دواین هەواڵ

وەرزش‌

 پێش 3 هەفتە

ئه‌نچیلۆتی: داوای پێشكه‌شكردنی تۆپی پێی جوان ده‌كه‌م

  1. هه‌رێم نیوز
    کارلۆ ئه‌نچیلۆتی، راهێنه‌ری‌ نوێی ریاڵ مه‌درید دەڵێت، داوای گۆڵی زۆر له‌ هێرشبه‌رانی یانه‌ی‌ ریاڵ مه‌درید ده‌كات له‌ وه‌رزی داهاتوداو به‌ڵێنیش ده‌دات "تۆپی پێی هێرشبه‌رانه‌ی‌ جوان" پێشكه‌ش بكات.

    ئه‌نچیلۆتی كه‌ له‌ ساڵه‌كانی 2013 و 2015 وه‌ك راهێنه‌ری ریاڵ كاریكردوه‌، توانی له‌وكاته‌دا ناسناوی‌ ده‌هه‌می خولی‌ پاڵه‌وانی ئه‌وروپا بۆ یانه‌كه‌ مسۆگه‌ر بكات و له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌شه‌وه‌ له‌جێگه‌ی‌ زه‌یدان بوه‌ته‌وه‌ به‌ راهێنه‌ری ریاڵ مه‌درید.

    ئه‌نچیلۆتی ته‌مه‌ن 61 ساڵ وتویه‌تی، له‌به‌رده‌میدا كاتێكی زۆر هه‌یه‌ بۆ خۆئاماده‌كردن بۆ وه‌رزی داهاتو، به‌ڵام هه‌وڵده‌دات زۆرترین سود له‌سه‌رجه‌م تواناكانی ریاڵ مه‌درید وه‌ربگرێت.

    باسی‌ له‌وه‌شكردوه‌، به‌ ئه‌په‌ڕی به‌رپرسیاریه‌تیه‌وه‌ ربه‌ڕوی ئه‌و قۆناغه‌ ده‌بێته‌وه‌و وتویه‌تی: راهێنانی ریاڵ مه‌درید به‌رپرسیارییه‌تیه‌كی جوانه‌، كاتێك كه‌ له‌ یانه‌یه‌كی به‌ناوبانگی جیهانیت، به‌رپرسیاریه‌تیت له‌ هه‌مو شوێنێكی تر گه‌وره‌تره‌، منیش ئه‌مه‌م قبوڵه‌و هه‌رچیه‌كم له‌ رابوردودا كردوه‌، ده‌یكه‌مه‌وه‌و چیم له‌ توانادا بێت ده‌یخه‌مه‌ گه‌ڕ".

    له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌نچیلۆتی رایگه‌یاندوه‌: "هه‌مان داواكارییه‌كانی پێشو له‌ یاریزانه‌كان ده‌كه‌م، ئاره‌زوی پێشكه‌شكردنی توانایه‌كی باش و یاریكردن به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو و پێشكه‌شكردنی تۆپی پێی جوان ده‌كه‌م كه‌ له‌ ئاست مێژوی ریاڵ مه‌دریدو خواستی جه‌ماوه‌ره‌كه‌یدا بێت".

    ئه‌وه‌شی وتوه‌، كه‌ هه‌مان راهێنه‌ره‌كه‌ی‌ پێشو نیه‌و گۆڕاوه‌، ئێستا شه‌ش ساڵ شاره‌زایی باش و خراپی هه‌یه‌. شاره‌زاییه‌ خراپه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌ یارمه‌تی ده‌دات له‌ پێگه‌یین و به‌ره‌و پێشچون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP