر بەدەست ناوەكەمەوە چەشتم، بەوەی ناوێكی بیانییەو ئاماژەیەكی مەزهەبیانەشی هەیە. پاشان بەرەبەرە لەگەڵیدا ئاشتبوومەوە، بەتایبەت كەزانیم سەرچاوەكەی یۆنانییەو بەیۆنانیش (جۆرج) واتە جوتیار. هەروەها كاتێك حاڵیبووم ناوەكەم ناوێكی تەواو بیانی نییەو ڕەگوڕیشەكەی سامیە (جۆرج لە - جین - ەوە هاتووە كە بەسامی واتە زەوی‌ و وشەی جوگرافیاش هەر سەرچاوەكەی ئەوە)، ئیتر بەتەواوەتی لەگەڵ ناوی خۆمدا ئاشتبوومەوە.

٣ - یەكێكی دی لە شكستەكانی ژیانم، ئەستێرە ژماردن بوو. من بەئاسانی خەوم لێنەدەكەوت. هاوینیش لە (حەلەب) لەسەربان دەخەوتین. شەوێكیان باوكم كەزانی خەو لە چاوانم تۆراوە، گرەوی ئەوەی لەگەڵكردم دەبێت ئەستێرەكانی ئاسمان بژمێرم، منیش ڕازی بووم ‌و بەكاڵفامی منداڵانەی خۆم، دەستم بەژماردنی یەك بەیەكی ئەستێرەكان کرد.

بێگومان لەوەشدا شكستم خوارد، بەڵام باش بوو توانیم بخەوم. ئەوكات نەمدەزانی ئەستێرە ژماردن یاخود وتنەوەی ژمارەكان لەدڵی خۆتدا، چاكترین شتێكە بۆ دەربازبوون لەبێخەوی.

٤ - لەخۆهەڵدانی مـەلەشدا هەرشكستم خوارد. هاوڕێكانم لەمەلەوانگەیەك بەدوای یەكدا لەبەرزاییەكەوە خۆیان هەڵدەدایە خوارێ ‌‌و منیش ویستم وەك ئەوان بكەم، بەڵام لەبری ئەوەی بەسەردا بكــەومە ناو ئاوەكەوە، سكم دای بە ئاوەكــەداو ئازارێكی زۆرم پێگەیشت. لەو رۆژە بەدواوە نەمتوانی بەسەردا خۆم فڕێدەمە ئاوەوەو تەنها بەپێ‌ نەبێت ناچمە ناو حەوزی مەلەوانگە.

٥ - نەمتوانی ببمە یاریزانی فتبۆڵ. كوڕانی گەڕەك تیپیان هەبوو، لەگەڵ تیپی گەڕەكەكانی چواردەورماندا تیپاوتیپیان ڕێكدەخست. منیش چومە تیپەوەو پەشداری چەند یاریەكم كرد، بەڵام جارێكیان سەرم شكاو ئەوەش وایلێكردم بەیەكجاری واز لەفتبۆڵ بهێنم.

٦ - یاری بۆكسێن یەكێك بوو لەحەز و ئارەزووەكانی كوڕانی گەڕەكەكەمان، بەڵام لاوازی لەشولارم لەتەمەنی منداڵیمدا، نەیهێشت ببمە (قارەمان) نە لەیاری بۆكسێن ‌و لە زۆرانبازی‌ و نە لەهیچ یاریەكدا كە پێویستی بەهێزی باسك‌ و بازو هەبێت. تۆ بڵێی ئەوە هانی دابم تا ڕوو لە هێزی فیكر بكەم؟

٧ - ئاهەنگی بۆنەو جەژن‌ و زەماوەندكردن، لە گەڕەكەكەمان زۆر زۆر بوو. گۆرانی بە كۆمەڵیش شتێكی باوبوو لەو ئاهەنگانەدا، بەڵام هەرچی جارێك خۆم بۆ گۆرانی گوتن حازردەكرد، ئامادەبووان دەست بەجێ‌ داوایان دەكرد بیبڕمەوەو كۆتایی پێ‌ بهێنم. دەنگم پێش هەراش بوون زۆر ناقۆڵابوو، هەروەها گوێی مۆسیقیشم نەبوو.

٨ - هەر بەڕاستی هیچ كاتێك گوێی مۆسیقیم نەبووە. هەرچەندە لە منداڵیمەوە دەستم بەسەر زمانی عەرەبیدا دەشكاو زانستی عەروزم بەچاكی دەزانی، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا نەمتوانی تاكە دێڕە شیعرێك بنووسم.

٩ - وەك چۆن نەمتوانی بۆیەك ڕۆژیش چیە ببمە شاعیر، هەرواش نەمتوانی ببمە ڕۆماننوس. ئای چیها لاپەڕەم ڕەشكردەوەو چەند دەسنووس ‌و پرۆژەی ڕۆمان نوسینم دڕاند، بەڵام لەبەرامبەر ئەو شكستەدا، توانیم ببمە ڕەخنەگری ڕۆمان. بەمەش ئەو قسە باوە بۆمن دەستی دەدا كەدەڵێت: (هەموو ڕەخنەگرێكی سەركەوتوو، ڕۆماننووسێكی فاشیل بووە).

١٠ - شكستێكی ڕۆشنبیریی دیكەی ژیانم، پەیوەندی بەفێربوونی زمانە بیانییەكانەوە هەیە. من هەرچەندە زمانی فەرەنسی (وەك نوسین‌ و خوێندنەوە)، بەچاكی دەزانم ‌و دەیان كتێبی فەرەنسیم بۆ سەر زمانی عەرەبی وەرگێڕاوە، بەڵام هەرگیز نەمتوانیوە بەباشی قسەی پێبكەم. ئەوەی سەیرە لەم مەسەلەیەشدا ئەوەیە، پاش مانەوەم بۆ ماوەی پانزە ساڵی ڕەبەق لە فەرەنسادا، كەچی تا ئێستاش كە بەزمانی فەرەنسی قسەدەكەم، زمانم تەتەڵە دەكات ‌و دەمم بەیەكدا دێت.

١١ - شكست هێنانم لەوەی بتوانم بەربە زەمەن بگرم. کاتێک گەنج بووم سەیرم لە (تۆفیق حەكیم) دەهات (كە لەهەموو نوسەرەكان زیاترم خۆشدەویست)، چۆن لەهەندێ‌ تێكستیدا پێداگیری لەسەر حەتمیەتی یاسای زەمەن دەكات ‌و منیش لە هەڕەتی گەنجێتیمدا پێموابوو، هەرگیزا و هەرگیز پیرنابم. بەڵام ئەوەتانێ‌ ئێستا لە دەرگای پیرێتی دەدەم ‌و بۆم دەركەوت وەك هەموو بەساڵاچووانی دیكە، ئەوەی ماوە لە تەمەنمان زۆر كەمترە لەوەی بەڕێمان كردووە.

١٢ - شكستی گەورەی ژیانم شکستی عەرەب بوو لە حوزەیرانی 1967دا، بەڵام ئەوە هەر بەتەنها شكستی من نەبوو، بەڵكو شكستی تەواوی نەوەیەك بوو. ئەوەی لەم مەسەلەیەدا ئەمتۆقێنێ‌ ئەوەیە، ئەترسم بمرم‌ و كۆتایی ئەم شكستە نەبینم. نازانم تۆبڵێی كۆتایی بۆهەبێت؟

١٣ - نەمتوانی ببمە كەسێكی دەوڵەمەند. هەرچەندە تەمەنم سەرو شەست ساڵانەو نزیكەی دووسەد كتێبم هەیە (وەك نووسین‌ و وەرگێڕان)، كەچی تائێستاش ناچارم كاربكەم ‌و ڕۆژنامەنووسی بكەم بۆئەوەی قوتی ڕۆژانەم دابین بكەم. بەڵام با بەڕاشكاوانە بڵێم، من هەرگیز حەزم بەوەنەكردووە بۆ خاتری دەوڵەمەندی خۆی دەوڵەمەندبم، بەڵكو خەونی من هەمیشە ئەوەبووه‌ دەرامەتێكی كەمی وام هەبێت (بەڵام بەشم بكات)، بۆئەوەی تەواو خۆم بۆ نوسین تەرخان بكەم.

كەچی تا ئەمڕۆ نەمتوانیوە ئەوەبكەم.

١٤ - شكستم خوارد لەوەی (خەونی خۆم نا) خەونی هاوسەرەكەم بەدی بێنم، لەوەی كوڕێكمان بێت. ئێمە خاوەنی سێ‌ كچین ‌و ڕاشكاوانەش بەخوێنەرانی دەڵێم: (من بەوە دڵخۆشم ‌و خەفەتی پێ ناخۆم). من بۆخۆم كوڕی خێزانێك بووم شەش برابووین. هەر لە منداڵیمەوە حەزمدەكردو ئاواتەخوازبووم بەو شەش برایە خوشكێكمان هەبوایە، بۆئەوەی شتێك لەگەرمو گوڕی ‌و هاودەمی ژنانەمان پێبەخشێ. ‌

لەبەرئەوە سەروەختێك كچی یەكەم‌ و پاشان دووەم ‌و دواتر سێهەممان بوو، خۆشحاڵ بووم‌ و هەرواش مامەوە. بەڵام هاوسەرەكەم لە سێهەمیاندا گریا، چونكە دەیویست ئەوەیان كوڕبێت. من تێیدەگەم ‌و لەوحەز و ئارەزووەی حاڵی دەبم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دڵخۆشم ‌و ئەگەر منداڵی چوارەمیشمان بێت، ئەوا حەزدەكەم ئەویش هەر كچ بێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP