دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 3 هەفتە

کاتێک میلیشیا و مافیا وڵات بەڕێوەدەبەن

هەرێم نیوز

ئەمەی خوارەوە ڕاپۆرتێکە لە لایەن ئاژانسی ڕۆژنامەوانی فەڕەنسی (AFP) ئامادەکراوە و فرانس24  بڵاویکردۆتەوە. زانیارییەکان لە ماوەی شەش مانگ دا کۆکراونەتەوە. ڕاپۆرتەکە دەربارەی دۆخی خاڵە سنوورییەکانی بندەستی حکومەتی فیدراڵییە و باسی ئەوە دەکات کە چۆن هەندێک لە حیزب و میلیشیاکانی عێراق وەک مافیا کۆنترۆڵی ئەو خاڵانەیان کردوە و حکومەتی عێراقیش بەرمبەریان دەستەوسانە.

 

"خراپتر لە جەنگەڵ": ئەو کارتێلەی کۆنترۆڵی خاڵە سنوورییەکانی عێراق دەکەن.

لە خاڵە سنوورییەکانی عێراق کارتێلێکی گەندەڵی خۆدزینەوە لە باج ملیاردان دۆلار لە خەزێنەی حکومەتەوە دەگوێزنەوە بۆ گیرفانی گروپانی چەکدار و حیزبانی سیاسی و کاربەدەستانی گەندەڵ.

سوودەمەندی سەرەکی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێرانن کە هەڕەشە لەو کاربەدەستانەی دەوڵەت دەکەن کە جەسارەتی ئەوە دەکەن ڕێگەیان لیبگرن، هەندێکجار لە رێگەی هەڕەشەی کوشتن. ئەمە پوختەی لێکۆڵینەوەی شەش مانگی (AFP)یە.

تۆڕەکە هێندە وورد تەنراوە و باش داڕێژراوە کە داهاتەکان لە نێوان گروپە نەیارەکاندا بەبێ هیچ بەرکەوتنێک دابەشدەکرێن. ئەمەش دەسەڵاتێکی تەریبی دەسەڵاتی دەوڵەتە و وەزیری دارایی عێراق بە "تاڵانکردنی دەوڵەت" وەسفیکرد.

کارمەندێکی گومرگی عێراقی ووتی " نازانم چۆن باسیبکەم، خراپترە لە جەنگەڵ. لە جەنگەڵدا هەر هیچ نەبێت ئاژەڵەکان دەخۆن و تێردەبن، ئەمانە هەرگیز تێرناخۆن".

هاوشێوەی چەندین کاربەدەستی حکومەت، کارمەندانی خاڵە سنوورییەکان و هاوردەکاران کە بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، ئەم کارمەندەی گومرگ لە ترسی ژیانی خۆی داوایکرد ناوی بڵانەکرێتەوە.

ئەو تۆڕەی ئەوان باسیانکرد ئاکامی بیرۆکراسی ناکارا و سیاسەتی سەرکێشانە و پیشەسازی سنورداری نا-نەوتی و پەتای گەندەڵی کە بۆخۆی ئەنجامی ئاژاوەی چەندین ساڵەی دوای ساڵی ٢٠٠٣ ی داگیرکردنی ویلایەتە یەکگرتوەکانە بۆ لادانی سەدام حوسەینی دیکتاتۆر.

داهاتی گومرگ یەکێکە لە سەرچاوە کەمەکانی داهاتی دەوڵەت و بۆ ئەوەی گروپە ناکۆکەکان و هۆزەکان بێدەنگ بکرێن کە چەندین لەوانە سەر بە ئێرانن، خاڵە سنوورییەکان لە نێوانیاندا دابەشکراون و ئەرکە فێدراڵییەکان بەزۆری بە بەرتیل بەڕێوەدەچن.

"جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەک هەیە لە نێوان کاربەدەستان و حیزبانی سیاسی و جەردە و بیزنسمانانی گەندەڵدا" عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق بە (AFP)ی ووت.

"وا دیزاینکراوە تا شکشتبهێنێت"

عێراق بەشێکی زۆری کاڵاکانی هاوردە دەکات، هەر لە خۆراک و کەلوپەلی ئەلیکترۆنی تا غازی سروشتی- زۆربەی ئەم کاڵایانەش لە ئێران و تورکیای دراوسێ و چینەوە هاوردە دەکرێن.

بە شێوەیەکی فەرمی عێراق، کە دانیشتوانەکەی ٤٠ ملیۆن کەسە، ساڵی ٢٠١٩، کە دواساڵە داتا لەبەردەست بێت، بایی ٢١ ملیارد دۆلار کاڵای نا-نەوتی هاوردەکردوە.

عێراق پێنج خاڵی سنووریی فەرمی هەیە بە درێژایی ١،٦٠٠ کم (١٠٠٠ میل) سنوور لە گەڵ ئێران و یەک خاڵی سنووریشی بە درێژایی ٣٧٠ کم سنوور لەگەڵ تورکیادا هەیە، بەڵام تاکە دەروازەی سنووری چەور بریتییە لە خاڵی ئوم قەسر لە پارێزگای بەسرە لە باشووری عێراق.

ڕسومات لەسەر کاڵای هاوردەکراو لەم دەروازە سنوورییانەوە دەبێت بخرێنە سەر ئەو داهاتەی دەوڵەت کە لە سێکتەری گەورەی نەوت دەستدەکەوێت، بەڵام بەمشێوەیە نییە. سیستەمی هاوردەکردنی عێراق تا بڵێی شەکەت و دواکەتوە و ڕاپۆرتێکی ٢٠٢٠ ی بانکی نێودەوڵەتی ئاماژە بە دواکەوتنی پڕوکێنەر و کرێی زۆر و خراپ بەکارهێنانی پێگە و دەسەڵات دەکات لە خاڵە سنوورییەکاندا.

هاوردەکارێکی ناوچەکە وتی "ئەگەر بتەوێت ڕێگای دروست بگریتەبەر و بە دروستی پارە بدەیت، ئەوا دەبێت تەنیا بۆ یەک مانگ کۆگاکردن لە مینای ئوم قەسر چوار هێندە پارە بدەیت بە دۆلار".

 ئەو وتیشی، کە سیستەمەکە وا دیزاینکراوە تا شکستبهێنێت بەردەوامدەبێت.

کاربەدەستانی حکومی و کارمەندانی دەروازەکان وهاوردەکاران و شیکاران باسیدەکەن کە سیستەمێکی نافەرمی هاوتەریبی سیستەمی فەرمی دامەزراوە کە بەهۆیەوە حیزبەکان و میلیشیاکان خاڵە سنوورییەکانی وشکانی و ئاویی عێراقیان لە نێوان خۆیان دا دابەشکردوە.

گروپانی میلیشیا
بەشێکی زۆر لە دەروازەکانی هاتنەناو عێراق بە شێوەی نافەرمی لە لایەن گروپانی ناو حەشدی شەعبی کۆنترۆڵکراون، کە تۆڕێکی چەکداری بەهێزی پاڵپشتکراون لە لایەن دەوڵەت و نزیکی ئێرانن، ئەمە جگە لە تاقمی چەکداری تر، هەروەک کاربەدەستان بۆ (AFP) یان پشتڕاستکردەوە.

ئەندامانی حەشد، هاوپەیمانانیان یان خزمانیان وەک بریکاری سنوور یان پشکنەر یان پۆلیس کاردەکەن و لە لایەن هاوردەکارانەوە پارەیان دەرێتێ کە دەیانەوێت بە بێ گومرگ کاڵاکانیان بهێننە ناوەوە یان گومرگی کەمیان لێوەربگرن.

کارمەندێکی هەوڵگریی عێراق کە لێکۆڵینەوەی لەسەر خۆدزینەوە لە دانی گومرگ کردوە ووتی : "گەر ڕێگەیەکی قەدبڕت دەوێت، ئەوا ڕوودەکەیتە لای میلیشیاکان یان پارتەکان"

ئەو ووتی هاوردەکاران بە خۆیان دەڵێن "باشترە سەد هەزار دۆلارم بە بەرتیل لە کیسبچێت نەک هەموو کاڵاکانم پێکەوە"
حەشد بە ئاشکرا نکۆڵی لەمانە دەکات، بەڵام ئەو سەرچاوانەی لە گروپە توندڕەوەکانی ناو حەشدی وەک عەسایبی ئەهلی حەق و کەتائیبی حیزبوڵا نزیکن پشتڕاستیانکردەوە کە لە ڕاستیدا پۆستەکانی گومرگ بەمشێوەیەی باسدەکرێت دابەشدەکرێن.

ئەوان باسی هەندێک شوێنی تایبەتی میناکە و خاڵی سنووری و بەرهەمی هاوردەکراویانکرد کە لەگەڵ لێدوانەکانی کاربەدەستانی گورگ و کارمەندەکەی هەواڵگری بۆ ئەی ئێف پی یەکیان دەگرتەوە.

- ١٠،٠٠٠ دۆلار بەرتیل لە ڕۆژیک دا-
بۆ نموونە، کاربەدەستان و کارمەندان و چاودێرانی خاڵە سنوورییەکان پشتڕاستیانکردەوە کە خاڵی سنووریی مەندەلی لەسەر سنووری ئێران لە لایەن ڕێکخراوی بەدرەوە بەڕێوەدەچێت کە بزووتنەوەیەکی عیراقییە و لە ئێران دامەزراوە.

کاربەستێکی خاڵی مەندەلی بە شانازییەوە بە ئەی ئێف پی ووت کە بەڕێوەبەرێکی سنوور دەتوانیت ڕۆژی تا ١٠،٠٠٠ دۆلار بەرتیل وەربگرێت کە بەشی زۆری دەداتە تاقمە چەکدارەکان و ئەو کاربەدەستانەی لە کارەکەوە گلاون.

لە حاڵەتی تردا، تاقمێکی چەکدار کۆنترۆڵی جۆرێکی تایبەت لە بازرگانی دەکات.

ئەو ووتی "ئەگەر من بازرگانی جگەرە بم ئەوا دەچم بۆ ئۆفیسی کەتائیبی حیزبوڵا لە ناوچەی جادریەی بەغدا و لە دەرگا دەدەم و دەڵێم دەمەوێت هەماهەنگیتان لەگەڵدا بکەم."

یەکێک لە کەسە گرنگەکان هەمیشە "مخلص"ە کە کارمەندێکی دەوڵەتە و سەرپەرشتی بارێکی دیاریکراو دەکات کە زۆرجار دوو هێندە وەردەگرێت چونکە کار بۆ تاقمێکی جەکدار دەکات.

کارمەندەکەی هەوڵگریی ووتی" شتێک نییە بە ناوی مخلصی بێلایەن. ئەوانە هەموویان لە لایەن حیزبەکانەوە پشگێرییان دەکرێت"
کاتێک پارەکە درا-بە کاش بۆ باری بچووکتر و گواستنەوەی بانکی بۆ مامەڵەی گەورەتر- جەنابی مخلص ئەوراقەکانت بۆ ڕێکدەخات. بە کەمکردنەوەی نرخی ئەو بارەی هاتوە، پارەی گومرگەکە زۆر کەمدەکرێتەوە.

هاوردەکارێک بە ئەی ئێف پی ووت کە لە ڕێگەی کەمکردنەوەی بڕی هاوردەکراو، بازرگانێک دەتوانێت ٪٦٠ ی پارەی گومرگەکەی بۆ کەمبکرێتەوە.

-پەیوەندی دروست-

بۆ کاڵای گومرگ بەرز، فێڵی باو ئەوەیە کە بە کاڵایەکی تر تۆماربکرێت.

هاوردەکردنی جگەرە بڕی گومرگی ئاسایی دەگاتە ٪٣٠ بەهاکەی و بری ٪١٠٠ ی بەهاکەی گومرگی لێوەردەگیرێت بۆ هاندان و پشتگیری بەرهەمی نێوخۆیی.
بۆ ئەوەی ئەو پارەیەی گومرگ نەدەیت زۆرجار جگەرە بە باری کلینێکس یان کاڵای پلاستیکی تۆمار دەکرێت.

سەرپەرشتیارانی گومرگ دەسکاری بەهای باری هاتووش دەکەن کە لە سەرەتادا لەسەر مۆڵەتی هاوردەکردنی کاڵاکە دیاریکراوە بەڵام لە خاڵی هاتنە ناو عێراق سەرلەنوێ مەزەندەی بەهای باری هاتوو دەکرێت. لە یەک حاڵەت دا، کە کارمەندێکی ئوم قەسر بۆ ئەی ئێف پی باسکرد، بارێکی میتاڵ هێندە نرخەکەی هەرزان مەزەندە کرا لە لایەن کاربەدەستانی گومرگ کە هاوردەکارەکە تەنیا ٢٠٠،٠٠٠ دۆلای لێوەرگیرا کە دەبوایە یەک ملیۆن دۆلاری بدایە.

بە بوونی پەیوەندی دروست هەندێک بارە کاڵا بەبێ هیچ پشکنینێک دەرباز دەکرێت. ئەو کارمەندەی بۆ ئەی ئێف پی قسەیکرد لەسەر قسەکانی ڕۆشت و ووتی "من گەندەڵ نیم، بەڵام منیش ناچاربووم ڕێگەی دەربازبوونی هەندێک بار بدەم کە پشکنینم بۆ نەکردوە چونکە بارەکە پەیوەندی بە حیزبێکی سیاسی بەهێزەوە بوە."

هاوردەکارێک بە ئەی ئێف پی ووت کە ٣٠،٠٠٠ دۆلاری داوە بە کاربدەستێکی گومرگ لە ئوم قەسر بۆ ئەوەی ڕێگەی بدات کەلوپەلی نۆژەنکراوەی قەدەغەکراوی کارەبایی بهێنێتە ناوەوە.

ئەو ووتیشی بەردەوام بەرتیل دەداتە پۆلیسی میناکە تا لە پشکنینی ناکاو ئاگادریبکەن. بە پارەیەکی زیاتر، ئەفسەرەکە خزمەتێکی تری بۆ ئەنجامداوە – مەفرەزەی پۆلیس دەربکات تا ڕێگە بەو کاڵا هاوردەکراوانە بگرن کە مونافسی کاڵاکەی ئەو بوون.

-'مافیای ڕاسەقینە'-

لەبەرئەوەی خاڵە سوورییەکان وەک مانگای پارەدار وان، کارمەندانی کەرتی گشتی بەرتیل دەدەنە بەرپرسەکانیان تا بیانگوێزنەوە ئەو خاڵانە، بە تایبەتی ئوم قەسر. وەزیری دارایی ووتی "پۆستی فەرمانبەرێکی ئاسایی لە هەندێک لەو شوێنانەدا بە ٥٠،٠٠٠ تا ١٠٠،٠٠٠ دۆلار دەفرۆشرێت وهەندێکجاریش بڕەکە دەبێتە چەندین باری ئەو بڕانە."

ئەو بە ئەی ئێف پی ووت کە ئەو ساختەکارییەی لە سیستەمی هاوردەکردن دا هەیە "بەشێکە لە تاڵانکردنی دەوڵەت." بۆ ئەوەی لەسەر ڕوتکردنەوەی دەوڵەت بەردەوامبن، حیزبەکان و تاقمە چەکدارەکان پێگە و کاریگەریی سیاسی خۆیان و هەڕەشەی ئەنجامدانی توندوتیژی بەکاردەهێنن.

کرێکارێک لە مەندەلی بە ئەی ئێف پی ووت، ئەو جارێکیان دەربازبوونی بارێکی دواخست کە لە ئێرانەوە هاتبوو چونکە ئەوراقەکانی تەواو نەبوون، بەڵام دواتر ڕێگەیدا بە بێ دانی هیچ گومرگێک دەرباز ببێت دوای ئەوەی ئەو 'مخلص'ەی سەرپەرشتی بارەکەی دەکرد ئەوراقەکانی هاوردەکارەکەی وەک ئەندامی حەشد مۆرکرد.

ئەفسەرەکەی هەواڵگری ووتی کارمەندێکی ئەوان لە خاڵی سنووریی زەرباتییە کە لە سنووری ئێرانە و لە لایەن عەسائیبی ئەهلی حەق کۆنترۆڵکراوە، بەردەوام مۆڵەتی پێوەردەگیرا لەبەرئەوەی کۆسپی بۆ دەربازکردنی بەرهەمەکانی ئێران دروستدەکرد.

دواجار ناچاربوو واز لەو هەڵوێستەی بهێنێت و "کاتێکیش دوای ماوەیەک گەڕاینەوە بۆ بینینی، ئەو چوبوە ناو حەشد." ئەندامێکی باڵای کۆمسیۆنی سنوور بە ئەی ئێف پی ووت کە ئەو بەردەوام بە ژمارەی تایبەت تەلەفۆنی بۆ دەکرێت و بە ناوهەڕەشە لە خزمەکانی دەکرێت وەک هەوڵێک بۆ ترساندنی تا پشکنین بۆ بارەکانی نەکرێت.

کرێکارەکەی گومرگیش یەکێک بوو لەوانەی بەردەوام هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە. ئەو کرێکارە ووتی" ئێمە ناتوانین هیچ شتێک بڵێین چونکە دەمانکوژن، خەڵک دەترسن،ئەمانە مافیای ڕاستەقینەن."

-بەشکردنی تاڵانی-

"ئەم سیستەمە هاوتەریبە بۆتە خوێنی ژیانی حیزبانی سیاسی عێراق و گروپانی چەکدار، لە ناویشیاندا، تاقمەکانی ناو حەشد کە ئێران پشتگیرییان دەکات." هەروەک ڕێنان مەنسوور لە سەنتەری توێژینەوەی چەتەم هاوز ووتی. دوای ئەوەی عێراق شکستی بە دەوڵەتی ئیسلامی هێنا لە ساڵی ٢٠١٧ دا، ئەوان ئەم شێوازی خۆپارەدارکردنەیان بە پیشەییکرد.

ئەو سەرکەوتنە کۆتاییهێنا بە تەرخانکردنی ڕێکی زۆر بودجەی بەرگری بۆ شەڕی دژی داعش کە دەدرایە حەشدیش. ئەمەش وایکرد کە بیر لە سەرچاوەی داهاتی ئەڵتێرنەتیڤ بکرێتەوە.

دۆخی دارایی ئەوان خراپتر بوو کاتێک ئێران ئابڵوقەی گۆجکەری خرایە سەر لە لایەن دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتوەکان.

لە ئازاری ٢٠٢٠ دا ویلایەتە یەکگرتوەکان کۆمپانیای الخمائل بۆ خزمەتگوزاری دەریایی (AKMS) لە ئوم قەسر خستە لیستی ڕەشەوە لەبەر ئەوەی میلیشیا شیعەکانی بەکارهێنابوو تا هاوکاری سوپای پاسدارانی ئێران بکەن تا "سەرپێچیبکەن لە پرۆتۆکۆلی پشکنینی عێراقی دا." ئەمەریکا دوو عێراقی و دوو ئێرانیشی خستە لیستی ڕەشەوە کە پەیوەندییان بەو کۆمپانیایەوە هەبوو کە پارەیان بۆ کەتائب و حیزبوڵای لوبنانی ناردبوو.

بە لەبەرچاوگرتنی ناکۆکییەکانی نێوان حیزبەکان و گروپە چەکدارەکان، بەشکردنی تاڵانییەکە بێ کێشە ئەنجامدەدرێت. مەنسوور ووتی "تەنیا خاڵێکی سنووری دەتوانێت بڕی ١٢٠،٠٠٠ هەزار دۆلار لە ڕؤژێک دا پەیدا بکات، ئەمەش تەنیا ناچێتە گیرفانی گروپێکەوە، بەلکو لە لایەن چەند گروپێکەوە بەشدەکرێت کە هەندێکجار وەک دوژمنی یەکتریش وان." شەڕ لەسەر خاڵە سنوورییەکان، هەرچەندە دەگمەنە، بەلام ڕووشدەدات.

دوو سەرچاوەی ناو حەشد بە ئەی ئێف پییان ووت کە کوشتنی دوو ئەندامی عەسائبی ئەهلی حەق لە مانگی شوبات دا "هۆکاری ئابووری لە پشتەوە بوە." بەڵام بە شێوەیەکی ئاسایی کارتێلەکە بێ کێشە کارەکانیان ئەنجامدەدەن.

بریکارەکەی هەواڵگریی عێراق ووتی "کێبڕکێ لە نێوانیان دا نییە، چونکە دەزانن گەر یەکێکیان نقوم بێت هەموو ئەوانیتریش بقومدەبن."

 

کاریگەریی ئەم تاڵانییە لەسەر هاوڵاتیان

ئەم سیستەمە هاوتەریبەی دەوڵەت، دەوڵەتی بێبەشکردوە لە دەرامەتی پێویست بۆ قوتابخانە و نەخۆشخانە و خزمەتگوزاری گشتی تر لە کاتێک دا ڕێژەی هەژاری لە عێراق دا گەشتۆتە ٪٤٠. عەلاوی،

وەزیری دارایی عێراق بە ئەی ئێف پی ووت " دەبێت داهاتی ساڵانەی ئێمە لە گومرگ حەفت ملیارد دۆلار بێت، کەچی تەنیا ١٠-١٢٪ داهاتی گومرگ دەگاتە وەزارەتی دارایی." تێچووی بەرتیلدان لە ئاکامدا دەگوێزرێتەوە بۆ هاوڵاتیان، هەروەک کاربەدەستێکی عێراق ووتی "وەک بەکاربەرێک دەبێت تۆ تێچووی ئەو گەندەڵییە بدەیت." سەرۆک وەزیران لە دوای چەند حەفتەیەک لە دەستبەکاربوونی لە ئایاری ٢٠٢٠ دا چاکسازی لە خاڵە سنوورییەکان دا کردە ئەولەویەت بۆ ئەوەی داهاتی حکومەت زیادبکات کە بەهۆی نزمبوونەوەی نرخی نەوت کەمبوبۆوە.

لە دوو سەردانی بایەخپێدراویدا بۆ ئوم قەسر و مەندەلی، ئەو سووربوو لەسەر ئەوەی کە سوپای زیاتر بنێرێتە هەریەک لەو خاڵانە و زووزووش فەرمانبەرانی پلە باڵا بگۆڕێت تا بازنەی گەندەڵی بپچڕیت.

چەند سەرکەوتنێکی کەم بەدەستهاتوون.کۆمسیۆنی سنوور ڕۆژانە دەستبەسەرداگرتنی ئەو بارانە بڵاودەکاتەوە کە هاوردەکاران ویستوویانە خۆیان لە دانی باج بدزنەوە. کۆمسیۆنەکە ڕایگەیاند کە عێراق لە ساڵی ٢٠٢٠ دا توانیبوی بڕی ٨١٨ ملیۆن دۆلار ڕسومات کۆبکاتەوە، کە کەمێک زیاتر بوو لە ٧٦٨ ملیۆن دۆلاری ساڵی پێشووتر، سەرەرای ئەوەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هاوردەکردن کەمبوبۆوە.

چاکسازی پچڕپچڕ

بەڵام هاوردەکاران و (مصلح)ان و تەنانەت کاربەدەستان بە پێکەنینەوە سەیری ئەم هەنگاوانەی سەرۆک وەزیران دەکەن. ئەوان بە ئەی ئێف پییان ووت کە لە کاتێک دا هەندێک لە هاوردەکاران گومرگ دەدەن، بەڵام هێشتا دەبێت پارە بدەنە (مصلح)کان بۆ ئەوەی بە ئەنقەست ڕێگری لە هاتنەناوەوەی کاڵاکانیان نەکرێت. بیزنسمانێکی عەرەب کە ماوەی دە ساڵێکە خەریکی هاوردەکردنە بۆ عێراق ووتی "لە کۆتاییدا دەبێت هاوردەکاران دووجار پارە بدەن."
ئەوانەی پەیوەندی (واسیتە)ی باشیان هەیە گومرگ نایناگرێتەوە. هاوردەکارێکی عیراقی کە کەلوپەلی بیناسازی لە خاڵی سنووری مەندەلی هاوردەکردبوو بە بێ ئەوەی پارەی گومرگ بدات ووتی "هیچ شتێک نەگۆڕاوە."

هێزەکانی ئاسایش باسی پاشاگەردانی دەکەن

 سەربازێک کە یەکەکەی بۆ ماوەیەکی کورت گوێزرابۆوە بۆ مەندەلی بە ئەی ئێف پی ووت " پۆلیسەکان هەموویان لە بەرتیلخواردن دا بەشدارن." ووتیشی " بازرگانەکان بە لێشاو پارە دەرێژن. کەسێکمان دەسگیرکرد بەلام ڕۆژی دوایی ئازادیانکرد."
کاربەدەستێکی بالای کۆمسیۆنی سنوور پشتڕاستیکردەوە کە هەندێک لەو بەڵێنانەی دران بۆ زیادکردنی هێز لە خاڵە سنوورییەکان جێبەجێنەکران. ئەو بە ئەی ئێف پی ووت "ئەوەشی کە جێبەجێکراوە گاڵتەپێکردنی یەکەی سەربازییە چونکە تەنیا لە دوو دەرزەن کەس پێکدێت."
هاوردەکاران و کاربەدەستان کۆکن لەسەر ئەوەی کە کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە جێگۆڕکێ بە فەرمانبەران ناگاتە پێچکەی گرنگی هەڵسوڕێنەری گەندەڵییەکە.
کاربەدەستەکەی گومرگ ووتی " ڕێخۆشکەرانی سەرەکی گەندەڵی هێشتا لەوێن، سێوێکی گەنیو هەموو ئەوانیتریش خراپدەکات."

هەڕەشەی توندوتیژی
ئەفسەرێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکی بە ئەی ئێف پی ووت کە داواکرا لە عەسائیبی ئەهلی حەق، کە بەم دواییانە بەوە تۆمەتبارکرابوو ڕۆکێتی گرتۆتە باڵوێزخانەی ئەمەریکا، نووسینگەکەی لە تێرمیناڵی هاتن لە فڕۆکەخانەی بەغدا دابخات بۆ ڕێگرتن لە هێنانی کاڵای بەها بەرز.
ئەو ئەفسەرە ووتی "ئێستا نوسینگەکەیان لەدەرەوەی فڕۆکەخانەیە، بەڵام دەتوانن بە ئۆتۆمبێل بچنە بەردەم فڕۆکەکە و ئەوەی بیانەوێت ئەنجامیبدەن، گەندەڵی بەردەوامە."
لە بری ئەوەی بێباکانە تەلەفۆن بۆ یەکتر بکەن، ئێستا پەنایان بردۆتە بەر بەکارهێنانی واتسئەپ و ئەپەکانی تر کە پەیامەکان ئینکریپت دەکات. بریکارەکەی هەوڵگری ووتی " ئیشەکەی ئێمە ئێستا زەحمەتتر بوە چونکە ئەوان وریایانەتر کاردەکەن."
کارتێڵەکە وەک خۆیەتی
کاربەدەستان ووتیان کە لایان وایە کاردانەوەی بازرگانان ئەوە دەبێت کە هەوڵی بەکارنەهێنانی دەروازە فەرمییەکان بدەن و بە قاچاخ کاڵاکان بێنن یان بە شێوەی نافەرمی کاڵا لە هەرێمی کوردستانەوە دەرباز بکەن.
هەمان ئەو کاربەدستانە هۆشدارییان دا کە هەڵوەشاندنەوەی تەوای ئەو تۆڕە چەورە ڕەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی توندوتیژییەک کە کازمی خۆی بۆ ئامادەنەکردوە.
بریکارەکەی هەواڵگری بۆ ڕوونکردنەوەی کێشەکە بە کەمێک ترشوخوێوە ووتی "شوێنی ڕاگرتنی پاپۆڕێک لە ئوم قەسر هاوتای بودجەی دەوڵەتە، هەروا بە ئاسانی سازشناکان."
و: هۆشیار سیوەیلی

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP